جەمال كۆچه‌ر: هەرچی بڵێین لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە ڕەنگە ڕاست دەرنەچێت
  2023-12-09       2083       
جەمال كۆچه‌ر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرچی بوترێت لەبارەی ئەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ڕەوانە بکات، ڕەنگە ڕاست دەرنەچێت. به‌بۆچونی‌ ئه‌و، بەڵام نەدەبو ناردنی ئەو بڕەیە ئەوەندە دوابکەوێت.

ئاوێنه‌: جەمال كۆچه‌ر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە. هەرێم لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدایەو قوتابخانەکان داخراون و شەقام گەرم بووە، بۆیە نەدەبوو ناردنی ئەو بڕە پارەیە دوابخرێت."

لەمانگی 9ی ساڵی 2023، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایان کرد. پاش سەردانەکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ هەرێم، تا ئێستا دوو گوژمەی ڕەوانە کردووەو هێشتا گوژمەی سێیەمی پارەکەی ڕەوانە نەکردووە.

جەمال ئەحمەد ڕونیکردەوە، وەزیری دارایی عێراق بۆ بەشداریکردن لەکۆنفرانسێک لەئیمارات بو، ناردنی پارەکەش واژوی وەزیری دەوێت.

وتیشی، "پەرلەمان لەپشوی تەشریعیدایە، گەر لەپشودا نەبووایەین، وەزیر لەلایەن لیژنەکانەوە بانگهێشت دەکراو پرسیاری لەبارەوە لێدەکرا."

لەوەڵامی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی هەرێمی کوردستان و دابەشنەکردنی موچەی موچەخۆران، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە "دەستی دەستی پێکردن"و ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم تۆمەتبار دەکەن.

جەمال كۆچه‌ر دەڵێت، "حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و نەوت بۆ پاڵاوگەکان ڕەوانە دەکات، دەروازەکان شەوو ڕۆژ کاردەکەن، بۆچی حکومەتی هەرێم بە سێ مانگ ناتوانێت موچەی مانگێک خەرج بکات. وا داینێ عێراق پارە نادات، باشە مەعقولە حکومەتی هەرێم هەروا دەستەوەستان بێت، ئەی ئیشی حکومەت چییە؟"

ئه‌وه‌شی‌ وت، "هەرێم گەر ناتوانێت موچەی تەواو بدات با نیوەی بدات، گەر هەموو مانگێک موچە نادات، با دوو مانگ جارێک بیدات، تا خەڵک خۆی لەسەر پێی خۆی ڕابگرێت."

جەمالكۆچه‌ر پێیوایە بۆ دەربازبوون لەگرفتی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، چونکە یاساکە ڕێگرە لەبەردەم ناردنی موچەدا.

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی دەشڵێت، "خەڵک بێ موچەیەو حکومەتی هەرێمیش ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، بۆیە چارەسەر هەمواری یاسای بودجەیە. دەبێت موچەی فەرمانبەران لە خەرجی فیعلی جیا بکرێتەوەو بەمە کێشەکە چارەسەر دەبێت."

جەختیکردەوە، "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیش مایەی گرفتە لەنێوان هەولێرو بەغدا، هەندێک برادەری شیعە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمیان بە هەمان تێچووی نەوتی بەسرەو رمێلە لەقەڵەمداوە. تێچووی نەوتی بەسرە بە گشتی 8 دۆلارە، لە کاتێکدا هی هەرێم 22 دۆلارە، جیاوازییەکە زۆرە."

راشیگه‌یاند، "سەرۆک وەزیران پێشنیاریکردووە تەقدیری تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت نەنوسرێت و وەزارەتی نەوت ئەو تەقدیرە بکات، چونکە ئەمە ئیشی پەرلەمانتار نییە لە ژیانیدا دوو دێڕی لەسەر نەوت نەخوێندووەتەوە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەفدێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەمینداری حزبەکە سەردانی بەغدایکرد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و هێز و لایەنە شیعییەکاندا کۆبوویەوە.

لەبارەی ئەجێندای سەردانەکە، جەمال ئەحمەد وتی،"وەفدەکە داوای خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کرد، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنین و ویستمان هاوکار بین بۆ ڕازیکردنی شیعەکان بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران."

هەروەها وتیشی،"ویستمان لایەنە عێراقییەکان بزانن، ناردنی موچەی فەرمانبەران تەنها داواکاری حکومەت نییە بەڵکو خواستی ئۆپۆزسیۆنیشە.هەموو لایەنەکان لەگەڵ جیاکردنەوەی قوتی خەڵکدا بوون لە ململانێکان، وتیان دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی موچە بدۆزرێتەوە نەک پینەو پەڕۆکردن."
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×