په‌رله‌مانتارێکی پارتی: دوای خه‌رجكردنی سێ مووچه‌كه‌ گفتوگۆی تر لەگەڵ عێراق دەست پێدەکەینەوە
  2023-09-18       288       

حکومەتی هەرێم پلانی هەیە دوای خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییەی رۆژی یەکشەمە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی بۆ هەرێم دەربڕی بۆ مووچەی فەرمانبەران، جارێکی تر گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێبکاتەوە بۆ خەرجکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.

ئاوێنە: شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند،"ناردنی ئەو سێ گوژمە پارەیە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم چارەسەری تەواوی کێشەکان ناکات، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەو پارەیە دەستپێدەکاتەوە، تا ئەو سێ مووچەیە دابەش دەکرێت بەرەو کۆتایی ساڵی موازەنە دەڕۆین".

ئەو وتیشی: "خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە پارە چارەسەری کێشەکان ئاسان دەکات، تا ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، گفتووگۆی تر لەگەڵ عێراق دەست پێدەکەینەوە".

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هێشتا مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتیان یان وەرنەگرتووەو مانگی نۆش بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەم پێیە سێ مووچەیان دەکەوێتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان.


حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار مووچە خۆر، بەپێی پلانەکە ئەو 700 ملیار دینارەی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی پێ دابەش دەکرێت.

بەپێی وتەی خالد شوانی، وەزیری دادی حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ مووچەی مانگەکانی 9 تا 11 دەنێرێت.

بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "تا ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ مووچە دابەش دەکرێت، حکومەتی هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ رادەستکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە عێراق، لە پێناو خەرجکردنی بڕە پارەی تر بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران".

سەرچاوەکە وتیشی: "حکومەت بەرچاوی روونە تا کۆتایی ساڵ دەتوانێت پێنج مووچە دابەش بکات، هەوڵی دابینکردنی مووچەی ئەو مانگەش دەدات کە دەمێنێتەوە".

دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون. بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و رێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیری هەرێم تێک بدەن".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکیشدا رایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە بۆ رێککەوتنی دابینکردنی مووچە.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئەم بڕە پارەی عێراق دەینێرێت یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدات بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگ، بەڵام لە مانگی 10 ەوە دیسان گرفتی بێ پارەیی و دابەشنەکردنی مووچە سەرهەڵدەداتەوە".

ڕۆژی پێنجەشەمەی ڕابردوو، شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.

شاندی هەرێم داوای پێداچوونەوەی بە یاسای بودجەو خەرجکردنی شه‌ش گوژمەی 800 ملیار دیناری بەقەرز بۆ مووچەی فەرمانبەران لە عێراق کرد، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەدا، بڕیاریدا بە ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×