وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، وەرگرتنی کرێی کارەبا بە سەرجەم پۆلەکانەوە لەوانە کارەبای ماڵان بە پێی پێوەری زیرەکی کارەبا رێکخراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە گەڕەکە جیاوازەکانی ناو شارەکانەوە نییە.
ئاوێنه: وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوکردووەتەوە، ” وەرگرتنی کرێی کارەبا بەسەرجەم پۆلەکانەوە لەوانە کارەبای ماڵان بە پێی پێوەری زیرەکی کارەبا رێکخراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە گەڕەکە جیاوازەکانی ناو شارەکانەوە نییە، هاوبەشانی کارەبا بەپێی ئەو یەکە کارەبایەی کە بەکاردێنن کرێی کارەبا لەسەریان ئەژمار دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “وەزارەتی کارەبا لە هەڵمەتەکانی نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و بڕینی ئەو هاوبەشانەی لەسەروو دوو ملیۆن دینار قەرزدارن لەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە کە بە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان ناسراون”.
ئاشکراشی کردووە، “هەر هاوبەشێکی کارەبا لەکاتی خۆیدا کرێی کارەباکەی نەدابێت، یان دوایخستبێت، لەسەری کۆ دەبێتەوە و بەهەر شێوەیەک بێت، پێویستە بدات”.