لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵی "حوکمڕانیی ئینتەرنێت" کە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەکانەوە لە شاری بەغدا ڕێکخرابوو، مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕوونکردنەوەی نوێی لەسەر چارەنووسی ئەپڵیکەیشنی نەخشە و ڕێدۆزی (Waze) لە عێراق خستەڕوو.
ئاوێنە: ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی ئێستادا هیچ بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە لە ئارادا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەوە کردەوە کە لە هەڵوێست و تێڕوانینەکانی پێشووی سەبارەت بە بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنەکە پاشگەز نەبووەتەوە و هێشتا هەستیاری بەرامبەر بەکارهێنانی هەیە، بەڵام کار بۆ دابینکردنی جێگرەوەیەکی گونجاو دەکرێت پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەنەد ئاشکرایکرد کە وەزارەتەکەیان لەلایەن ژمارەیەک لە گەنجانی عێراقی و کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە چەندین پێشنیاز و پرۆژەی بۆ پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنی جێگرەوە پێگەیشتووە. ئامانج لەم پرۆژانە، دروستکردنی سیستەمێکی ناوخۆیی پێشکەوتووە بۆ نەخشە و چاودێریکردنی ڕەوشی هاتوچۆ لە وڵاتەکەدا.
سەبارەت بە داهاتووی ئەم هەنگاوانە، ناوبراو بڕوای خۆی نیشاندا کە بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی ئەم ئەپڵیکەیشنە ناوخۆییانە، دەبێتە هۆی لاوازکردن و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی (وەیز). وەک خۆی باسی لێوە کرد، لە داهاتوودا ئەو ئەپڵیکەیشنە تەنها ناوەکەی دەمێنێتەوە و هاووڵاتیان واز لە بەکارهێنانی دەهێنن.
جێگەی باسە، پێشتر مستەفا سەنەد داوای لە وەزارەتی پەیوەندییەکان کردبوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧ـەوە بە یەکجاری ئەپڵیکەیشنی (وەیز) لە عێراق قەدەغە بکرێت. هۆکاری ئەم داواکارییەشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە ئەپڵیکەیشنەکە بەرهەمی وڵاتی ئیسرائیلە، هەر لەو کاتەشدا جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە دابینکردنی جێگرەوەیەکی ناوخۆیی کردبووەوە.