لە حوکمی فکرەوە بۆ حوکمی هیچوپوچەکانەوە 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-02-12     368

من کێشەم لەگەڵ فکرو بیرکردنەوەکانتدا نیە. گرفتی من پەیوەندی بە پرۆسەی بیرکردنەوەو ئایدیاو بیرۆکەکانتەوە نیە. 

کاتێک هەوڵدانت بۆ بە کردارکردنی بیرۆکەو ئایدیاکانت لە پانتای کۆمەڵگا دەخەیتە گەڕ و بە بێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازیە چینایەتی، مەعریفی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینیەکان و تەنانەت ناوچەیی و لۆکاڵیەکانەوە، هەوڵی سەپاندنی روانگەکانت بەسەر هەموواندا ئەدەی، ناکۆکیەکان لێرەوە دەست پێدەکەن و  پێکداهەڵشاخێن و ململانێکان سەر هەڵئەدەن. 

جاری واهەیە بە هۆی بەرژەوەندیخوازیەوە حەقیقەتە سادەکان هێمای پیرۆزکراوی فاکت و ئایینیان بۆ دەکرێ. 

هەندێ ڕاستی هەن لەوەتەی مێژوو نووسراوەتەوە وەلا دەنرێن و مرۆڤ بێ لەبەرچاوگرتنیان هەوڵی تاودانی ئەسپی تیژڕەوی خۆی لە رووبەری کولتوری و کۆمەڵایەتی، بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیەکانەوە دەدات و دەیهەوێ خۆی و بیروبۆچوونەکانی لە میانەی پرۆسەی کارلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەسەر ئەوانیدیکەدا بسەپێنێ و وێنای ژیان لە روانگەی خۆیەوە بکاتە فاکت و حەقیقەت و بەوانیتری بفرۆشێتەوە. 

پەتای خودئەڤینی گەورەترین کۆسپی بەردەم گەشەی مەعریفی و عەقڵانی مرۆڤە لە جیهانێکدا، چیتر ژیان و کولتور لە چوارچێوەی تەسکی یەک گوند و شارو ناوچەو نیشتیمانێکدا کورت ناکرێتەوە. لەم

جیهانە نوێیەدا مرۆڤەکان سەرباری یەکرەنگی و یەکدەنگیان خاوەنی شوناسی جیاوازن. شوناسی ئینسانەکانی ئەم سەردەمە هەڵگری دەیان بیروبۆچوون و دونیابینی جیاوازو فرە رەهەندە.  

دونیای ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیە بە هەژمونە خێراکان، گشت سنوورێکیان بڕیوەو مرۆڤێکیان بەرهەم هێناوە، لە چەشنی “ هاوڵاتی ئینترنەشناڵ” وێنای بۆ دەکرێ. ئەم هاوڵاتیە خاوەنی شوناسێکی نادیارو شاراوەو فرە رەهەندەو پەیوەست نیە بە جڤاکێک و شوێنێکی تایبەت و لۆکاڵیەوە. بەڵکو شوناسێکە لە ناشوێنەوە گەشە دەکات و لە دونیای مەجازیدا دیوە ڕاستەقینەکەی پێ دەگات و  و وەک مانیفێستێکی کەسێتی دەردەکەوێ. 

ئەم هاوڵاتیە مەلەوانی رووبەری دونیایەکی پڕلە رووداووو تازەگەریە و دەیهەوێ هەموو شتێ تاقی بکاتەوەو نەبینراوەکان ببینێ و نادیارەکان ئەزمون بکات و سنوورە وەهمی و کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ببەزێنێ. 

لە دونیایەکدا فەردانیەت و دابڕان لە گەشەسەندن دایە، تاک  گرێدراوی یەک شارو نیشتیمان و کولتورو دونیایەکی بەرتەسکەوە نیە. بەڵکو ئاسەواری هەموو دونیا و پێکهێنەرەکان و فەرهەنگ و عەقڵیەت و باوەڕە جیهانیەکانی پێوە دیارەو هێزو مەودای بیرکردنەوەی هیچ سنوورێک ناناسێ و لە چەشنی گەریدەیەکی بزۆزو پڕ جووڵە ئەم سەرو ئەوسەری دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکات و بێ ئەوەی هەستی پێ بکات دەبێت بە بەشێک لەم دونیا دەسکردەی زادەی خەیاڵ و فانتازیاوە. 

گەر جیهان بە هۆی سۆشیال مێدیاوە بووبێتە گوند و گەڕەکێکی بچووک، وای لە بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا کردووە هەر بە بچووکی بیر بکەنەوەو هەر بە بچووکیش بمێننەوە. 

سیاسەت بەشێکە لە کارلێکی نێوان مرۆڤ و رووداوەکانی کایەی ژیان و سەرلەبەری مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهێنەرەکانی ناخی کۆمەڵگا. سیاسەت هونەرو شارەزایی و بەهرەیەکی خۆڕسکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو بەهێزکردنی پایەکان و چارەسەرکردنی ئاڵنگاری و تەنگوچەڵەمەکانەوە. 

فەیلەسوف و تیۆریست و ئایدیۆلۆژیستەکان بە سوود وەرگرتن لەبەهرەی بەرهەم هێنانی دونیای فکرو تیۆرو ڕاڤەکردنی ئەو کۆمەڵگایانەی تیایدا لەدایک بوون و ژیانیان ئەزمون کرد،  چەندین قوتابخانەی فکریان داهێنا. ئەم قوتابخانانە وەک تاقیگەگەلێکی فکرو خستنە ژێر مایکرۆسکۆپی  فکرەوە، بوون بە هێماو نمونەو مۆدێلێک بۆ چەندین داهێنانی فکری و تیۆری و ڕاڤەی کۆمەڵگاکانی خۆیانەوە. 

مەرج نیە ئەو ڕاڤە و تیۆریەی بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئەڵمانیا یا فەڕانسە و ئیتاڵیا و ئیسپانیاو…هتد لە لایەن فەیلوسوفە خاوەن فکرو رێبازە فکریەکانەوە بەرهەڤ کراوە، رێک بۆ کۆمەڵگایەکی  رۆژهەڵاتی بەگشتی یا کوردستانی بە تایبەتی سەتاسەت ڕاست دەربچێ و لەسەر هەموو جڤاکەکاندا تاقی بکرێتەوەو هەوڵی سەتاسەتی جێ بەجێ کردنی بدرێت. 

گشت رێبازە فکری و شرۆڤەکاری و مێتۆدە فکری و ڕاڤەو تیۆریەکان لە سەدەو سەدەکانی رابردوودا، زادەی کۆمەڵێک هەلومەرجی لۆکالی و تایبەت بە چەند کۆمەڵگایەکەوە بوون و بە بێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازیە کۆمەڵایەتی و فکریەکانی دانیشتوانی گۆی زەویەوە، لەلایەن کۆمەڵێک بیرمەندەوە گشتێندران و لە چەشنی فاکت و حەقیقەتە رەهاکانەوە هێمایان بۆ کراو هەوڵی پیادەکردنیان درا. 

لەبەر چاو نەگرتنی تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتیەکان، جیاوازیە فکری و باوەڕە ئایینیەکان و مێژووی ئەدەب و کاری سیاسی و حوکومرانی، وایکرد هیچ کام لە رێبازە فکریەکانی سەدەکانی رابردوو نەتوانن زۆرترین جەماوەروهاوفکر و هاوبیرو هاوبڕوا لە دەور پەیام و ئامانجە فکریەکانیان لە سەرتاسەری گێتیدا کۆ بکەنەوە. 

بۆیە لە قۆناغێک و شوێنێکدا چەقین و نەیانتوانی دیوارەکانی فکری نێوان کۆمەڵگاکان برۆخێنن و سنوورەکانی هزری جیاواز ببڕن و گونجاترین چارەسەر بۆ کێشەو گرفتە گەورەکانی دونیای دەرەوەی رۆژئاوا بخەنە روو.

دەسپێکی قۆناغی جیهانگەرایی کرچ و کاڵ بوونەوەی سەرجەم ئایدیۆلۆژیاکانی لەگەڵ خۆیدا هێناو وەک شەپۆلێکی بەتەوژم بڕێکی بەرچاەی جیاوازیە فکریەکانی سەدەکانی رابردووی راماڵی. 

لەپاڵ ئەم وەرچەرخانە گەورەیەشدا جیهانگەرایی تخوبەکانی نێوان ئایدیۆلۆژیاو فکری سێکۆلاریزمی رۆژئاوایی بێ رەنگ کردەوەو کۆمەڵە سیاسی و دەسەڵاتدارانێکی دروست کرد، لە بری دەست گرتن بە جیاوازیە فکریەکان و ئایدیۆلۆژیاوە پەنایان بردە بەر “ پۆپۆلیزم” و “ ناسیۆنالیزم”ی نەژادی و “ رادیکالیزمی دەوڵەتی نەتەوە” یان بەرهەم هێنا.   

هەروەک تێبینی دەکرێت سیاسیە دەسەڵاتدارە پۆپۆلیستەکانی دونیای رۆژئاوا یا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆزقاڵێک بە تەنگ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە گەورەکانی مرۆڤایەتیەوە نین و تەنیا لێدوان دەدەن و هیچ کاریگەریان بەسەر پرۆسەی سیاسی و رەوتی رووداوەکانی جیهاندا نەماوە. 

ئایدیۆلۆژیستەکانی رۆژئاوا لە ساڵانی نەوەد توانیان کۆتایی بە جەنگی خوێناوی ناوەخۆی  بەلکان، کۆمەڵکوژیەکانی ناوەخۆی رواندا بهێنن و کوردی باشور بپارێزن و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ مەسیحیەکانی تەیموری رۆژهەڵات دروست بکەن و کۆتایی بە چەندین بارگرژی تر لە ئاستی جیهاندا بهێنن. 

بەڵام پۆپۆلیستەکانی ئەم سەردەمەی حوکمی “هیچوپوچەکان” دەست گرتن بە دەسەڵات وپاڵدانە وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکایان،  لە دەست پێشخەری کردن بۆ ئاشتی جیهانی و هەوڵدان بۆ وەستاندنی جەنگەکانی ئۆکراینیاو دەست درێژیەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر کورد و کۆمەڵکوژی فەڵەستینیەکان و جەنگی ناوەخۆی سودان و تراژێدیای وڵاتی کۆنگۆ و گرژیەکان  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی تایوان و هەڕەشەکانی چین و ….هتد، بەلاوە گرینگترە. 

بە واتایەکیتر ئایدیۆلۆژیستەکانی دوێنێی رۆژئاوا روویان کردۆتە پۆپۆلیزم و سڕینەوەی سەرلەبەری قوتابخانە فکری و جیاوازیە هزریەکانیان کردووە بە پرۆگرامی کاری سیاسیان  و  لە بری گێڕانی رۆڵی گەورە لە چارەسەرکردنی تراژێدیا ئینسانیەکان، دەستەوەستان بینەری رەوتی رووداوەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×