بڕیارە سبەی 26/10/2026 دادگای فیدراڵیی لەبەغدا سەبارەت بەسكاڵایەك لەسەر شەرعیەتی حكومەت و پەرلەمانی هەرێم كۆببێتەوە. یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە دانیشتنەكە دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكە. بەڵام دۆسیەكە داناخرێت، رەنگە بڕیاردانی بكەوێتە كۆتایی مانگی داهاتوو یان سەرەتای مانگی 12، بۆیە ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەماوەیەكی زۆر كورت رێكنەكەون، ئەوا دادگای فیدراڵی جگە لەوەی ماوەی دوو ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێم بەكاربەڕێكەر یەكلایی دەكاتەوە، هاوكات رەنگە نەخشەڕێیەك بۆ چارەنوسی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بەپێی خواستی بەغدا و كاریگەری وڵاتانی دەوروبەر بخاتەڕوو.
دادگای فیدراڵ هەر بڕیارێك بدات، لێكەوتەی زۆری دەبێت. بۆنمونە ئەگەر حكومەتی هەرێم لەدوای هەڵبژاردنی 2024 بەحكومەتی كاربەڕێكەر یەكلایی بكاتەوە، ئەوا هەموو ئەو بڕیارانەی حكومەتی هەرێم كە لەدوای هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2024 دەرچوون و لەدەسەڵاتی حكومەتی كاربەڕێكەردا نییە، هەڵدەوەشێنێتەوە. بۆنمونە، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان كردوونی یان ئەو پلەتایبەتیانەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دایمەزراندوون. بەپێی زانیاریی تەنها لەناو ئەنجومەنی وەزیران ئێستا نزیكەی 15 كەس بەپلەی وەزیرو ژمارەیەكی زۆر بەپلەی راوێژكارو بەڕێوبەری گشتیی هەن، بەڵام نازانین چەندیان لەدوای هەڵبژاردنەوە دامەزرێنراون.
هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، دۆسیەی بودجەی عیراق مشتومڕی لەسەرە. بەپێی ئەو رەشنوسەی ئێستا هەیە، مەرجی زۆر گران دانراوە لەبەرامبەر ناردنی موچە بۆ هەرێم. وەك رادەستكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو، رادەستكردنی لە100% گومرگ و باجی ناوخۆ، ئەمەش لەماددەی 29ی یاسای بەڕێوەبردنی داهاتی دارایی كە لە 2019 دەرچووە بەڕوونی هاتووەو ئەوكات لایەنە كوردستانیەكان دەنگیان بۆداوە، بەڵام ئێستا بۆتە گرێیەكی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا.
كۆی ئەم تەنگژەو ناخۆشیانەی ناوخۆی هەرێم و خراپی باری دارایی و سیاسی عیراق لەكاتێكدایە كە ناوچەكە روو لەگرژیەكی نوێیەو چارەنوسی ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران یەكلایی نەبۆتەوەو نازانرێت چی بەسەردێت.
حوكمڕانانی هەرێم لەماوەی دوو ساڵی رابردووی دوای هەڵبژاردن، نەحكومەتێكی نوێی سەقامگیریان دروستكرد تا بتوانێت رووبەرووی تەنگژەو فشارەكانی بەغدا ببێتەوەو هەندێك چاكسازیی لەحوكمڕانیدا بكات، بۆنمونە یەكخستنەوەی كردارەكی هێزی پێشمەرگەو باشتركردنی باری ئابوریی و دارایی، بەڵام نە حكومەتێكی نوێی سەقامگیریان دروستكرد، نەتوانیان سود لەو دۆخە نوێیەی ناوچەكە وەرگرن، بگرە بەپێچەوانەوە، حوكمڕانانی هەرێم ئێرانیان لەخۆكردو ئەمریكاش هیچی نەكردوو لەنیوەی رێگە چەك و هێزەكانی لەهەولێرو ناوچەكانی دیكە كێشایەوە! لەوە خراپتر چەندینجار دۆناڵد ترەمپ كوردی بەبردنی چەكی ئەمریكا تۆمەتباركرد! هەموو رۆژێش ئێران بەئارەزووی خۆی هەرێم بۆمباران دەكات! بۆیە بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە كە هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە كە بەرەو لاوازبوونی زیاتر هەنگاو دەنێت و بەمزوانە سەقامگیر نابێت.
بەپێی ئەو چاوپێكەوتنەی عەلی زەیدی لەچەند رۆژی رابردوو بەتایبەت كردی، لەگفت و لفتی و شێوەی قسەكردن و خستنەڕووی بارودۆخەكە دەركەوت ئەو پیاوە هیچی پێ نییە. پیاوێكی شارەزا نییە لەسیاسەت! شیعەكان لەشەقامی شیعە هێناویانەو هیچ ئەزموون و شارەزاییەكی لەململانێی سیاسی و دەوڵەتداریی نییە، تەنها تایبەتمەندییەك هەیەتی ئەوەیە لەهەموو سەرۆك وەزیرەكانی پێشووی عیراق گوێڕایەڵتری ئەمریكایە لەماوەی 22 ساڵی رابردوو. لەكۆتاییدا ئەویش وەك سەرۆك وەزیرەكانی پێشووی خۆی ملیارەها دۆلار دەبات و دەڕوات! ئەوەی گرنگە ئەمریكا سەرۆك وەزیرانێكی گوێڕایەڵی دەوێت بۆ جێیەجێكردنی ئەجێنداكانی خۆی بەتایبەت دژ بەئێران، بۆیە تا گوێڕایەڵ بێت پشتیوانیی دەكات. ئەوەی گرفتە لەونێوانەدا سەبارەت بەهەرێمی كوردستان، ئەمریكا هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیرو هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەو حكومەتێكی شەرعیی هەرێمی دەوێت كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەغدا هەبێت، تا بتوانن بەیەكەوە پابەندی سیاسەتەكانی ئەمریاكا ببن، بەڵام ئەمانە هیچیان نییە! بۆیە ئەمریكا نەك رەنگە چاوپۆشی لەفشاری بەغدا بكات لەسەر هەرێم، بەڵكو رەنگە سیاسەتێكی نوێ بگرێتەبەر دژ بەدەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەویش بەرزەفتكردن و لەقالبدان و سنودرداركردنی دەسەڵاتەكانی ئەم قەوارەیە بێت.