بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئای ئایەوە دروستکراوە و تیایدا بۆمبێکی ئەتۆمی دراوە بەسەر تەلئەبیب، هاوکات هۆشدارییەکی توند لەبارەی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە دەدات، تەنها دوو ڕۆژ پێش ئەوەی ئیسرائیلییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئاوێنە: نەتانیاهۆ لەو پۆستەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان بە بەراورد بەو هەڕەشەیەی لە تارانەوە سەرچاوەی گرتووە بێ بایەخن.
شانبەشانی وێنەکە، نەتانیاهۆ قسەکانی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلی یوڤاڵ بلومبێرگی هێناوەتەوە کە بە کتێبی "تەڵەی ئۆسلۆ" ناسراوە، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆی ساڵی ١٩٩٣ و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دەکۆڵێتەوە.
نەتانیاهۆ نووسیویەتی: دەوڵەتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی وجودی ڕاستەقینە و بەرجەستە دەبێتەوە، ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن، هیچ شتێکی دیکە گرنگ نابێت. هەموو شتێکی دیکە بەراورد بەو مەترسییە وجودییەی کە ئێران و میحوەرەکەی شیعە دروستی دەکات، بێ بایەخ دەردەکەون.
هەروەها لە پۆستەکەدا دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل تەنها دوو ساڵی ماوە، لە ژێر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی ئێران، ئەو دابەشبوونە سیاسیانەی کە زاڵن بەسەر ئیسرائیلدا وەک سەرقاڵکردن لەزەقترین تەحەدای ئەمنی وڵاتەکە دەخاتە ڕوو.
ئەو وێنەیە و پەیامی هاوپێچ لەکاتێکدا هات کە ئیسرائیل چووەتە قۆناغی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانییەوەو دەنگدەران خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆژی سێشەممە دەنگ بدەن.