لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی خۆپێشاندانەکانی تشرین و زیادبوونی بانگەشەکان بۆ گردبوونەوەی جەماوەری، سەرجەم یەکە سەربازی و ئەمنییەکانی شاری بەغدا خرانە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە و ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لە پایتەخت گیراوەتەبەر.
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، بڕیاری خستنەحاڵەتی ئامادەباشی لە ئاستی (ئینزار ج - کە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی ئەمنییە) بۆ تەواوی دامەزراوە ئەمنییەکانی شاری بەغدا دەرچووە. ئەم هەنگاوەی حکومەت وەک ڕێکارێکی پێشوەختە دێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە گرژی و پێکدادانێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکەدا.
لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ئامادە و سەرجەم هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی. هاوکات، بە فەرمانێکی بەپەلە مۆڵەتی سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی هێزە چەکدارەکان ڕاگیراوە و پەیوەندییان بە یەکەکانیانەوە کردووەتەوە، بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان لە شوێنە ستراتیژی و هەستیارەکان، بەتایبەتی لە دەروازە و دەوروبەری ناوچەی سەوز.
ئەم جموجۆڵە ئەمنییە بەرفراوانەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە چالاکوانان و لایەنگرانی "بزووتنەوەی تشرین" لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەواز بۆ سازدانی خۆپێشاندانی ملیۆنی و بەرفراوان دەکەن، وەک زیندووکردنەوەی ساڵیادی خۆپێشاندانەکانی مانگی تشرینی ساڵی ٢٠١٩.