ئەمڕۆ شەممە، دەستەی گشتیی گومرگ لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا دووپاتی کردەوە کە بڕیاری بەخشینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دووڕەگ (هایبرێد) لە ڕەسمی گومرگی، چیدی بەرکار نییە و کاری پێ ناکرێت.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو خشتە و زانیارییانەی لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستیان پێ دەکرێت سەبارەت بە لێخۆشبوونی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد لە باج و ڕەسمی گومرگی، دەگەڕێنەوە بۆ بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران کە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە ئێستادا کاری پێ ناکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لێخۆشبوون لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە، تەنیا ملکەچی یاسا، بڕیار و ڕێنماییە بەرکارەکانن. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو خشتانەی بڵاودەکرێنەوە و پشت بە بڕیارە هەڵوەشاوەکان دەبەستن، هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە بۆ پشتپێبەستنی هیچ جۆرە بەخشینێکی گومرگی.
لە کۆتاییدا، دەستەی ناوبراو داوا لە سەرجەم بازرگانان، هاوردەکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات کە لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا وردبین بن و پشت بە هیچ خشتە یان ڕێژەیەکی لێخۆشبوونی نایاسایی و نافەرمی نەبەستن، بەڵکوو بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە فەرمییەکان و بڕیارە دەرچووەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە؛ ئەمەش لەپێناو ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە لێکتێنەگەیشتنێک لای هاووڵاتییان یان دروستبوونی شڵەژان لە ڕێکارە بازرگانی و گومرگییەکاندا.