ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگهیاند، له كۆی گشتی بودجهی عێراق كه به 27 ترلیۆن دیناری خهمڵێدراوه، تهنیا 12 ترلیۆن و 800 ملیار دینار وهكو پشكی ههرێم دیاریكراوه، كه ئهوهش تهنانهت بهشی موچهی فهرمانبهرانیش ناكات.
ئاوێنه: ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی، ئهمڕۆ یهكشهممه، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کۆبونەوەکانی ئەم دوایییەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بون بە رەشنوسی یاسای بودجە و دەستەبەرکردنی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان، کە وەک لیژنەی دارایی بەوردی بەدواداچونی بۆ دەکەن.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکەمین و سەرەکیترین تێبینی و ناڕەزایەتییان لەسەر قەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان بوە لە بودجەدا و لە کۆی بودجەی گشتی کە بە 217 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا بە 12 ترلیۆن و 800 ملیار دینار دیاری کراوە، سەرەڕای ئەوەش مەرجدار کراوە بە خەرجیی فیعلی.
وتیشی، ئەم بڕە پارەیەش کە دەکاتە تەنیا 6%ـی کۆی بودجە، تەنانەت بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ناکات، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
سەبارەت بە بابهتێكی دیكهی ناکۆکییەکان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی تیشکی خستە سەر پرسی خەرجییە سیادییەکان و وتی، ئەو خەرجییانە لە رەشنوسەکەدا گەیشتونەتە 76 ترلیۆن دینار، کە ئەمەش هەڵاوسانێکی گەورە و نائاسایییە؛ بۆیە پێویستی بە چاوپێخشاندنەوەی ورد هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا داوای رونکردنەوەی فەرمی لە وەزیری دارایی عێراق دەکەن.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئیخڵاس دلێمی باسی بابهتێكی دیكه كرد كه پەیوەستە بە دۆسیەی نەوت و رایگەیاند: ئێستا شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و بریکاری وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستانن بۆ دیاریکردنی قەبارەی بەرهەمی رۆژانەی نەوت و نرخەکەی؛ لە دوایین هەمواردا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی هەرێم بە 445 هەزار بەرمیل دانراوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە دەرنەچوە، بەڵکو لەو کۆمپانیایەوە وەرگیراوە کە لە نێوان هەرێم و بەغدایە و هیچ سیفەتێکی فەرمیی نییە.
ئیخڵاس دلێمی دوپاتی کردەوە، کە لیژنەی دارایی تەنیا پشت بە داتای لایەنە فەرمییەکان دەبەستێت کە بریتین لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە ئەو بڕگەیە دواخرا تاوەکو دۆسیەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی فەرمی و دەستوری یەکلا دەکرێتەوە.