چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا بڕیار دەدات
  2025-04-28       219       

مشتومڕەكان لەسەر بانگهێشتكردنی سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا بەردەوامە، سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، ئەمڕۆ چوارچێوەكەیان كۆدەبێتەوە و تێیدا بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە بانگهێشتكردنی شەرع بۆ بەغدا دەدرێت.

ئاوێنە: عەلی حسێن فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە كۆبوونەوەی چوارچێوەكەیان بۆ یەكلاكردنەوەی بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا بۆ بەغدا، بە میدیا عێراقییەكان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی بەشداریكردنی ئەحمەد شەرع لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا یەكلا دەكرێتەوە، كە بڕیارە لە ١٧ـی ئایار بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنەكانی چوارچێوەكە تاوتوێی پێشنیارەكانی چارەسەری جێگرەوە دەكەن، لەوانە گواستنەوەی لوتكەكە بۆ دەرەوەی وڵات، كە ئەمە قورس و ئەستەمە، یان بەشداریكردنی كەسێك، كە نوێنەرایەتی شەرع بكات لە لوتكەكەدا، یان شەرع بەهیچ شێوەیەك بەشداری چالاكییەكە نەكات.

٢٥ـی ئەم مانگە حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بە یاوەری بەرپرسانی هێزەكانی پاسەوانی سنوور، دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەكان و وەزارەتی بازرگانی، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا.

جێگای ئاماژەیە، عێراق بەشێوەیەكی فەرمی ئەحمەد شەرع سەرۆكی ڕاگوزەری سووریای بانگهێشتی بەغدا كردووە، بۆ ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی بەغدا بكات، بەڵام ئەمە ناڕەزایەتی بەشێك لەلایەنە شیعی و میلشیاكانی عێراقی لێكەوتەوە، هەروەها، بەشێك لە میلشیاكان هەڕەشە لە شەرع دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×