فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (سێنتكۆم) رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، به هه‌لیكۆپته‌رێك فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌ییه‌كه‌یان، گه‌روی هورمزی به‌سه‌ركردۆته‌وه. ده‌شڵێت، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له هاوینه‌وه تاوه‌كو ئێستا هاوكاربون له هه‌نارده‌كردنی 1.5 ملیار به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌ڕێگه‌ی گه‌روه‌كه‌وه.
ئاوێنه: فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (سێنتكۆم)، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌دمیراڵ براد كوپه‌ر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، سەردانی گه‌روی هورموزی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا گەیشتونەتە دەستکەوتێکی بەرچاو لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی کەنداو بۆ هەناردەکردنی زیاتر لە 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی خاو لە هاوینەوە.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ئەدمیراڵ براد کوپەر لە کاتی فڕینیدا بە هه‌لیكۆپته‌رێكی جۆری (CH-47 Chinook)ی سوپای ئەمریکا بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، چاودێری ژینگەی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئێستای کرد.
سێنتكۆم وتوشیه‌تی، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردودا زیاتر لە 3000 کەشتیی بازرگانی بە سەرکەوتویی و بە پاڵپشتی هێزەکانی سێنتکۆم به گه‌روی هورمزدا تێپه‌ڕیون.
کوپەر وتویه‌تی، "ئێمە بەردەوامین لە وەستان شانبەشانی هاوبەشەکانمان لە کەنداو و كه‌رتی پیشەسازیی ده‌ریایی. ئەم سەردانە ئاماژەیە بۆ پابەندبونی بەهێزمان بۆ بەردەوامبونی ئازادیی کەشتیوانی لە ڕێگەی گه‌روی هورموزەوە."
سێنتكۆم هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، لەم مانگانه‌ی دواییدا بەردەوامی و بەرەوپێشچون به‌دیهاتوه، به‌تایبه‌ت لەو کاتەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتویی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانییان لە گه‌روه‌كه لەو مینە دەریاییانە پاککردۆتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێنرابون.
وه‌ك سێنتكۆم وتویه‌تی، لەمیانی سەردانەکەیدا، کوپەر چاوی بەو سەربازە ئەمریکییانە کەوت کە به‌شداریان له ئەرکی پاککردنەوەی مینەکاندا کردبو. سوپاسی کردن بۆ پابەندبون و دڵسۆزییە بەردەوامەکەیان.
کوپەر وتی "ئەمڕۆ، ڕێڕەوە سەرەکییەکانی تێپه‌ڕبون لە گه‌روی هورموز، به‌هۆی هەوڵە ناوازه‌كانی هێزەکانمان، بەته‌واوی له مینی دەریایی ئێرانی پاككراونه‌ته‌وه. ئێمە زۆر سەرنجمان لەسەر هێشتنەوەی جوڵەی هاتوچۆی بازرگانییە، لە کاتێکدا کار لەگەڵ هاوکارانمان دەکەین لە ئاژانسه ئەمریکییە جیاجیاکان، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و كه‌رتی پیشەسازی کەشتیوانی."
سێنتكۆم هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، لەم مانگانه‌ی دواییدا، زیاتر لە 95%ی ئەو کەشتییانەی به گه‌روی هورمزدا رۆیشتون بە سەلامەتی تێپه‌ڕیون، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای دەستدرێژییە بێ پاساوەکانی سوپای پاسداران، ئەمەش بەڕونی دەریده‌خات کە ویلایەتە یەکگرتوەکان و هاوبەشە هەرێمییەکانی کۆنتڕۆڵی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەیان کردوە.