ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دو واقیعی دژبەیەک و پێچەوانە پێکەوە دەبینرێن، واقیعێک، باڵەخانە بەرزەکان ، فراوانبونی کۆمەڵگە نیشتەجێبونە مۆدێرنەکان و کردنەوەی لقی براندە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها هەنگاو بەئاراستەی بە دیجیتاڵیکردنی تەواوی سیستەم و خزمەتگوزارییەکان، واقعێکی دیکەش، لەم سەرەتای زستانەدا هاوڵاتی بە دەبەیەکی بەتاڵەوە بەدوای بیست لیتر نەوتی سپیدا سەرگەردان و عەوداڵە، ئەم دیمەن و واقیعە تاڵەش جارێکی دیکە دەمانگێڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو، ئەو کاتەی کڕینی نەوت بە دەبە و دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بەشێک بون لە مەینەتی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان
ئەوانەی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردویان لە کوردستان بەسەربردوە، باش لەم موعاناتە تێدەگەن و دەزانن دەبەی نەوت لەو قۆناغەدا چی دەگەیاند، ئەوکات کوردستان لە ژێر کاریگەری جەنگ، گەمارۆی سەختی نێودەوڵەتی، نەبونی هیچ سەرچاوەیەکی ستراتیژی و بارودۆخێکی نائاسایی سیاسی، ئەمنی و ئابوریدا دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ، دوای زیاتر لە سێ دەیە لە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و زیاتر لە (٢٣) ساڵ بەسەر روخانی ڕژێمی بەعس و تێپەڕاندنی قۆناغی گەمارۆ و گۆشەگیریدا، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی تەواو جیاوازدایە، دەرگاکانی جیهانی بە رودا کراونەتەوە، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی فراوان بون، سەرچاوەکانی داهات و کەرتی وزەی گەشەیان کردوە و ساڵانە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەیان وڵاتدا هەیە.
هەر ئەوەش نا، خەریکە تەلاری هەوربڕی ڕیکۆردشکێنیش بونیاد دەنرێت، کەچی لەملاشەوە دیمەنی سەرەگرتن بە دەبەیەکی بەتاڵەوە و گەڕان بەدوای چۆڕێک نەوتدا بۆ خۆگەرمکردنەوە دەبینرێت، باشە چ مەنتیق و لۆژیکێک ئەم دو دیمەنە پێکـەوە کۆ دەکاتەوە؟ کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟ ئەگەر لە نەوەدەکاندا گەمارۆ و بارودۆخی نائاسایی هۆکاری ئەو مەینەتییە بون، ئەی ئەمڕۆ چی و ناوی ئەمە بنێین چی؟
ئەوەتە هێشتا لە وەرزی پایزداین و زستانیش نەهاتوە، کەچی نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمدا نزیکەی (٣٥٠) هەزار دینارە، ئەمە جگە لە گرانی بازاڕ، چەند هێندەبونی نرخی کارەبا و رسوماتەکانی دیکە، باشە ماڵێک ئەگەر لە دەشتایی و ناوچە گەرمەکانیش بێت، لە دو مانگی سەختی زستاندا هەر پێویستی بە دو بەرمیل نەوت دەبێت، واتە مانگانە بەرمیلێک. بەم حیسابە، کەسێک داهاتی مانگانەی لە دەوروبەری (٥٠٠) هەزار دیناریش بێت، نزیکەی (٧٠٪)ی داهاتەکەی دەدات بە بەرمیلێک نەوت و تەنیا (١٤٠ تا ١٥٠) هەزار دیناری بۆ دەمێنێتەوە، سەرسوڕمانەکە لەوەدایە بەو بڕە پارەیە چۆن خەرجی خواردن، کارەبا، دەرمان، کرێی خانو و پێداویستییەکانی دیکەی خێزانێک دابین دەکرێت؟
بەڕاستی ئەسەفێکی گەورەیە هەرێمێک خاوەنی سەرچاوەیەکی زەبەلاحی وزە و چەندین دەروازەی نێودەوڵەتی و داهاتێکی زۆری باج و ڕسومات بێت، دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە خێروبێرەکەیدا بازرگانی و سەرمایەگوزاری بکەن، لەم چەرخی دیجیتاڵی، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەردەمی ژیری دەستکردەدا، لە پەنای ئەو هەمو بینا و باڵەخانە بەرزانەدا، کەچی دۆخی خەڵکەکەی بەم شێوەیە بێت و تازە بە تازە بە دەبەیەکەوە عەوداڵ بێت بەدوای تۆزێک نەوتی سپیدا، ئاخر میللەتێک خاوەنی دەیان هەزار شەهید و ئەنفالکراو، چەندین کۆڕەو و مێژویەک لە ماندوبون و خۆڕاگری بێت شایستەی ئەم گوزەرانە کولەمەرگییەیە؟
ئەمە جگە لەوەی زیاد لە دە ساڵە قەیران لە دوای قەیران سەرهەڵدەدات و هەر جارەو بە پاساوێک، جارێک دابەزینی نرخی نەوت، جارێک کۆرۆنا و جارێکی دیکە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەیی، لێکەوتەو باری ئەو قەیرانانەش هەموی دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتی، باشە ئیتر کەی کاتی ئەوە دێت ئاوڕێکی جددی لە ژیان و گوزەرانی سەختی ئەم خەڵکە بدرێتەوە؟ هەرهیچ نەبێت لانیکەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بۆ دابین بکرێت.
لە راستیشدا پێشکەوتن و گەشەی ئابوری و بوژانەوەی گوزەرانی خەڵک بە بەرزبونەوەی تەلار و باڵەخانەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو دەبە بەتاڵە دەپێورێت، کە هاوڵاتییەک دوای سێ دەیەیە، هێشتا بەدوای چۆڕێک نەوتدا سەرگەردانە، ئەمەش گوزارشت نەبێت لە گەڕانەوەی هاوڵاتی ئەم هەرێمە بۆ چەرخی نەوت بە دەبە ئەی چیە؟