2022-04-13   1134     
ئا: ئاوێنه
"شلۆمۆ نكدیمۆن" ئه‌و په‌یوه‌ندییه نهێنیو موخابه‌راتییه ئاڵۆزانه ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن مۆسادی ئیسرائیل‌و ساواكی ئێران شۆڕش‌و كێشه‌ی كوردیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان رهتاندهوهو وه‌ك كارتێكی سیاسی له‌دژی دوژمنه‌كانیان به‌كارهێنا.
"مۆساد لهعێراقو وڵاتانی دراوسێ - داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی‌و كورده‌كان" كه نووسه‌ره‌كه‌ی "شلۆمۆ نكدیمۆن"هن یه‌كێكه له‌و كتێبه پڕ لهزانیاریانهی به‌مدواییه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، هه‌رچه‌نده ساڵانێكی زۆره خوێنه‌ران له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بییه‌كه‌یه‌وه پێی ئاشنان، له‌م كتێبه‌دا كه مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئیسرائیل ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه مێژووییەکانی كوردمان ده‌ناسێنێت كه ئه‌ویش "كامه‌ران به‌درخان"ـه، ئه‌و پیاوه‌ی كه وه‌چه‌ی میرێكی ده‌ستڕۆشتووی سه‌ده‌ی نۆزدهههمو مامۆستای زانكۆی سۆربۆن بوو، هه‌میشه خه‌ونی به‌ئازادی كورد‌و هه‌موو كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه دهبینیو هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ژیاندنه‌وه‌ی كورد ته‌رخان كرد. نكدیمۆن ئاماژه به به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مۆساد ده‌كات ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد‌و ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ كورد به‌ڕێكه‌وت دروستبوو، له‌وانه‌یه به‌هۆی سووربوون‌و ده‌ستپێشخه‌ری كامه‌ران به‌درخان بووبێ كه توانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ زۆر كه‌سایه‌تی باڵای ئیسرائیل دروستبكات".
ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه كامه‌ران به‌درخان زۆر له‌نزیكه‌وه دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل "د‌یڤید بن گۆریۆن"و "گۆل‌دا مائیر"ی سه‌رۆك وه‌زیری پێشووتری ئیسرائیلی ناسیوه‌و هاوڕێی نزیكی دامه‌زرێنه‌رێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل "مۆریس فیشه‌ر" بووه، تا ده‌گات به‌وه‌ی كه ده‌ڵێت "كامه‌ران به‌درخان ئیشی بۆ ئیسرائیل دهكردو چه‌ندین كاری نهێنیو موخابه‌راتی لهعێراقو لوبنان‌و سوریادا بۆ ئیسرائیل ئه‌نجامداوه"، كه‌سێكی پڕ لهوزهی له‌بڕان نه‌هاتوو بووه كه به‌رده‌وام له‌نێوان پاریس‌و بهیروتو تاران‌دا لههاتوچووندا بووه‌و سه‌رده‌مانێكیش رۆڵی په‌یامنێری له‌نێوان مسته‌فا بارزانی‌و جیهانی ده‌ره‌وه‌دا بینیوه‌و زۆربه‌ی كات ئیسرائیلییه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێشبینیكردنی رووداوه‌كان پرس‌و راوێژیان پێكردووه‌و چه‌ندین راپۆرتیشی بۆ ئه‌وان نووسیوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌ك نكدیمۆن له‌م كتێبه‌دا ئاماژه‌ی پێده‌كات "كامه‌ران به‌درخان كاری بۆ ساواكیش كردووه‌و ته‌نانه‌ت به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌دوای شۆڕشی 1958ی عێراقه‌وه، له‌ئێرانیش جێگیر بێت، شا‌و ته‌یموری به‌ختیار گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردووه".
ئه‌م كتێبه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كامه‌ران به‌درخان ساڵی 1963 سه‌ردانی ئیسرائیل دهكاو به‌نهێنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بارزانی ده‌گه‌یه‌نێت به‌سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل، جه‌غت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئاگادار‌و به‌ئاگا بووه‌و ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت له‌تشرینی دووه‌می 1963دا تاڵهبانیو ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت گه‌یشتنه باڵوێزخانه‌ی ئیسرائیل له‌پاریس، خۆیان ناساند‌و داوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌وسای مۆساد له‌وێ كرد‌و داوای كۆمهكو یارمهتیو پاره‌یان كرد".
پاشان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له‌ساڵی 1964دا "عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی" سه‌ردانی ئیسرائیل دهكاو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی مۆساد كۆده‌بێته‌وه.
له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئه‌م رایهڵانهدا، ئیسرائیل ره‌زامه‌ندی ئێران وه‌رده‌گرێ بۆ یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد‌و یارمه‌تیه‌كانی مۆسادیش له‌ڕێگه‌ی ئێران‌و به‌سه‌رپه‌رشتی ساواك ره‌وانه‌ی كوردستانی عێراق ده‌كرێت. نكدیمۆن باس له‌وه ده‌كات كه یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی راستهوخۆو هاتنی مۆساد بۆ كوردستانی عێراق، له‌لایه‌ن (د‌یڤید كهمحی) سه‌رۆكی مۆساده‌وه ئه‌نجامده‌درێت، كه له‌ئایاری 1965دا د‌یڤید كهمحیو شه‌مسه‌دین موفتی (كه به‌یه‌كێك له‌باشترین هاوڕێكانی ئیسرائیل ناوده‌برێت)، بهئوتومبێلێك كه پیاوێكی سه‌ر بهساواك لێیده‌خوڕێ له‌ئێرانه‌وه ئاودیووی سنووری كوردستانی عێراق دهبنو ده‌چن بۆ لای بارزانی له‌حاجی ئۆمه‌ران. ئیتر هیڵێكی په‌یوه‌ندی موخابه‌راتی ئه‌كتیڤ له‌نێوان تهلئهبیبو تاران‌و حاجی ئۆمه‌راندا ده‌كرێته‌وه‌و به‌هاوكاری مۆسادو ساواكیش ده‌زگای "پاراستن"ی پارتی دروستده‌كرێت كه شه‌كیب عهقراویو مه‌سعود بارزانی رۆڵێكی گرنگیان له‌و ده‌زگایه‌دا پێدهسپردرێت. نكدیمۆن له‌م كتێبه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "بارزانی‌و دوو كوڕه زۆر نزیكه‌كه‌ی ئیدریس‌و مه‌سعود باوه‌ڕی ته‌واویان هه‌بوو كه ته‌نها ئیسرائیل ده‌توانێت دانپێنانی ئه‌مه‌ریكا به‌ئه‌وان وه‌ربگرێت"، تا ده‌گات به‌وه‌ی كه له‌نیسانی 1968دا بارزانی به‌نهێنی سه‌ردانی ئیسرائیل دهكاو دكتۆر مهحمودو شه‌مسه‌دین موفتیشی له‌گه‌ڵ خۆی دهباو له‌وێ له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته كۆده‌بێته‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك گهشهدهستێنن كه رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له1972دا ده‌نوسێت "نێردراوێكی ئیسرائیلی هه‌موو مانگێك به‌ئێراندا دزه ده‌كات بۆ كوردستان‌و له‌گه‌ڵ خۆی بڕی په‌نجا هه‌زار دینار ده‌بات بۆ بارزانی".
له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه ده‌زگاكانی وه‌ك ساواك‌و ته‌نانه‌ت مۆسادیش ژێر به‌ژێر چ رۆڵێكی كارا‌و گرنگیان بینیوه له‌شكستپێهێنانی گفتوگۆ‌و ئاگربه‌سته‌كانی نێوان شۆڕشی ئهیلولو حكومه‌تی عێراق‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕدا، ئه‌م په‌یوه‌ندییه ژێر به‌ژێرانه به‌رده‌وام ده‌بن تا سه‌ره‌نجام له‌ئازاری 1975دا كاتێك شا‌و سه‌دام له‌جه‌زائیر رێكده‌كه‌ون، به‌شێوه‌یه‌كی تراژیدیی هه‌موو شتێك هه‌ره‌سده‌هێنێت.
نكدیمۆن ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "له‌ماوه‌ی ئه‌و 12 ساڵه‌دا مه‌لا مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی یاخیبوونی كورده‌كانی ده‌كرد دژی حكومه‌ته‌كانی عێراق‌و سوپاكه‌ی، به‌پشتبه‌ستن بهئیسرائیلییهكان كه لێی جیانه‌ده‌بوونه‌وه، توانی له‌به‌رامبه‌ر خوێنڕشتنی ئه‌واندا خۆڕاگرێو یارمه‌تییه‌كانی ئیسرائیل چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی ژیانی به به‌ر یاخیبوونی كورده‌كاندا ده‌كرده‌وه تا ته‌مه‌نی درێژتر بێت". "مۆساد لهعێراقو وڵاتانی دراوسێ - داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی‌و كورده‌كان" كه له‌لایه‌ن "ره‌هه‌ند عه‌بدولغه‌فور"ه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی‌و وه‌ك زۆرێك له‌و كتێبانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خراونه‌ته بازاڕه‌وه پڕ به‌هه‌ڵه‌ی چاپ‌و له‌ڕووی داڕشتنی رێزمان‌و زمانه‌وانییه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بێ كه‌موكوڕی نییه.
پرسیارێك لهمهغزو مێشكی زۆربه‌ماندا ده‌وروژێنێت، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه له‌م شه‌ست ساڵه‌ی رابردوودا، هه‌رچی فیشه‌كێكی نابێت به‌عه‌ره‌به‌وه ئیسرائیل پشتگیری كردووه، ئایا ئه‌و یارمه‌تییه‌ی ئیسرائیلییه‌كان پێشكه‌ش به‌كوردیان كرد ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیله‌وه بوو یاخود لایه‌نێكی مرۆڤدۆستیشی له‌خۆگرتبوو؟