ئاماژە و نەخشەکانی کەشوهەوا پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دڵخۆشکەری بارانبارین دەکەن کە بە دوو قۆناغی جیاواز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، و تا ئێستاش پێشبینییەکانی هاتنی ئەو شەپۆلە لە جێگیربووندان.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە کەشناسییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا بوونی بەرزەپەستانێک لە ناوچەکەدا ببووە ڕێگرێکی سەرەکی لەبەردەم کرانەوەی دەرگای بارانبارین، بەڵام لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە ئەو بەرزەپەستانە لاواز دەبێت و لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکەدا پلەکانی گەرماش بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکەن.
سەبارەت بە قۆناغی یەکەمی شەپۆلەکە، لە دوای ڕۆژی ٢٧ی مانگەوە دەست پێ دەکات و سەرەتا ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە. دواتر لە ڕۆژی ٢٨ی مانگەوە کاریگەرییەکانی دەگاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان؛ بە شێوەیەک سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمەوە دەست پێ دەکات و پاشان ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات و باشووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەگەر هەیە کاریگەریی ئەم قۆناغەی یەکەم لە ڕۆژانی ٢٨، ٢٩، ٣٠ و ٣١ی مانگدا بەردەوام بێت.
هاوکات، قۆناغی دووەمی شەپۆلی بارانبارینەکە لە سەرەتای مانگی یانزەوە دەست پێ دەکات و بە دیاریکراوی لە ڕۆژی ٢ی ١١ی ٢٠٢٦ بەدواوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم قۆناغەیان لە قۆناغی یەکەم بەهێزتر دەبێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەخایەنێت. شارەزایانی کەشناسیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و لە ئەگەری ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێڕەو و هێزی شەپۆلەکەدا، زانیاریی نوێ بڵاو دەکرێتەوە.