“ فەزیلەت لە سیاسەتدا لە میانەڕەویدایە؛ نە پەلەکردن دەگەیەنێتە خێر، نە ھەڵچوونیش دروستی بەدەست دەھێنێت.” بە ئیلھام لە بیرۆکەی ئەرستۆ.
ھیچ ڕێگایەک بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت نییە بەبێ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ؛ چونکە مرۆڤ زۆربەی جار بەدوای باشترین ھەڵبژاردەدا ناگەڕێت، بەڵکو مەیلی زیاتر بۆ ئەو ھەڵبژاردەیە ھەیە کە لە نێوان ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان، کەمترین خراپیی تێدایە. لێرەوە حیکمەتی سیاسەت دەردەکەوێت؛ چونکە ئەزانێت ھەڵبژاردنی مرۆڤ کردارێکی تەواوی وکامڵبوونی ڕەھا نییە، بەڵکو ھاوسەنگییەکی وردە لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، و ھەوڵێکی بەردەوامە بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین، بەو ڕادەیەی واقیع ڕێگەی پێدەدات.
لەبەر ئەوە، بڕیارە چارەنووسسازەکان ئەگەر لە ساتەکانی پەلەکاری لەدایک ببن و لەژێر قورسایی ھەڵچووندا داڕێژرێن، دروستیی خۆیان لەدەست دەدەن؛ چونکە پرسە گەورەکان ئارامی و لەسەرخۆیی دەخوازن. پەلەکردن دەتوانێت ئەو بڕیارەی کە دەبێتە ڕێگای دەرچوون لە قەیران، بگۆڕێت بۆ ھۆکارێک بۆ ئاڵۆزترکردنی.
بڕیاری چارەنووسساز ھێز و ڕەوایی خۆی وەردەگرێت کاتێک لە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتییەوە دەردەچێت، لەوێدا دیدگا جیاوازەکان یەکتر تەواو دەکەن و بەرژەوەندییەکان ھاوسەنگ دەبن. حیکمەتی سیاسی بە پێگەیشتوویی ھەڵبژاردن و ھەڵسەنگاندن و تێڕامانی قووڵ دەپێورێت؛ چونکە کاریگەریی بڕیار مانای خۆی لەو ڕادەیەوە وەردەگرێت کە تا چەند لەگەڵ سروشتی ئەو کۆمەڵگایەدا دەگونجێت کە لە باوەشی خۆی دەیگرێت و لە چوارچێوەی ئەودا کار دەکات، پێش ئەوەی تەنھا لە دەسەڵات و لۆژیکی ھێزەوە مانای خۆی وەربگرێت.
زۆر جار واقیع ئەم مانایە دەخاتە تاقیکردنەوە؛ کاتێک دانیشتووانی ھەرێمێک لەسەر شێوازێکی ھاوبەش کۆدبنەوە، پاشان لە بەشێک لەو ھەرێمەدا، ھەندێک دەنگ ھەڵدەبڕن و بە ھێزی چەک وپارە بانگەشەی نیشتمانپەروەری دەکن. و لە تایبەتمەندیی یەکێک لە شارە دێرینەکانی ئەو ھەرێمەدا پاساوێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە تەنیا چارەنووسی ئەو شارە دیاری بکەن وزاڵبوونی خۆیان بەسەر سەرچاوەکانییەوە بپارێزن؛ لەبیر دەکەن کە شار، ھەرچەندە پایە و شکۆیەکی بەرزی ھەبێت، بەشێکە لە جەستەیەک؛ ئەگەر ئەندامێکی لێ ببڕیت، ھاوسەنگیی ھەموو جەستەکە تێک دەچێت. لەو بارەیەدا ، ڕەوایی تەنھا ئەوەیە کە کۆمەڵگا بە گشتی پێی ڕاز بێت ؛ چونکە کۆمەڵگا خۆی خاوەنی بریارە لە یەکگرتوویی و چارەنووسی خۆیدا.
ئەو سیستەمەی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی گەل و کولتوورەکەیدا دەگونجێت، توانای بەردەوامبوونی زیاترە و لە ویژدانی گشتیدا پەسەندترە؛ چونکە دەوڵەت لە بنەڕەتدا تەنھا ڕەنگدانەوەیەکی فراوانی سروشتی مرۆڤە. ھەروەک چۆن بوونەوەرەکان کاتێک پێوانەکانیان لەگەڵ سروشتی خۆیاندا دەگونجێت، دەگەنە تەواوی خۆیان، ھەرواش سیستەمی سیاسی کاتێک بە پێگەیشتوویی دەگات کە لەگەڵ سروشتی ئەو کۆمەڵگایەدا بگونجێت کە لەسەری دامەزراوە.
لەبەر ئەوە، حیکمەت لە سیاسەتدا بریتییە لە قووڵیی تێڕوانینێک کە پێش بڕیار دەکەوێت و دەرئەنجامەکانی ھەڵدەسەنگێنێت. دەوڵەت لە دامەزراوە و یاساکان پێک دێت کە دەربڕی سروشتی خودی مرۆڤن؛ گەل بە ڕاوێژ و ڕەزامەندیی خۆی، خاوەنی وشەی کۆتاییە لە دیاریکردنی ئەوەی لەگەڵ سروشتی دەگونجێت، ئەگەر حیکمەت زاڵ بێت ، سیستەم ڕێک دەکەوێت؛ ئەگەر پەلەکاری زاڵ بێت، سیاسەت تێک دەچێت، چونکە ئەوی لە ناخی مرۆڤدا تێک دەچێت، دەنگدانەوەی لە چارەنووسی کیانەکەدا دەبیسترێت.