ھەر بیرۆکەو پرۆژەیەکی فکری و ئایدیۆلۆژی و پەروەردەیی و روئیایەکی ئینسانی مەبەست لێی دروست کردنی سیستەم و دونیایەکی تازەو دادپەروەرو کەم کێشە نەبێ، دەرەنجام ئامانجی خۆی ناپێکێت و گەشە ناکات و لە شوێنێکدا دووچاری چەقین و شل و خاوی و پوکانەوەی ناوەکی دەبێتەوە.
بەشێکی زۆری کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەرهاوێشتەی پەروەردەی سەقەتی خێزان و قوتابخانەکان و ئەو دیدگاو بروایانەن، تاک و خێزانی کوردی بە درێژایی مێژوو لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دابو نەریت و دیدگای بە پیرۆزکراوو نەگۆڕی کۆمەڵایەتی وشکەوە لە قالب داوە.
لەهەر کۆمەڵگایەک پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئایینی و خێزانی و چۆنیەتی رەفتارو هەڵسوکەوت کردن و مامەڵەی رۆژانە لەگەڵ خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا، بکەوێتە دۆخی پاشاگەردانیەوە، گرفتەکۆمەڵایەتیەکان لە هەڵکشان و ئەخلاق و ئادابی گشتیش رووەو داکشان هەنگاو دەنێن و پاشاگەردانی و ئاڵۆزی ناکۆتا روو لەم جۆرە کۆمەڵگایە دەکات.
لەمجۆرە جڤاکانەدا گەر دامەزراوە روناکبیری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەییەکان بە ئەرکی هەستیاری خۆیانەوە هەڵنەستن و هیچ جۆرە هەماهەنگیێکیان لەگەڵ پسپۆڕانی پەروەردەیی دەوڵەتەوە نەبێ، وێناکردنی کۆمەڵگا بە کۆمەڵگایەکی گەشەسەندوو یا پێشکەوتوو، بە لارێدابردنی کرۆکی حەقیقەتی کێشەو گرفتە مەلموس و دیارەکانی ئەو جڤاکەیە. لەم کۆمەڵگایانەدا رۆژانە تاک و کۆمەڵ و خێزان و دامەزراوەکان لە کارلێکی بەردەوام و مامەڵە کردنی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتریدا. ئەم تەوژمە دەرەکی و ناوەکیە بەهێزە دوای ماوەیەکی زەمەنی، جەمسەرەکانی ململانێ و پێکدادانە کۆمەڵایەتی و فکری و عەقڵانی و ناعەقڵانیەکان تۆختر دەکاتەوەو فەزای گشتی و کەشی گفتوگۆو چارەسەریەکان لە قالب دەدات و پرۆسەی گەشەو عەقڵانیەت بە ئاڕاستەیەکی چەوتدا دەبات.
ئەگەر سیاسیەت و کایەی سیاسی بە گشت لق و دیوە جوان و ناشرینەکانیەوە هونەری ئیدارەدان و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و وڵات بێت، جڤاکی ئاڵۆزو پڕ لە گرژی و پێکدادان و ناسەقامگیرو دابەشکاری و رووبەرووبوونەوەکان دیوە خراپ و ناشرینەکەی دەوڵەت و دواجار نیشتیمانیشە.
وێناکردنی هەر رووداوو دیاردەو پێکهاتەو ستراکتۆرێکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی بە ناشرین یا جوان، دەرهاوێشتەی بنەمای ئەو دیدگاو دونیابینیەیە عەقڵانیەیە، تاکەکان لە سەر ئەزمون و زانست و کۆی زانیاریە بەدەست هاتووەکانەوە بە درێژایی پرۆسەی خوێندن و خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنەوە لە خەیاڵدانی خۆیان گەڵاڵەیان کردووەو لە چەشنی حەقیقەتێکی رەها هێمای بۆ دەکەن.
بەلەبەرچاو گرتنی شەپۆلی وێرانکەری رووداوە دڵتەزێنەکانی کوشتن و بڕینی رۆژانە لە کۆمەڵگای کوردیدا، گەرەکە پسپۆرە پەروەردەییەکان، وەزارەتی پەروەردەو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەم بوارە مشورێکی جدی لەم دۆخە بخۆن لە ئاست ئەم پاشاگەدانیەدا بێ هەڵوێست نەبن.
دامودەزگاپەیوەندیدارەکان دەتوانن لانی کەم بە دانانی پرۆگرام و سمینارو ورک شۆپ و بەرنامەگەلی پەروەردەیی تاک و خێزان لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە جۆرێک لە هۆشیاری پەروەردەیی و خێزانی بەرهەڤ بکەن و بەربەستێک بخەنە بەردەم تەشەنەسەندنی رووداوەکانی کوشتن و تەقینەوەی ئەو ناکۆکیە کۆمەڵایەتیانەی خەریکە جڤاکی کوردی لە هەموو بەهاو جوانیەکان دەخات و دەیکات بە خۆڵەمێشی ئاگری پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی و ناکۆکیە هەمیشەییەکانەوە.
زیاد لەمەش ئەو دابەشکاریە فکری و کولتوری و ناوچەیی و شارچێتی و کۆمەڵایەتیە ناشرینەی لەم سەردەمەدا بەرۆکی کۆمەڵگای کوردی گرتووەو خەریکە هەموو جوانیەکان لە جوانی دەخات، دواجار کۆمەڵگای کوردستان بە ئاڕاستەیەکی زۆر زیانبەخش و هیوابڕاویەوە دەبات و هێزوتوانا ناوەکیە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان لە پەلوپۆ دەخات و جڤاک بەرەو چارەنووسێکی نادیارو ترسناکەوە پەلکێش دەکات.