پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای مۆڵەتی پێنج ساڵەی فەرمانبەران دەدات؛ مەرج و وردەکارییەکان ئاشکرا کران
  2026-10-25     

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بیست و حەوتەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا دو پێشنیازەیاسای گرنگ کە پەیوەستن بە توێژەکانی فەرمانبەران و مافناسانەوە بخاتە دەنگدانەوە، کە دیارترینیان پەسەندکردنی یاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنی فەرمانبەرانە.

ئاوێنە: بەپێی خشتەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە دەنگ لەسەر پێشنیازی یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بە فەرمانبەران و پێشنیازی یاسای هەموارکردنی سێیەمی یاسای یەکێتیی مافناسان ژمارە (١٣٧)ی ساڵی ١٩٨١ بدرێت. هاوکات هەر لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنی یاسای کێبڕکێ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری دەکرێت.

​لە هەمان چوارچێوەدا، لەناو پەرلەمانەوە داواکارییەک هەیە بۆ ئەوەی پێش تێپەڕاندنی هەر یاسایەکی نوێ کە پەیوەندیی بە کەرتی وەزیفەی گشتی و فەرمانبەرێتییەوە هەبێت، سەرەتا یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ هەموار بکرێتەوە.

​سەبارەت بە دۆسیەی مافناسان، مورتەزا ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی دەوڵەت چەند تێبینییەکی یاسایی لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای یەکێتیی مافناسان پێشکەش کردوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی یاسایی پەرلەمان دیراسەی تێبینییەکانی کردوە و چارەسەری گونجاوی بۆ داناون، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن و پێش پەسەندکردن و خستنەڕوی بۆ دەنگدان، سەلامەتیی دەق و حوکمەکانی یاساکە مسۆگەر بکرێت.

​بەشێکی دیکەی سەرەکیی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەی پێشنیازی یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن کە توێژێکی بەرفراوانی کارمەندانی دەوڵەت دەگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دانیشتنەکانی پێشودا خوێندنەوەی یەکەم و دوەمی بۆ تەواو کراوە.

​گرنگترین بڕگە و مەرجەکانی یاسای مۆڵەتی درێژخایەنی فەرمانبەران بەم شێوەیەن:

​مۆڵەتی پێنج ساڵە بە موچەی بنەڕەتی: یاساکە دەسەڵات دەداتە وەزیری تایبەتمەند، سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان پارێزگار، کە لەسەر داواکاریی فەرمانبەر، یەک مۆڵەتی ئاسایی پێنج ساڵە (یان زیاتر) بداتە فەرمانبەری دامەزراو لەسەر میلاکی هەمیشەیی، بەو مەرجەی خزمەتی کرداریی لە ساڵێک کەمتر نەبێت؛ لە ماوەی ئەم مۆڵەتەشدا فەرمانبەر تەنها موچەی بنەڕەتیی خۆی پێ دەدرێت.

​مەرجی بڕین و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکە: فەرمانبەر مافی هەیە دوای تێپەڕبونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکەی، کۆتایی بە مۆڵەتەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی بێ ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی ئەو موچانەی لێ بکرێت کە لەو ماوەیەدا وەریگرتون. بەڵام ئەگەر پێش تەواوبونی نیوەی ماوەکە داوای بڕینی مۆڵەتەکەی بکات، پابەند دەکرێت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو موچانەی وەریگرتون و ئەو ماوەیەشی بە مۆڵەتی بێ موچە بۆ هەژمار دەکرێت.

​مۆڵەتی بێ موچەی شەش مانگی: لە یاساکەدا ڕێگە دراوە لەسەر داواکاریی فەرمانبەر، مۆڵەتی ئاسایی بێ موچەی بۆ ماوەی شەش مانگ یان زیاتر پێ بدرێت.

​خزمەتی خانەنشینی و بڕوانامە: ماوەی مۆڵەتە درێژخایەنەکە بۆ مەبەستی خانەنشینی بە خزمەت هەژمار دەکرێت، بە مەرجێک فەرمانبەرەکە پاشەکەوتی خانەنشینیی خۆی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر بڕوانامەیەکی خوێندن کە فەرمانبەر لە ماوەی ئەو مۆڵەتەدا بەدەستی بهێنێت، بۆ مەبەستی پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی کاری پێ ناکرێت و هەژمار ناکرێت.

​کارکردن لە کەرتی تایبەت: یاساکە ماف بە فەرمانبەری مۆڵەتدراو دەدات کە لە ماوەی مۆڵەتەکەیدا لە کەرتی تایبەتدا کار بکات، ئەوەش بەگوێرەی ڕێنماییەک دەبێت کە دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت.

​فەرمانبەرانی گرێبەست: کارمەندانی نادامەزراو لەسەر میلاکی هەمیشەیی (گرێبەستەکان)، دەتوانن سودمەند بن لە وەرگرتنی ئەم مۆڵەتە، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە وەزارەتی دارایی دەریان دەکات.

​هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشو: پەسەندکردنی ئەم پێشنیازەیاسایە، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین بڕیاری پێشوی (ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە)، لەوانە بڕیارەکانی ژمارە (٧٣٥ی ساڵی ١٩٨١)، (٣٧٣ی ساڵی ١٩٨٥)، لەگەڵ هەردو بڕیاری ژمارە (٤١٨ و ٧٧٠ی ساڵی ١٩٨٧).

پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بە فەرمانبەران لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی دەنگدان و پەسەندکردن لە ئەنجومەنی نوێنەران؛ بەپێی ناوەڕۆکەکەی فەرمانبەر دەتوانێت لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مۆڵەت وەربگرێت، هاوکات پێشنیاز کراوە دەرفەتی نوێکردنەوەی بۆ ماوەیەکی دیکەش هەبێت بەجۆرێک کۆی گشتیی مۆڵەتەکە بگاتە ١٠ ساڵ.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×