ئا: بارام سوبحی
ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێم له‌ژیانمدا هه‌ڵه‌ی زۆرم كردوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌توانم بڵێم نه‌متوانیوه ده‌سته‌وه‌سان بمێنمه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و هه‌مو هه‌ڵانه‌ی كه كۆمه‌ڵگاكه‌مان پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ. عه‌لی وه‌ردی دوای هه‌شتا ساڵ له‌ته‌مه‌نی واده‌ڵێت.
كتێبی له‌سروشتی هه‌شتا ساڵیدا، كۆمه‌ڵه وتارێكی د.عه‌لی وهردییهو سه‌لام شه‌ماع ئاماده‌ی كردوه‌و عه‌بدوڵا مه‌هدی كردویه‌تی به‌كوردی. كتێبه‌كه سه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌و له‌بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی چاپ‌و په‌خشی چوارچرایه. ئاماده‌كاری كتێبه‌كه باس له‌وه‌ده‌كات ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه بریتیه له‌كۆمه‌ڵه دیالۆگێكی هه‌فتانه‌ی عه‌لی وه‌ردی كه له‌ماوه‌ی (19/2) تا (14/5/1990) له‌ڕۆژنامه‌ی (الاتحاد بغدادی) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ره‌وشتی گورگ‌و ویژدانی مرۆڤ
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م كتێبه‌دا وه‌ردی باس له‌وه‌ده‌كات به‌پێی ساڵنامه‌ی قه‌مه‌ری كه باوباپیرانی له‌سه‌ری رۆیشتون ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته هه‌شتا ساڵ، ئه‌وه‌ش وایكردوه بیستنی زۆر به‌ئه‌سپایی لاواز بێت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "توشی بێهێزی بوم لهتهندروستیمدا. له‌باری تهندروستیو لایه‌نه‌كانی تره‌وه له‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رم كه له‌ته‌مه‌نی مندان زۆر باشترم". پاشان ده‌ڵێت "من بانگه‌وازی ئه‌وه ناكه‌م كه ئه‌ركه‌كه‌م به‌باشی گه‌یاندوه، ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێم له‌ژیانمدا هه‌ڵه‌ی زۆرم كردوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌توانم بڵێم نه‌متوانیوه ده‌سته‌وه‌سان بمێنمه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و هه‌مو هه‌ڵانه‌ی كه كۆمه‌ڵگاكه‌مان پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ".
دواتر باس له‌وه‌ده‌كات له‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیدا سه‌رقاڵی ته‌واوكردنی كتێبێكه له‌باره‌ی ره‌وشتی مرۆڤه‌وه كه به‌كتێبی ته‌مه‌ن ناوی ده‌بات، هیواده‌خوازێت له‌كۆتایی ژیانیدا چاپی بكات. به‌كورتی له‌باره‌ی ره‌وشتی مرۆڤه‌وه ده‌ڵێت "مرۆڤ حه‌زده‌كات وه‌كو گورگ چی له‌مه‌ڕ ده‌كات ئاوه‌ها به‌سه‌ر دوژمنه‌كه‌یدا بهێنێ، به‌ڵام زۆربه‌ی كات ناتوانێ چونكه كۆمه‌ڵگه له‌به‌رانبه‌ریدا چه‌ند نهریتو رێگرییه‌كی بۆ داناوه".
كاتێك دێته سه‌ر باسی ویژدانی مرۆڤ، كه به‌بڕوای خه‌ڵكی له‌مپه‌ره له‌به‌رده‌م تێكچونی رهوشتو ره‌فتاری مرۆڤ، ده‌ڵێت "ویژدان له‌مرۆڤدا ئه‌ندازه‌ییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك دروستده‌بێ كه لهدابو نه‌ریت پێكهاتوه‌و مرۆڤیش له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌سه‌ری په‌یوه‌ستبوه، بۆیه بینیمان چه‌ند چاكه‌كارو لهخواترسێك ناشرینترین ده‌ستدرێژیان ئه‌نجامداوه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی كه دژیان ده‌وه‌ستانه‌وه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دا بون چاكه ده‌كه‌ن".
رۆژنامه‌كان له‌رابردودا ده‌ژین
له‌م كتێبه‌دا وه‌ردی ره‌خنه ورد‌و تیژه‌كانی خۆی ئاراسته‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان دهكاتو به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كات بابه‌ته‌كانیان له‌ئاستی قۆناغه‌كه‌دا نییه. بۆیه ده‌ڵێت "جیهان ئێستا شۆڕشێكی گه‌وره‌ی زانستی به‌رچاو له‌گشت بواره‌كاندا ده‌بینێت، له‌وانه‌ش بواری گه‌ڕان به‌ناو خۆڕسكی مرۆڤدا. به‌داخه‌وه ئێمه بێئاگاین لێی‌و كێ به‌دوای به‌رهه‌مه‌كانی چاپهمهنیهكانمان له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و كتێبدا ده‌گه‌ڕێ كه زۆرێكیان خه‌ریكی كۆمه‌ڵه بابه‌تێكن ته‌مه‌ن ده‌ستی بهسهرداهێناوهو زه‌مه‌ن لێی خواردوه‌ته‌وه".
ره‌خنه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌ردی له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان زاڵبونی لایه‌نی ئهدهبیو ره‌وانبێژییه به‌سه‌ر لایه‌نی زانستیدا، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین هه‌مو گرنگییه ئایدۆلۆژییهكانمان ده‌به‌خشینه هۆنراوه‌و وێژه‌و نمایشگاكانو ره‌وانبێژی. ئه‌و كلتوره‌ش له‌سه‌رده‌مه تاریكه‌كانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، واته له‌پاش روخانی ده‌وڵه‌تی عه‌باسییه‌وه. له‌بیرمان نه‌چێت سه‌رده‌مه تاریكه‌كان شه‌ش سه‌ده‌ی خایاند. له‌ڕوی لاوازبونی شارستانیه‌ته‌وه به‌درێژایی مێژو خراپترین ماوه بو كه عێراق پێیدا تێپه‌ڕیوه". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ر كه‌سێك به‌شوێن شێوازی نوسین له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بگه‌ڕێت. ده‌بینێت سیستمی ره‌وانبێژی لهوتاردا زۆر به‌ڕونی له‌خۆگرتوه، ئه‌م رێبازه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی شارستانیه‌تی نوێ ناگونجێت كه ده‌مانه‌وێ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پێیدا تێپه‌ڕین".
ره‌خنه‌یه‌كی تر كه وه‌ردی له‌نوسه‌رانی ده‌گرێت ئه‌وه‌یه كه له‌بری هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی داب‌و نه‌ریته هه‌ڵه‌كان، كه‌چی "به‌داخه‌وه ده‌بینیت دوركه‌وتونه‌ته‌وه له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نه‌ریتانه، بهشتی تر سه‌رقاڵبونه كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌راستی ژیانمانه‌وه نییه".
له‌پێناوی ناوبانگدا ده‌منوسی
عه‌لی له‌ساڵی (1930) ده‌ستده‌كات به‌نوسین له‌ڕۆژنامه‌كاندا، بیست ساڵ دواتریش ده‌ستده‌كات بهنوسینو بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی. دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی وه‌ردی دوچاری هه‌ڕه‌شه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه. وه‌كو خۆی ده‌ڵێت "دوای ده‌رچونی كتێبی واعیزهكانی سوڵتان له‌ساڵی (1954) زیاد له‌جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێكرا، حه‌وت كتێب له‌دژم ده‌ركرا، یه‌كێك لهوتاربێژهكانی شه‌وانی ره‌مه‌زان شه‌وێكی ته‌واوی بۆ هێرشكردنه سه‌رم ته‌رخانكرد".
سه‌باره‌ت بهدهستپێكی قۆناغی نوسینی، وه‌ردی ده‌ڵێت "له‌قۆناغی نوسینم له‌رۆژنامه وه‌ك ئه‌وانه‌ی تربوم له‌تازه نوسه‌ره‌كان ده‌مویست بابه‌ته‌كه‌م بڵاوببێته‌وه‌و له‌خواره‌وه ناوم بنوسرێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر چوار ده‌ورمدا خۆم ده‌ربخه‌م، واته هیچ ئامانجێكم نه‌بو ته‌نها ئه‌وه‌ی كه ناوم ده‌ربكه‌وێ. ئه‌مه‌ش سروشتی مرۆڤه له‌هه‌مو ئان‌و ساتێك‌دا، مرۆڤ به‌رده‌وام به‌شوێن ئه‌وه‌دایه (منێتی) خۆی له‌به‌رچاوی به‌رامبه‌ره‌كانیدا به‌رزبكاته‌وه له‌هه‌ر بوارێكدا كه بتوانێ، گه‌ر رێگه‌ی ره‌وا نه‌بێت، بۆ ئه‌و خۆ ده‌رخستنه رێگه‌ی ناڕه‌وا ده‌گرێته‌به‌ر".
له‌باره‌ی سروشتی (منێتی) مرۆڤه‌وه، وه‌ردی ده‌ڵێت "زۆربه‌ی خه‌ڵكی یاخود هه‌مویان دان به‌وه‌دا نانێن كه ئه‌و سروشتهیان تێداههبێ، ئه‌وان ئه‌وكاته‌ی به‌شوێن (منێتی)دا ده‌گه‌ڕێن ده‌یانه‌وێ نكوڵی له‌وه بكهنو وای دهربخن كه به‌شوێن راستیدا یان كه‌ڵكی گشت یان نزیكبونه‌وه له‌خوا یان شتی تردا ده‌گه‌ڕێن، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه ئه‌و ده‌مامكه ده‌ستكردانه له‌سه‌ر رویان لابه‌رین".
خۆشگوزهرانیو دوژمنه‌كانی
به‌شێكی ئه‌م كتێبه تایبه‌ته به‌باسكردن له‌خۆشگوزه‌رانی. له‌پێناسه‌ی خۆشگوزه‌رانیدا، وه‌ردی ده‌ڵێت "خۆشگوزه‌رانی له‌مرۆڤدا رێژه‌ییه، یان داڵغهیهكه لهداڵغهكان، به‌ڵام مرۆڤ نازانێت، به‌رژه‌وه‌ندیش له‌وه‌دایه كه نه‌زانێت تاكو به‌رده‌وام لهههڵپهو راكردندا بێت به‌درێژایی هه‌مو ته‌مه‌نی ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی دروستكردنی سه‌ر روی زه‌وی".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌زمونی ژیانی خۆی له‌باره‌ی خۆشگوزه‌رانییه‌وه، ده‌ڵێت "له‌پاش تێكهڵبونم به‌ژیان به‌هه‌مو شێوه‌كانی گه‌یشتم به‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌ستكردن به‌خۆشگوزه‌رانی له‌چوار ده‌وری مرۆڤه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له‌ناخی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. ره‌نگه كه‌سێك هه‌مو پێداویستی خۆشگوزه‌رانی له‌ده‌وروبه‌ریدا هه‌بێ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه هه‌ست بهبێزاریو دهمتاڵی ده‌كات. هه‌روه‌ها كه‌سێك هه‌مو ئامرازه‌كانی بێزاری‌و دڵته‌نگی ده‌وری داوه، به‌ڵام له‌ناخه‌وه هه‌ست بهخۆشنودی ده‌كا".
وه‌ردی دو هۆكار دیاریده‌كات كه واده‌كات مرۆڤ خۆشگوزه‌ران نه‌بێت، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "دو خه‌سڵه‌ت له‌مرۆڤدا هه‌یه كه به‌ره‌و ناڕهزایبردنی ده‌بات، یه‌كێكیان زۆر خۆ به‌گه‌وره بینین‌و رێزدانانی زۆره بۆ خودی خۆی، ئه‌ویتر چاوتێبڕینه له‌و نازو نیعمه‌تانه‌ی به‌خه‌ڵكی دراوه‌و ئه‌می لێ بێبه‌شكراوه، ئه‌و هه‌مو نازو نیعمه‌ته‌شی به‌خۆی به‌خشراوه له‌بیرده‌كات".
بۆچی سه‌رم سپی نه‌بو؟
له‌م كتێبه‌دا وه‌ردی ئاوڕ له‌چه‌ند لایه‌نێكی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌داته‌وه. یه‌كێك له‌و لایه‌نانه خواردنه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "لهخواردنمدا حه‌ز بهكوڵاو ناكه‌م، به‌درێژایی په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نم وا خۆم راهێناوه شه‌وانه خواردنم ته‌نها میوه‌و سه‌وزه بێت".
وه‌رزشكردن لایه‌نێكی دیكه‌ی ژیانی وه‌ردییه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "له‌ساڵی (1946) ده‌ستم بهوهرزشكردنی رێكردن كرد‌و رۆژانه‌ش به‌رده‌وام بوم له‌سه‌ری. من له‌كاتی رێكردنو وه‌رزشكردنم زیكری خوا ده‌كه‌م له‌هه‌مو هه‌ناسه‌یه‌ك كه هه‌ڵیده‌مژم، باوه‌ڕم پته‌وه به‌وه‌ی ئه‌و هه‌وایه‌ی هه‌ڵیده‌مژم باركراوه به‌یادو زیكری خوا‌و ده‌بێ كه‌ڵك بهتهندروستیم بگه‌یه‌نێ‌و زیانی لێ دوربكاتهوه".
ده‌رباره‌ی باوه‌ڕی ئاینی خۆی، وه‌ردی ده‌ڵێت "باوه‌ڕم به‌خوا باوه‌ڕێكی سهلمێنهرهو بێگومانه.. من خۆم ئاره‌زوی رێبازی سۆفیهكانم لهبهندایهتیكردنو گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ خوادا، ئه‌مه‌ش وایكرد نوێژ بۆ خوا بكه‌م له‌سه‌ر پردی مه‌لاكان له‌كاتی خۆرئاوابون له‌هه‌ندێك لهرۆژهكان، به‌تایبه‌تی كه هه‌ندێ جار هه‌وری پهرتو بڵاو به‌ئاسمانه‌وه بو تیشكی خۆری هه‌ڵده‌گه‌ڕانده‌وه، ئه‌و دیمه‌نه جوانانه نزیكم ده‌كه‌نه‌وه له‌خواو پاڵپێوه‌نه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێی بپاڕێمهوهو پشتی پێببه‌ستم".
ده‌رباره‌ی خه‌م خواردن له‌روداو تاڵییه‌كانی رۆژگار، وه‌ردی ده‌ڵێت "خۆم واڕاهێنابو هه‌رچی خه‌می قورس‌و بهئازاربو له‌مێشكمدا دورم ده‌خسته‌وه. به‌و كه‌سانه‌ش ده‌ڵێم كه خه‌مه‌كانیان به‌شوێن خۆیاندا راده‌كێشن چ سودێكتان پێده‌گه‌یه‌نێ؟ رۆژانی رابردو دهڕواتو جارێكی‌تر ناگه‌ڕێته‌وه، به‌هه‌مان شێوه ئێستا‌و داهاتوت دهڕواتو ناگه‌ڕێته‌وه".
پاشان له‌باره‌ی خۆیه‌وه وه‌ردی ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه: جارێكیان پرسیاریان لێكردم هۆی چییه تائێستا موی سه‌رم به‌ڕه‌شی ماوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نم گه‌یشتوه به‌هه‌شتا ساڵی؟ هیچ وه‌ڵامێكی گونجاو نادۆزمه‌وه بۆ ئه‌م پرسیاره.. به‌هه‌رحاڵ مانه‌وه‌ی توكی سه‌ر به‌ڕه‌نگه ره‌شه‌كه‌ی خۆیه‌وه زۆرتر زیانی پێگه‌یاندوم له‌وه‌ی كه‌ڵكم پێ بگه‌یه‌نێ. سپیبونی موی سه‌ر ئافره‌ت له‌پیاو دورده‌خاته‌وه، به‌ڵام شكۆدارییهك ده‌به‌خشێ به‌خاوه‌نه‌كه‌ی، دان به‌وه‌دا ده‌نێم له‌م قۆناغه دره‌نگه‌ی ته‌مه‌نمدا سڵ لێكردنه‌وه‌و شكۆداریم پێ باشتره لهنزیكبونهوهی ئافره‌ت لێم".
یاداشتهكانمو خه‌ڵاتی رێزلێنان
له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پاداشت‌و خه‌ڵاتی رێزلێنانه‌وه، وه‌ردی ده‌ڵێت "بڕیارمدا هه‌ر جۆره بهخشیشێك ره‌تبكه‌مه‌وه له‌هه‌مو ژیانمدا به‌هه‌ر هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كان ئاراسته‌م بكرێت، دڵنیام كه هیچ سودێكم پێناگه‌یه‌نێ.. جارێكیان داوایان لێكردم جۆری ئه‌و رێزلێنانه ده‌مه‌وێ دیاری بكه‌م، پاداشتی پێش مردن یان پاش مردن. له‌پاش ئه‌و هه‌مو تاقیكردنه‌وه تاڵانه‌ی له‌ژیاندا پێیدا تێپه‌ڕیم هه‌ستده‌كه‌م هه‌ردو جۆره رێزلێنانهكان به‌كه‌ڵكی مرۆڤ نایه‌ت، به‌تایبه‌تی كه پێیه‌كانت له‌ده‌رگای گۆڕدا بێت".
سه‌باره‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌واوی یاداشته‌كانی، ده‌ڵێت "یاده‌وه‌ری زۆرم هه‌یه به‌چاپ گهیاندنیم بۆ پاش مردنم هه‌ڵگرتوه، پاڵپێوهنهرهكهش ویستی خۆمه له‌پێناو دوركه‌وتنه‌وه له‌توڕه‌یی خه‌ڵك. گه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانم بخوێنمه‌وه كه دوامخستوه بۆ پاش مردنم ده‌بینیت به‌خه‌ستی پڕه له‌ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌باوه‌ڕو نه‌ریته ئاینیهكانهوهیه كه لهرابردوهوه بۆمان جێماوه‌و زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندوین. كاتێك خۆم بینی كه ناتوانم به‌و ره‌خنانه‌وه به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی بوه‌ستمه‌وه بڕیارمدا له‌پاش مردنم به‌ڕه‌نگاریان ببمه‌وه، گه‌ر ویستیان گۆڕم هه‌ڵبده‌نه‌وه چیان له‌ده‌ست هات بابیكهن، چونكه مرۆڤ كه گه‌ڕایه‌وه بۆ لای خوا له‌هیچ ناترسێ جگه‌له‌و نه‌بێ".