بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نوێترین لێدوانیدا تیشک دەخاتە سەر پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، کە تێیدا جەخت لە بەهێزکردنی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان، کاراکردنی ڕۆڵی هێزە سەربازییەکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن کاربەدەستانەوە دەکاتەوە.
ئاوێنە: موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، داوای کرد کە لە زووترین کاتدا کۆبوونەوە بکرێت بە مەبەستی تۆکمەکردنی ڕێکخستنەکان و پەرەپێدانی میکانیزمێکی کاریگەرتر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەفتار و پێشهاتانەی دێنە پێشەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگە و هێزە چەکدارەکان، قەرەیلان ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە کۆمەڵگە لە هەموو شوێنێکدا بگۆڕدرێت بۆ هێزێکی خاوەن ئیرادە و توانای جوڵانەوە. ناوبراو ڕەخنەی ئاراستەی شێوازی کارکردنی هێزەکانی پاراستن کرد و ڕایگەیاند، هەرچەندە بوونی ئەو هێزانە و گێڕانی ڕۆڵیان ئەرکی سەرشانیانە، بەڵام نابێت هەڵوێستیان نەرێنی بێت یان خۆیان بە بێدەسەڵات نیشان بدەن، و پرسیاری ئەوەی کرد کە "ئەگەر بێدەسەڵاتن، ئەی بۆچی چەکیان هەڵگرتووە؟". هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت هاووڵاتییان خۆیان لە ڕێگەی هێزی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی ڕیزەکانیانەوە پارێزگاری لە خۆیان بکەن تاوەکو هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێکدا بێ پاراستن نەمێنێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی سووریا، ئەو بەرپرسەی پەکەکە هێمای بۆ ئەوە کرد کە لایەنگەلێک هەن بە شێوەیەکی ئاشکرا هەوڵی دانانی بەربەست لەبەردەم کورد لەو وڵاتەدا دەدەن. بە گوتەی قەرەیلان، کورد لە ڕێگەی قوربانیدان و خوێنی شەهیدانەوە پێگەیەکی بۆ خۆی لە سووریادا دروستکردووە و دەتوانێت ببێتە لایەنێکی بنەڕەتی لەو وڵاتەدا. ئاماژەی بەوەش دا کە زەمینە بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لە چوارچێوەی تێڕوانینی "نەتەوەی دیموکراتی و برایەتیی گەلان" بونیادنراوە و پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە بجوڵێنەوە کە تا ئێستا دروستکراوە.
لە کۆتایی وتەکانیدا، موراد قەرەیلان باسی لە پرسی لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی کرد و ڕوونیکردەوە، کە نابێت کارەکان تەنها لە باسکردنی دەستکەوتەکاندا کورت بکرێنەوە، بەڵکو پێویستە بەرپرسیارێتی ئەو کارانەش هەڵبگیرێت کە ئەنجامدراون و لێپرسینەوەیان لەسەر بکرێت، بەجۆرێک کە کەسانی بەرپرس وەڵامی کردەوەکانی خۆیان بدەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دا لەوەی کە ئەم پرۆسەی لێپرسینەوەیە بە مانای چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە نییە بۆ لایەنی دیکە، بەڵکو جەختی کردەوە لەسەر پڕکردنەوەی مەیدانەکە بە کۆمەڵگەی دیموکراتی و بەرەوپێشچوون لە ڕێگەی بەهێزکردنی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە.