سەرۆک وەزیرانی عێراق نەخشەڕێگەی حکومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری لە دەرەوەی یاسا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو سەرجەم گروپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن، هاوکات پێشبینیش دەکات لە ماوەی داهاتوودا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
ئاوێنە: لە میانی لێدوانێکیدا سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و چارەنووسی گروپە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. لەو چوارچێوەیەشدا ئاشکرای کرد کە تا ئێستا دۆسیەی چەکداماڵینیان لەگەڵ سێ گروپی چەکدار بە تەواوی یەکلایی کردووەتەوە و لە ئێستاشدا لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ چوار گروپی دیکە بۆ هەمان مەبەست.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و هێزە ئەمنییە فەرمییەکاندا، بڕیارێکی کۆتاییە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە. ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی داهاتووی وەک دوا وادە دیاری کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هەبوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و لەو بارەیەوە وتی: "عێراق دەوڵەتێکە کە گروپی تێدایە، نەک گروپەکان خاوەنی دەوڵەت بن." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا عێراق لە گروپە چەکدارەکان پاک دەبێتەوە، بەوپێیەی کۆتاییهاتنی ئەرک و بوونی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا، سەرجەم ئەو پاساوانە دەبڕێت کە پێشتر بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا دەهێندرانەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا پەیوەست بە پەیوەندییەکانی دەرەوە و دۆخی دارایی، عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لە دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسیی گۆشەگیربوونێکی نێودەوڵەتی، کە تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم مابوو وڵاتەکە تێی بکەوێت. سەبارەت بە بازاڕی دراویش، دڵنیایی دا کە لە ماوەی داهاتوودا بەهای دیناری عێراقی ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات و نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ خوار ١٥٥ هەزار دینار دادەبەزێت.