ئا: ئاوێنە
عەلی تەتەر وەک
پارێزگاری نوێی دهۆک دیاریکرا، ئەو پێشتر بەرپرسی پاراستن بوە لەو پاریزگایەو لەبنەماڵەی
تەتەر بەگی نێروەییە، کە بنەماڵەیەکی زۆر نیزیک لەماڵی بارزانین.
سەرەنجام دوای
شەش ساڵ، فهرماد ئهمین ئهتروشی وەک پاریزگاری دهۆك دەستی
لەکار کێشایەوەو بەفەرمانی
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی تەتەر وەک پارێزگاری نوێی
دهۆک دیاری کرا. لەگەڵ راگەیاندنی ئەم هەواڵەدا بەشێک لەپەیجو کەسایەتییەکانی
دهۆک دروشمی ئەوەیان لەتۆڕە کۆمەلایەتییەکانیاندا بەرز کردەوە کە "عەلی
تەتەر، دهۆک دەکات بەقەتەر".
عەلی تەتەر
کێیە؟
عەلی تەتەر، تەمەنی ٥٢ ساڵەو لەدەڤەری نێروەی سەر
بەقەزای ئامێدی لەدایکبوە.
لەبنەمالەی تەتەر
بەگی نێروەییە کە لەباوکو باپیرانەوە پارتیو دۆستی نزیکی ماڵی بارزانی بون، وەک
باس دەکرێ سێ کەس لەبنەماڵەکەی لە٤ی کانونی یەکەمی ساڵی ۱۹۱٤دا لەگەڵ شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە شاری موسڵ لەسێدارە دراون.
بنەماڵەکەیو خەڵکی
دەڤەرەکەیان لەشۆرشەکانی یەکەمو دووەمی بارزانو ئەیلولو گوڵانو راپەڕیندا بەشدارییان
کردووەو تەتەر بەگی باوکی، هەلگری میدالیای بارزانییە.
بنەماڵەکەیان
دوای شکستی ساڵی ۱۹۷٥ ئاوارەی وڵاتی ئێران بونو عەلی تەتەر لەنێوان ساڵانی ۱۹٨۱ـ ۱۹٨٤ بەرپرسی ڕێکخراوەکانی یەکێتی قوتابیان بوە لەئۆردگای زێوە لەئێرانو لەساڵی ۱۹٨٥ کارگێری لقی ئێرانی (ی.ق.ک) بووە لەکەرەج.
لەساڵی ۱۹۹۳ کارگێری لقی زانکۆی
سەلاحەدین بووەو لەساڵی ۲۰۰۲ کارگێری لقی ۱ی پارتیو بەرپرسی پاراستنی دهۆک بووە.
لەساڵ ۲۰۱۷ بەرپرسی لقی ۱۰ی پارتی بوە لەدەڤەری سۆرانو پاشان کراوە بە بەرپرسی لقی ٨ی پارتی لەدەڤەری
زاخۆ.
عەلی تەتەر ئەندامی
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
عەلی تەتەر
پڕۆفیسۆریشە
هەرچەندە عەلی
تەتەر ساڵی ۱۹٨٨ خوێندنی ئامادەیی بەشی زانستی لە شاری ورمێ
تەواو کردوە، بەڵام لەساڵی ۲۰۰۰ بەکالۆریۆسی لەبەشی مێژوی کۆلیجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە. هەر یەکسەر دوای تەواوکردنی
بەکالۆریۆسیش لەماستەر وەرگیراوەو ماستەرەکەی لەساڵی ۲۰۰۲ بەدەستهێناوە
لەسەر "ژیانی سیاسی لەکوردستان ۱۹۰٨ـ۱۹۲۷".
ساڵی ۲۰۰٨ بڕوانامەی دکتۆرای لەمێژودا بەپلەی نایاب لەسەر بابەتی (بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد
لەکوردستانی عێراق لەساڵەکانی جەنگی عێراق ـ ئێراندا ۱۹٨۰ـ ۱۹٨٨) بەدەستهێناوە.
ناوبراو کە خاوەنی چەندین کتێبو لێکۆڵینەوەیە لەبواری مێژودا، وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانکۆی دهۆک مامۆستا بوەو وانەی وتوەتەوەو لەساڵی ۲۰۱٨دا بوە بەپرۆفیسۆر.
عەلی تەتەر
ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامەی "کوردو مێژو" بوە لەکەناڵی کوردستانو کەناڵی
دهۆک.
مەسرور دو
پارێزگارەکەی پارتی گۆڕی
ئەمە دوەم گۆڕانکارییە لەپۆستی ئەو دو
پاریزگایەی کە بەدەست پارتییەوەن لەماوەی چەند مانگی رابردودا لەلایەن مەسرور
بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێشتر لەسەر راسپاردەی مەسرور، نەوزاد
هادی پارێزگاری هەولێر دەستی لەکار کێشایەوەو ئێستاش فهرماد ئهمین ئهتروشی پاریزگاری
دهۆک.
ئەم گۆڕانكارییانەی مەسرور بارزانی سەرۆكی
حكومەت وا لێکدەدرێنەوە کە بەشێکە لەو گۆڕانکارییانەی سەرجەم جومگە گرنگەکانی کاری
حکومیو تەنانەت حزبیشی گرتوەتەوە دوای دەست بەکار بونی وەک سەرۆکی
حکومەت.
هەمو ئەوانەی لەوەزارەتو پلە ئیدارییەکانی
حکومەتو حیزبدا دادەنرێن کەسانی نزیک لەمەسرور بارزانیینو زۆربەشیان پێشتر
هاوکاریی بون لەدەزگای پاراستنو ئەنجومەنی ئاسایش، کە دواهەمینیان "عەلی تەتەر"ی
بەرپرسی پێشوی پاراستنە لەدهۆک.
ئەم گۆڕانکارییو جێگۆڕکێی کاراکتەرانەش، بەكودەتای
سپی مەسرور بارزانی بەرامبەر بەنێچیرڤان بارزانی ناودەبرێت لەناو پارتیدا.