"بەوریایی دەجوڵێنەوە" چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت بكەونە نێو "بۆسە"ی سەدر
  2022-06-15       2423       

ئا: ئاوێنە، رۆیتەرز

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەدوای كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمانی عێراق، لەوە دەچێت ركابەرەكانی موقتەدا سەدر كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا كۆبونەتەوە، زۆر بەوریاییەوە بجوڵێنەوەو لە تواناكانی سەدر تێبگەن. رۆژی دوشەممە، كۆبونەوەیەكیان كرد، بەبێ ئەوەی بڕیاری نوێ رابگەیەنن.

ئەحمەد كینانی، سیاسەتمەداری شیعەی هاوپەیمانی ئێران لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، بە رۆیتەرزی وتوە"بڕیارەكەی سەدر توشی سەرسوڕمانی كردین، پێمانوایە سیناریۆیەكی خراپ چاوەڕێمان ئەكات ئەگەر هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەت بنێین."

وتوشیەتی"دەبێت زۆر بەوردی پێشهاتە چارەنوسسازەكانی ئەم دواییە بخوێنینەوە بەرلەوەی بڕیار لەبارەی هەنگاوی داهاتو بدەین، چونكە پێكهێنانی حكومەت بەبێ سەدرییەكان، سەركێشییەكی گەورە دەبێت، نامانەوێت بكەوینە بۆسەوە."

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، دوای بڕیارەكەی بۆ دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان، هەنگاوی داهاتوی خۆی رانەگەیاندوە، لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەك لە نوسینگەكەی بە مەرجی ناونەهێنانی بەپاساوی ئەوەی كە سەرپشك نەكراون لە لێدوان بۆ میدیاكان، بە رۆیتەرزی وتوە"ئێمە ئێستا لە دەرەوەی دیمەنە سیاسییەكەین، با بزانین حكومەتی نوێ بەبێ سەدرییەكان چۆن لەسەر پێ دەوەستێت."

هەروەها ئیحسان شەممەری، سەرۆكی ناوەندی عێراقی بۆ هزری سیاسی پێشبینی كردوە ركابەرەكانی سەدر بەتەنها حكومەت پێك نەهێنن و وتوشیەتی"حكومەتێكی وا بە مردویی لەدایك دەبێت چونكە شوێنكەوتوانی سەدر، قبوڵ ناكەین موقتەدا سەدر ببینن كە لەلایەن هێزەكانی لایەنگری ئێرانەوە تێكشكێنراوەو لەڕوی سیاسییەوە گۆشەگیركراوە."

هەروەها یەكێك لە ئامادەبوانی كۆبونەوەكەی رۆژی دوشەممەی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە بە مەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ رۆیتەرز كردوە، رایگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا دابەشبونی توند لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی كۆبونەوەكەدا هەبوە لەسەر چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی جوڵەكەی سەدر.

حەمدی مالیك، لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن پێشبینی كردوە كە ئێران هەوڵی هۆركردنەوەی دۆخەكە بدات.

حەمدی مالیك بە رۆیتەرزی وتوە"ئێرانییەكان نایانەوێت شەڕی نێوان شیعەو شیعە ببینن، دورخستنەوەی ئەم شەڕەش، هەوڵی سەرەكی ئێرانییەكان دەبێت لەم قۆناغەدا."

هەروەها وتوشیەتی"ئێران پێی وایە لایەنەكانی دیكەی ناوچەكە سودمەند دەبن لەمە، لەوانە وڵاتانی كەنداو، هەروەك ئەوەش دەبێتە دەرفەتێك بۆ بەهێزبونی زیاتری كوردەكان و سوننەكانیش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی سوننی پتەودەكەن. بۆیە ئێرانییەكان نایانەوێت ئەو سیستمەی ئێستا داڕوخێت."

بەپێی قسەی حەمدی مالك، سەدر "كارتەكانی خۆی باش دەناسێت، بەڵام بەشێوەیەكی تەواو رادیكاڵانە یارییان پێدەكات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×