پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، دوێنێ لە قەزای تلکێف "هێزێکی حەشدی کریستیان" گردبونەتەوە و داوای چونە دەرەوەی کورد و بەتایبەت ئەوانەیان کردوە کە پارتین. دەشڵێت"رەیان کلدانی دەیەوێت تەنیا کریستیانەکان لە تلکێف بمێننەوە."
ئاوێنە: کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی راگەیاند: ئەوانەی بەشدارییان لە گردبونەوەکەی دوێنێی تلکێفدا کردوە، لە بەرامبەر "بڕە پارەیەک" بوەو وتیشی"گردبونەوەکە بۆ کردنەدەرەوەی کوردان بوە لە تلکێف."
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی"رەیان کلدانی دەیەوێت تەنیا کریستیانەکان لە تلکێف بمێننەوە، ئەو نایەوێت بەهیچ شێوەیەک هیچ کوردێک و بەتایبەتی پارتییەکان لەوێ بمێننەوە".
پەرلەمانتارەکەی پارتی وتیشی"تەنانەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش هەرچەندە کریستیانە، بەڵام لەبەرئەوەی هاوسۆزی بۆ پارتی هەیە، دەڵێن دەبێت بگۆڕدرێت."
بەشداربوانی گردبونەوەکە لەگەڵ بەشێک لە کادرانی پارتی بوەتە دەمەقاڵێیان، بەڵام بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زو چارەسەرکراوە. وتیشی"ئەمڕۆ لە بەغدا راگەیەندراوێکمان بڵاوکردەوە و گوتمان: ئەو دۆخە قبوڵ ناکەین و چۆن هەرێمی کوردستان دەرگەی بۆ هەموان کردوەتەوە چ کورد بێت، یان کریستیان، عەرەب و ئێزدی، دەبێت پارێزگاکانی دیکەش بەوشێوەیە بن، چونکە دەستوری عیراق وا دەڵێت."
کاڤین شێخ سەعید وتیشی"لە راگەیەندراوەکەماندا باسی ئەوەمان کردوە کە نابێت رێگە بدرێت هیچ کەسێک لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە چ کورد بێت یان کریستیان، چونکە بەگوێرەی یاسا ئەوەی کاری لەوشێوەیە بکات دەبێت زیندانی بکرێت."
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون و فەرماندەی گروپێکی کریستیانی نێو حەشدی شەعبییە، لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی چوار کورسییە.