سه‌ركرده‌یه‌كی‌ چوارچێوەی هەماهەنگی باس له‌ڕێككه‌وتنی‌ نوێی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات
  2023-06-04       960       


سه‌ركرده‌یه‌كی‌ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان باس له‌دوایین هه‌نگاوه‌كانی‌ ڕێككه‌وتنی‌ نوێی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات تایبه‌ت به‌ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌و به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارێکی هاوپەیمانی سه‌روه‌ری‌ سوننه‌كانیش، لەئێستادا ناکۆکیەکان لەدەوری مادەکانی 13 و 14ی بودجە دەسوڕێنەوە کە پەیوەندییان بەڕادەستکردنی نەوتەوە هەیە لەلایەن هەرێمەوە بەحکومەتی فیدڕاڵی.

ئاوێنه‌: عه‌لی ده‌فاعی، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق رایگه‌یاندووه‌، "قۆناغی باش لەگفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی کوردیدا تێپەڕیووه‌و بەرچاوڕونی هەیە لەرێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و پارتی دیموکراتی کوردستان".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، رێککەوتنە نوێکە زۆر نزیکە لەرێککەوتنی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حكومه‌تی‌ عێراق، تەنیا چەند بڕگەیەک ماوە کە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

ده‌فاعی ده‌ڵێت، بڕیاربو ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی له‌باره‌ی پرسی مادده‌كانی 13 و 14ی بودجه‌ی گشتی عێراق كه‌ تایبه‌ته‌ به‌پشكی هه‌رێمی كوردستان، کۆببێتەوەو چۆنێتی پەسه‌ندکردنی ئەو دوو ماددەیە یەکلا بکرێتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، عەدنان جحێشی ئەندامی هاوپەیمانی هاوپەیمانی سه‌روه‌ری‌ لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووه‌، سەبارەت بەو بڕگەیەی پەیوەستە بەپارەی پاشەکەوتکراوی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، ڕێککەوتن کراوە، تەنها جیاوازی تەکنیکی ماوە کە بەزوترینکات دەتوانرێت تێپەڕێنرێت.

وتیشی‌، "لەئێستادا ناکۆکیەکان لەدەوری مادەکانی 13 و 14ی بودجە دەسوڕێنەوە کە پەیوەندییان بەڕادەستکردنی نەوتەوە هەیە لەلایەن هەرێمەوە بەحکومەتی فیدڕاڵی".

ئەوەشیخستەڕو، ئەو ناکۆکییانە پێویستیان بەگفتوگۆی هاوبەش هەیە لەگەڵ هەمو لایەنەکان بۆئەوەی چارەسەر بکرێن و لەئەنجامیشدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای یاسای بودجەی گشتی بدرێت و تێپەڕێندرێت، "هیوادارین لەماوەی دو ڕۆژی داهاتودا ئەمە ڕوبدات".

پێنجشەممەی رابردو 25ی‌ ئایاری‌ 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەكانی هەردو مادەی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجەی‌ كرد كه‌ ئه‌و دو ماده‌یه‌ تایبەتە بەداهاتی نەوت‌و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکان كاردانه‌وه‌و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوەو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سودانی‌و دوایین رێککەوتنی واژوکراوی نێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و فیدراڵییە.


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×