هاوسه‌رگیری ماره‌به‌جاش نابێته هۆی دروستكردنی خێزان‌و ماڵ دروستكردن‌و منداڵ خستنەوەو خۆشه‌ویستی‌و پێكه‌وه‌بوون
ئا: هێڤی ئاوات
هاوسه‌رگیریی ماره‌به‌جاش، هاوسەرگیرییەکی کاتییەو بەمەبەستی پینەکردنی تەلاقدانی نێوان ژن‌و مێردێک ئەنجامدەدرێت، کە دەرفەتی جاککردنەوەی تەڵاقەکەیان نییە، سەرۆکی لیژنه‌ی باڵای فتوای یه‌كێتی زانایانی ئیسلام دەڵێت "لەساڵی ٢٠٠٠ەوە لیژنەی فەتوا بەتەواوی ئەو دیاردەیەی بەتەواوی قەدەغە کردووە، ئەگەر بکرێت بەنهێنی دەکرێت، لەبەرئەوەی رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".
ئەحمەد (ناوێکی خوازراوە)، تەمەنی ٥٨ ساڵەو باس لەوە دەکات کە وا راهاتووە زوو زوو وشەی تەڵاق بەزاریدا دێت‌و زۆربەی کات سوێند بە"تەڵاق" دەخوات، سی ساڵ لەمەوبەر دوای دووجار چاککردنەوەی تەلاقی هاوسەرەکەی، بۆ جاری سێهەم رقی لەهاوسەرەکەی هەستاوەو سوێندی بەتەڵاقی خواردووە کە نابێت بێتە بەم ماڵەکەیداو ئەمە کێشەی ئەوەی بۆ دروستکردون کە تەڵاقی کەوتووە، چونكه به‌پێی ئەو بەدواداچوون‌و پرسیارانەی کوردوویەتی. مامۆستایانی ئایینی پێیانوتووە شه‌ریعه‌تی ئیسلام رێگەی چاککبوونەوەی تەڵاقەکەی پێنادات، لەبەرئەوەی بەپێی سورەتی (بقرە) هه‌ر ژنێك ته‌ڵاقی سێیه‌می كه‌وت، بۆی نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای مێرده‌كه‌ی یان له‌گه‌ڵیدا بژی، مه‌گه‌ر شوویه‌كی تر بكاته‌وه‌و مێردی دووه‌می یان لێی جیابێته‌وه یان بمرێت، ئه‌وجا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ مێردی یه‌كه‌میدا كه ته‌ڵاقی یه‌كجاری چوبووه نێوانیان، هه‌مدیس هاوسه‌رگیری بکاتەوە، ئەحمەد بەئاوێنەی وت "ئەمە تووشی مەراقی کردم، نەمدەویست لەهاوسەرەکەم جیاببمەوەو ئەوەی رووی‌دابوو بەهۆی تووڕەبونەوە بوو، مناڵ‌یش کەوتبووە نێوانمانەوە، هاوسەرەکەشم بەهەمان شێوە، بۆ ئەم کێشەیە چارەسەرێکیان بۆ دۆزیمەوە، کە ئەویش مارە بەجاش بوو".
وتیشی "کەسێکی بەخشراویان بۆ دۆزیمەوە، کە بۆ چەند کاتژمێرێک هاوسەرەکەم مارە بکات، مامۆستایەکی ئایینی لەبەرامبەر بڕێک پارەدا مارەییەکی کرد‌و دوای دوو کاتژمێر پێمان تەڵاق دا‌و هەمدیس مارەم کردەوە".
هاوسه‌رگیری ماره به‌جاش، له‌سه‌رچاوه‌و ده‌قه شه‌رعزانییه‌كاندا به‌هاوسه‌رگیریی‌و ماره‌ی كاتی ناوده‌برێت. مه‌به‌ست له‌م هاوسه‌رگیرییه كاتییه ئه‌وه‌یه، ژنێكی ته‌ڵاقدراو بۆ مێرده‌كه‌ی حه‌ڵاڵ بكرێتەوە.
جەلال (ناوێکی خوازراوە)، تەمەنی ٦٧ سالەو باس لەوە دەکات کە برایەکی هەبووە لەڕووی ئەقڵی‌و دەرونییەوە ناسەقامگر بووەو ماڵیان لەشارۆچکەیەک بووە، ئەم نەخۆشییە دەرونی‌و ئەقڵییەی براکەی وایکردووە زۆرجار لەلایەن ئەو کەسانەوە پەنای بۆ ببریت‌و بۆ مارە بەچاش بەکاربهێنرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "تەنانەت لەشارۆچکەو شارەکانی تریشەوە دەهاتن بۆ لای براکەم‌و وەک مارە بەجاش، ژنیان لێ مارە دەکردو پارەیەکی باشیشیان لەبەرامبەر ئەم کارەدا دەدایە".
وتیشی "بەڵام چەند ساڵێکی زۆرە ئەم جۆرە هاوسه‌رگیرییه بەناشه‌رعی‌و به‌تاڵ‌و نایاسایی‌و دژ به‌به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی ناودەبرێت‌و کەس ناوێرێت بیکات، لەبەرئەوەی ماره‌كردنی كاتی ژنان یاساغە، هەرچەندە وەک دەبیستم تاک‌و تەرا زۆر بەنهێنی مارە بەجاش دەکرێت".
هاوسه‌رگیری ماره‌به‌جاش نابێته هۆی دروستكردنی خێزان‌و ماڵ دروستكردن‌و منداڵ خستنەوەو خۆشه‌ویستی‌و پێكه‌وه‌بوون، ئەمەش وایکردووە رای جیاوازی شەرعزانەکانی لەسەر بێت.
م.محەمەد کەمال، کە دەرچووی کۆلیژی شەریعەی ئیسلامییە، پێیوایە به‌ڕای زۆرینه‌ی شه‌رعزانه‌كان، هاوسەرگیریی کاتی‌و هێنانی ژنێك به‌شێوازی (ماره‌به‌جاش) بۆ شه‌وێك یان چه‌ند رۆژێكی كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مێرده ته‌ڵاق كه‌وتووه‌كه‌ی حه‌ڵاڵ بێته‌وه، کارێکی بەتاڵ‌و حەرامە، ئەو بەئاوێنەی وت "ژنێک کە بەمارە بەجاش مارە دەکرێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ مێرده كاتییه‌كه‌یدا سێكس بكات‌و جوتبوون له‌نێوانیاندا ڕوبدات، له‌دوای ئه‌وه‌ی له‌مێرده كاتییه‌كه‌شی جیاده‌بێته‌وه، ده‌بێت چوار مانگ‌و ده ڕۆژ، چاوه‌ڕێ بكات بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی له‌م مێرده كاتییه‌ی سكی نه‌بووه، ئه‌وجا بچێته‌وه بۆ لای مێرده یه‌كه‌مه‌كه‌ی، زۆرجار لەمارە بەجاشدا ئەمە پەیڕەو ناکرێت".
وتیشی "هه‌ندێك له‌شه‌رعزانه‌كانی ئاینزای حه‌نه‌فی، ئه‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه به‌هاوسه‌رگیرییه‌كی دروست ده‌زانن‌و پێیانوانییه زیناكردن بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حه‌رامیان كردووه‌و ئه‌نجامده‌رانی به‌گوناهبار له‌دیدی شه‌ریعه‌تەوە دادەنێن. شه‌رعزانه مالیكییه‌كان به به‌تاڵی دەزانن، شه‌رعزانه حه‌نبه‌لییه‌كانیش، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌دژی ده‌وستنه‌وه‌و پێیانوایه ئه‌م ماره‌كردنه كاتییه، ژنی ته‌ڵاقكه‌وتوو حه‌ڵاڵ ناكاته‌وه بۆ مێرده‌كه‌ی. هەرچەندە شه‌رعزانه‌كانی ئاینزای شافیعی كه زۆرینه‌ی مامۆستا ئاینیه‌كانی كوردستان په‌یڕه‌وی له‌ڕاو بۆچوونه‌كانیان ده‌كه‌ن، ماره‌به‌جاش به‌هاوسه‌رگیریه‌كی دروست ده‌زانن، بەمەرجێک ئه‌گه‌ر له‌گرێبه‌سته‌كه‌دا باس له‌كاتی بوونی نه‌كرێت‌و مه‌رجه‌كه باس نه‌كرێت‌و به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی نهێنی له‌ده‌ره‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه ئه‌وه ببڕێنرێته‌وه، كه مێردی دووه‌م دوای جوتبوون له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌دا ته‌ڵاقی بدات، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ڵاڵ بێته‌وه بۆ مێردی یه‌كه‌م، کە ئەمە رەچاو ناکرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵانێکی زۆرە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەکوردستانادا قەدەغە کراوەو لیژنه‌ی باڵای فتوای یه‌كێتی زانایانی ئیسلام بە بەتاڵ‌و رێگەپێنەدراوی داناوەو هەر مامۆستایەکی ئایینی‌و هەر کەسێک ئەنجامی بدات، روبەڕووی سزادان دەبێتەوە.
سەرۆکی لیژنه‌ی باڵای فتوای یه‌كێتی زانایانی ئیسلام لەسلێمانی، د. محه‌مه‌د پێنجوێنی به‌ئاوێنه‌ی رایگه‌یاند "مارەبەجاش. دیاردەیەکی زۆر ناشیرین بوو کاتی خۆی لەسەر فەتوایەکی لاوازی فوقەها پەیڕەو دەکرا، لیژنەی فەتوا لەساڵی ٢٠٠٠ەوە بەتەواوی ئەو دیاردەیەی قەدەغە کرد، لەکوردستان ئێستا نەماوە مەگەر بەدزییەوە، ئەو مامۆستا ئایینییەی ئەوە بکات ئێمە سزای دەدەین".
وتیشی "مارە بەجاش داهێنراوێک بوو کە لەکۆمەڵگای دەرەبەگیدا، بەشێک لەئاغاکانی کورد بەزۆر بەمامۆستایانی ئایینی‌یان دەکرد بەمەبەستی حەڵاڵکردنی کۆمەڵێک شتی خۆیان کە ویستویانە، لەفیقهی ئیسلامی‌دا پیاوێک سێ جار ژنێک تەڵاق بدات بۆی نییە بیباتەوە لای خۆی تا ئەو ژنە شوو نەکات بەپیاوێکی تر‌و بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵی بمێنێتەوە، کە لەگەڵی ترازاو جیابۆوە دەتوانێ لەگەڵ مێردەکەی پێشووی هاوسەرگیریی ببکاتەوە، ئێمە رامانگەیاندووە کە هاوسەرگیریی کاتی‌و بۆ شەوێک‌و چەند کاتژمێرێک، بەدروست نازانین‌و ناشەرعییەو قەذەغە کراوە، جگە لەوەش لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا ئه‌نجامده‌رانی بۆ هەمیشە هەست بەشه‌رم‌و ته‌ریقبوونه‌وه‌و هەست بەه‌شكانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تانه‌و ته‌شه‌ر دەکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات