ئەریک فرۆم باس لە دۆخێکی تراژیدیی مرۆڤ دەکات کاتێک کوێرانە گوێرایەڵیی دەسەڵات و حوکمڕان ئەبێ، هەموو بیرکردنەوە و کەسایەتیی خۆی ئەسڕێتەوە و لەناو ئەلف و فەرمانڕەواکەیدا ئەتوێتەوە، هەستی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی تیایدا بە تەواوەتیی لە بار دەچێ و ناتوانێ بچوکترین بەدوادا چوون بۆ ڕاستی و مافەکانی خۆی بکات، ناتوانێ بچووکترین پەنجە لە ڕووی زوڵمدا ڕاوەشێنێ و ناتوانێ بۆ چرکەیەکیش هەست بە ئازادیی خۆی بکات، ئەبێتە برغویەکی وەهمیی لەو دەزگا زەبەلاحەی داپڵۆساندندا، لەجیاتی ئەوەی بیر لە ئازادیی و کەسایەتیی خۆی بکاتەوە، بە دوای پاساوهێنانەوە و بیانوودا ئەگەڕێ بۆ پینە و پەڕۆ کردنی دۆخە گوێڕایەڵییەکەی خۆی، تەنانەت ئایین و بیر و باوەڕە ئاسمانییەکان بە جۆرێک دادەتاشێ، لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەدا بێ کە خۆی تێدا نوقوم کردووە وەک ئەوەی گوایا خوا داوای کردبێ پشتگیریی حوکمڕانانی گەندەڵ بکرێت و بە گەورە و فریاد ڕەس دابنرێن و هەرگیز دژایەتیی نەکرێن، هەر چی بداتێ، بە دڵخۆشییەوە وەریبگرێت و هەرچیشی لێ قەدەغە بکات، بە گوێڕایەڵیی و دڵفراوانییەوە، ڕەزامەندیی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ نیشان بدات .
ئەم دۆخە خەمگین و ترسناکە لە هەمان کاتدا ، بریتییە لە سڕینەوەی مرۆڤ، لە کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوە، له هەرەسهێنانی ڕەخنە کە زانستێکە و بنەمایەکی پتەوە لە بنەماکانی کۆمەڵناسیی مۆدێرن و کۆندا، لە تۆماس مۆرەوە کاتێ ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی فلۆڕەنسا گرت ( هەرچەندە هاوڕێی گیانیی بە گیانیی بوو هنری وخانەوادەکەێ بوو ) بوو بە هۆی خۆ فیداکردن و سەرپەڕاندنی لە پێناوی هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی ئاسایی و سروشتیدا و سنووردانان بۆ سیستمی تۆتالیتاریی ناداد .
هەتا ئەگات بەو کەسە دیارانەی ئەمڕۆ لە پێگە بەرزەکانی سیاسەت و فیکردا ، دژی دەسەڵاتی ناداد ئەوەستن و پەنجەیان لە ڕوودا ڕائەوەشێنن، وەک ڕۆژانە لە پەرلەمانەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەیانبینین.
گوێڕایەڵیی کوێرانە مرۆڤێک بەرهەم دێنێت لە هەموو شتێک ئەچێت لە مرۆڤ نەبێت، کاتێ بە بڕوانامە و پێگەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییەوە پاساوی ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونیی دێنێتەوە بۆ وازهێنان له هەموو جۆرەکانی بەرگریی و بانگەشە بۆ خۆبۆ دەسەڵات شلکردن تا بە ئارەزووی خۆی تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و زوڵم و جینۆساید و برسیکردن و زیندانکردن و ترساندن و تۆقاندن ئەنجام بدات .
بۆ نمونە لە هەر کۆڕێکدا گوێی لە دەنگی ناڕەزایی بێ، یەکسەر ئەبێتە پارێزەری فەرمانڕەوا و قسەیەکی ناقۆڵا فڕێ ئەدات وەک ئەوەی ئەڵێ : لە سەردەمی پێغەمبەرانیش هەروا بووە، بەگزادەکان خواردوویانە، میللەتیش به نانەسکی و ئەشکەنجەوە بە ڕێی کردووە، نمونەی بیلالی بێ پشت و پەنا وهەژار و کۆیلە دێنێتەوە کە بەردێکی گەورە ئەخەنە سەرپشتی لە بەرامبەر موسوڵمانبوونیدا، لە هەمان کاتا باسی حەمزەی خاوەن پشت و پەنا و پێگە دەکات کە بە ئازادیی موسوڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ کەسێ نەیتوانیوە توخنی بکەوێ .
باسی ئەوە ئەکا فیرعەونەکان بە ملیۆنان مرۆڤیان ئەشکەنجە داوە و بە برسێتیی ئەهرامەکانیان پێ دروستکردوون و هەمووانیش لە گوڵ کاڵتریان بە فیرعەون نەوتووە . باسی ئەمەریکا ئەکا، قەتڵ و عامی ملیۆنەها هیندیی سووریان کردووە و ئێستایش هەر خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکە .باس لە عوسمانییەکان ئەکات، لە کەیف و سەفادا ژیاون و ئەرمەنەکانیان جینۆساید کردووە و هیچ کەسێکیش لاریی بوونی خۆی ڕانەگەیاندووە . بەڵام جەنابیان باسی چاوی دووەمی ئەم ڕاپۆرتە تاکچاوانەیان ناکەن ، لە کاتێکدا موسوڵمانە خاوەن پشت و پێگەکان بە زێڕێکی زۆر و چاندنی هەزاران دارخورما، بیلالیان لە کۆیلایەتیی و لە ژێر بەردە زەلامەکە ئازاد کرد و تا کۆتایی تەمەنی ژیا، بەڵام حەمزە لە پێناوی بیر وباوەڕەکەیدا وەک سەربازێک لە گۆڕەپانی جەنگدا شەهید بوو .باسی ئەوە ناکات کە کۆیلەکان له دەوری موسا کۆبوونەوە و شۆڕشیان کرد و فیرعەونیان نوقمی ناو دەریای سوور کرد.
باسی ئەوە ناکات، هیندییە سوورەکان بە تیر وکەوان و چەقۆ و هۆکارە سەرەتاییەکانی شەڕکردن، ڕووبەڕووی سورفلە داگیرکەرەکان بوونەوە و هەزارانیان لێکوشتن .باسی ئەوە ناکا ئەو کەیف وسەفاو زوڵمەی عوسمانییەکان لەدژی کەمینەکان ئەنجامیان ئەدا، سەری خواردن، وا بۆ سەدەیەک زیاترە خەون به خەلافەتەوە ئەبینن و گۆرانی وسروود بۆ گەڕانەوەی سوڵتانەکانیان ئەڵێن و بە خەویش نایبیننەوە، چونکە کە دیکتاتۆر ڕما، جارێکی تر هەڵناسێتەوە.
ئەم مرۆڤە داشۆراوە لە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتیی و لە هەموو بیری ئازاد و لە هەموو جوڵەیەکی سەربەخۆ، ئەوەندە خۆی بچوک کردۆتەوە، ئەتوانیت لە مێروولەیەک بچوکتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و بیدەیت بە دار و بەرددا، زیندان و داماو و بێ داهاتوو، برسی و ڕووت و ڕەجاڵی بکەیت بە جۆرێک لە گیاندارانی تر، زیاتر و زیاتر لە بواری بەرگری و مافەکانیدا پاشەکشەی کردووە، بۆ نمونە پشیلەیەک لە گۆشەیەکدا قەتیس بکەیت پەلاماری ڕوخسارت ئەدات، بەڵام ئەم مرۆڤە سەیرەی کە ئەریک فرۆم بە مرۆڤی تواوە پێناسەی کردووە، هەتا قەتیستر بکرێ، زیاتر ئەکەوێت بەسەر پێڵاوی جەلادەکەیدا، زیاتر پاساو دێنێتەوە بۆ نیعمەتی قەتیس بوون و وەک تاقیکردنەوەیەکی خوایی تەماشای دەکات، پەیکەر بۆ قەتیس بوون دادەتاشێ و پیرۆزی ئەکات، جەلادەکانی وەک فریادڕەس و فریشتەی خوایی و جێگرەوەی خوا و شمشێری خوا تەماشا دەکات، ئەڵێ ئەم جەلادە جوانکیلانە نەبوونایە ئێمە له خۆمان بایی ئەبووین و کافر ئەبووین و نوقمی بریق و باقی دنیا ئەبووین و بەلەسە ئەبووین و ئاخیرەت و بەهەشتمان لە کیس دەچوو ، دیارە خوا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکات و دەستێک دەسەڵات بیبڕێ، خوێنی لێ نایەت و دنیا بۆ بێ باوەڕانە! لەوەیش سەیرتر ئەکەوێتە قسەکردن بەدەم ئایین و پێغەمبەرانەوە و فەرموودە دادەتاشێ، جەلاد ئەکا بە شمشێر وەشێنی خودا و ئەڵێ فەرموودە وتویەتی خۆتان چۆن بن، کەسێکی وا فەرمانڕەواتان ئەکات و مەنجەڵ و سەرقاپی یەکترن ! ئەگەر لێی بپرسی ئەرێ کوا ئێوە و جەلادەکەتان لە یەکتر ئەچن ؟ئەم مەنجەڵ و سەرقاپە له چیدا لە یەکتر ئەچن ؟ ئێوە و جەلادەکانتان هەر خواتان یەکە، لەوەتەی ئێوە هەن ئەو شەقتان تێ هەڵئەدا، ئێوە هێشتا شەقوشاندنتان تاقی نەکردۆتەوە، ئەو لەوەتەی هەیە نان و ئاو و سامان و داهاتووی خۆتان و مناڵەکانتان بۆ خۆی ئەخوا، ئێوە هەموو ژیانتان برسێتیی و نەخۆشیی و نەزانیی و زیندان و بێ هیوایی بووە ، ئاخر ئەمە چۆن لە یەکچوونێکە ؟ ئەمە چۆن مەنجەڵ و سەرقاپێکە ؟
ئینجا وەک هەموو بیردۆزەکان کە کۆمەڵێک دەرئەنجام لە خۆدەگرن ، ئەم مرۆڤە گوێڕایەڵەی دەسەڵات، کۆمەڵێک دەرئەنجامی تری تیادا سەرهەڵدەدات کە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، واتا ئەبێتە گوێڕایەڵی کۆمەڵێکی زۆر لە بەرنامەی ناتەندروست کە خۆی بە داب و نەریت و کولتوور و شتی پیرۆز لێکیان ئەداتەوە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، ئیتر لە خواردندا بێ یان لە تەمەڵیی و تەوەزەلیی و زۆر خەوتندا بێ، لە پیس و پۆخڵیی و وورگ بەردانەوەدا بێ، لە شەڕی گەڕەک و حیزب و ڕێکخراوەییدا بێ،لە شەڕی عەشایەریی و براکوژیی و ئێرەیی و سیخوڕیی و دووزمانیی و فزوڵیەت و هەموو جۆرەکانی خیانەتدا بێ، لە ئازاردانی گیاندارانی بەستەزمان و دار و درەخت وخاک و ئاودا بێ، لە پیسکردنی ژینگە و نمەک به حەرامیدا بێ، بە جۆرێک وەک گیاندارێکی دەبەنگ کۆمەڵگاکەی ئەکاتە تەویلەیەکی ترسناک و نائارام و بۆگەن و پڕ لە دەرد و نەخۆشیی و تاریک .
ئەم دۆخە قێزەونە، ئەبێتە زامنی مانەوەی حوکمڕانەکان بۆ کاتێکی درێژتر، هەر بۆیە زۆر بە تام و چێژەوە تەماشای ئەو کۆمەڵگایه ئەکەن کە لەناو زۆنگاوی نەزانیی و گەمژەیی و دژایەتیی یەکتر و برسێتیی و بێ سەر و بەریەییدا ئەژین، پشتگیریی و دەستگرۆیی ئەو دۆخە ناشیرینەی کۆمەڵگا ئەکەن، شایانی باسە کاتێ لە زانکۆ بووم، لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژدا ، هاوڕێیەکی عەرەبم هەبوو، ڕۆژێکیان به ڕێکەوت دەمانچەم لەناو کەل و پەلەکەیدا بینی، ئەمزانی ئەم کوڕە سەر بە حیزبی بەعس نییە هەتا دەمانچەی پێ بێ، هەر بۆیە پرسیارم لێکرد، لە وەڵامدا ووتی : ئێمە شەڕی عەشایەریمان هەیە، دەسەڵاتی بەعسیش مافی دەمانچە هەڵگرتنی بە هەردوو لامان داوە، هەتا لە هەر شوێنێ ڕێکەوتی یەکتری بکەین، یەکتری بکوژین!