هەپەگە رایگەیاند، ئەمڕۆ و دوێنێ لە چەند چالاكییەكی گەریلادا دژبە هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەی زاپ، پێنج سەربازی ئەو سوپایە كوژران و گورزیش لە هەشت سەنگەر وەشێنرا.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ هەینی لە چالاكییەكی گەریلادا لە شاخی جودی لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، هێرشكراوەتە سەر هێزێكی سوپای توركیاو گورز لە چوار سەنگەر وەشێنراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر دوێنێ لە هەمان شوێن، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا گورز لە سێ سەنگەر وەشێنراوە.
هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە كە دوێنێ گەریلا لە شاخی ئامێدی لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، هێزێكی سوپای توركیای كردۆتە ئامانج كە ویستویانە لەو شاخە جێگیربن و گورز لە سەنگەرێكیان وەشێنراوەو هەر هەمان رۆژ لە هەمان شوێن لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا دژی ئەو هێزانەی ویستویانە لەوێ جێگیربن، بە نیشانەشێكن سەربازێكی توركیا كوژراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە هەر دوێنێ لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا لە شاخی ئامێدی لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، سێ سەرباز كوژراون.
هەپەگە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاخی ئامێدی لەناوچەی رۆژئاوای زاپ، لە چالاكییەكی نیشانەشكێنی گەریلادا، سەربازێكی توركیا كوژراوە.