راگەیەندراوێك لە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانەوە
  2023-09-19       545       

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نیوان عێراق و ئێران لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، سەرجەم بارەگاكانی حزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە نزیك سنورەكان چۆڵكراون و ئەندامانی ئەو حزبانە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دور لە سنورو لە چەكیش داماڵراون.

ئاوێنە:  لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نیوان عێراق و ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر بنەمای پابەندبونی عێراق و ئێران بە بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە ئەمنییە هاوبەشەی هەیانەو لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەكانی هەردو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتەوە، بارەگاكانی سەرجەم حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە نزیك سنور چۆڵكران.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەندامانی ئەو حزبانە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دور لە سنورو لە چەكیش داماڵراون ئەوەش وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ ئەوەی وەك پەنابەر بەگوێرەی رێكارەكانی كۆمسیۆنی پەنابەران، مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە بارەگاكانی ئەو حزبانە لەسەر سنور، هێزەكانی پاسەوانیی سنوری عێراق بەشێوەیەكی هەمیشەیی جێگیركراون و ئاڵای عێراقیان لەسەر هەڵدراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ئامادەی ئەو كۆبونەوانە بوە كە لە هەولێرو بەغدا بەڕێوەچون و پشتیوانی تەواوەتی خۆی بۆ حكومەتی عێراق دەربڕیوە لە جێبەجیكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەدا، بەو مەرجەی ئەندامانی "ئەو گروپانە" وەك كەسانی مەدەنی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە عێراق جەختی كردۆتەوە لەوەی ئاسایشی سنور، بەرپرسیارێتییەكەی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتەو رێككەوتنەكەش دەبێتە مەرجەع بۆ چارەسەركردنی هەر ناكۆكی و پێشێلكارییەك كە روبدات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دورخستنەوەی ئەو حزبانە لە نزیك سنورەكان "هەنگاوێكی گرنگ و گەورەیە"و پێویست بەوەش دەكات قۆناغەكانی دیكەی رێككەوتنەكە تەواوبكرێن.

هەروەها داواشی لە سەرجەم لایەنەكان كردوە كە خۆیان بەدور بگرن لە لێدوانی نەرێنی و پشتیوانی لە كاری هاوبەش و هاریكاری بەردەوام بكەن بەشێوەیەك كە لە خزمەت هەردو وڵاتدا بێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×