کاتێک کێشەیەک ڕووبەروی ژن دەبێتەوە، کەسانی نزیکی وەکو باوکو براو مامو خاڵ دەستێوەردان دەکەنو ھەموو ھەوڵێک دەدەن کێشەکە نەگاتە دادگا
ئا: عەمار عەزیز
ژنانی دھۆک نیگەرانن لەوەی کاتێک ڕووبەرووی کێشەیەک دەبنەوە زۆرجار کەسوکاریان لەدیوەخانی ئاغاو شێخەکان چارەسەری دەکەنو لەم حاڵەتانەدا زۆر جار ستەمیان لێدەکرێت، سەرۆک عەشرەتێکیش دەڵێت "ئامانجی ئێمە لەچارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک ھاوکاریکردنی حکومەتو دادگایە".
محەمەد ئیبراھیم، دانیشتووی گوندێکی سنوری پارێزگای دھۆک بەئاوێنەی وت "پێش چەند ساڵێک خزمایەتیمان لەگەڵ خێزانێک بەست لەسنوری قەزای ئاکرێ، بەشێوەی ژن بەژن لەنێوان خۆمان رێککەوتین کە ئەوان کچێک بەئێمە بدەن بۆ براکەم، ئێمەش خوشکی خۆمان بەئەوان بدەین، سەرەتا کچەکەی ئەوانمان گواستەوە بۆ براکەم، ھیچ کێشەمان نەبوو دوای ماوەیەک بنەماڵەکە داواکارییەکەی خۆیان گۆڕیو وتیان ئێمە ئەو کچەمان ناوێت کە سەرەتا لەسەری رێککەوتین، داوای کچی برامیان دەکرد، ئێمەش بەوتمان بەھیچ شێوەیەک ڕازی نین".
وتیشی "پاساوی ئەوان ئەوەبۆ کە کورەکەی ئەوان ڕازی نیەو حەزدەکات کچی برام ببێتە ھاوسەری، ئەوە بوو کێشەکە رۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبوو لەنێوانماندا، ھەردوکمان شەرممان دەکرد کێشەکە بگوازینەوە بۆ دادگا، لەبەر قسەو لۆمەی خەڵک، تا دواجار بەسوڵحی عەشائیری پێکھاتنێک کرا، لەبەرامبەر پێنەدانی ئەو کچەی ئەوان کە داوایان دەکرد داوای پارەکەی زۆریان دەکرد، دواتر بەسوڵحی عشائیریی لەسەر ٧٠ هەزار دۆلار پێکھاتین، کێشەکە کۆتایی ھات، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر باش نیە، چونکە ئەوان رێککەوتنەکەیان تێکدا".
لەکوردستاندا زۆرجار کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگەی دادگاو یاساییەوە چارەسەر ناکرێن، بەڵکو لەڕێگەی سوڵحی عەشائیرییەوە ناکۆکییەکان دەگەنە چارەسەرێک، کە سەرۆک عەشرەتو پیاوماقوڵانو مەکتەبەکانی کۆمەڵایەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
ئاواز نھێلی، شارەزای کۆمەڵگا لەشاری دھۆک لەمبارەیەوە بەئاوێنەی وت "بەدڵنیایی زۆر باشترە کاتێک ژنێک روبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، لەدادگاو بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت، نەک لەڕێگەی دیوەخانەوە، چونکە لەدادگا دادوەر بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە دەکاتو مافی ژنەکە پارێزراو دەبێت، نەک ئەوەی لەسەر حسابی مافەکانی ژنەکە چارەسەر بکرێت".
ئاواز نھێلی زیاتر لەچواردە ساڵە خزمەت بەمافەکانی ژنانی دھۆک دەکات، ماوەیەکی زۆر لەبەشی بەدواداچوون لەلقی دھۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کاری کردوە، ھەوڵی چارەسەرکردنی سەدان کێشەی ژنانی داوە، ئەوەش نایشارێتەوە کە زۆر ستەم لەژنان دەکرێت، ئەو وتی "لەچارەسەرکردنی کێشەکان ستەم لەژنان دەکرێت، ھۆکارەکەشی زیاتر کۆمەڵگایە، بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە کۆمەڵگایەکی هوشیارو تەندروست بنیاتبنێن، ھەروەھا دەبێت دایکو باوکان بەردەوام پاڵپشتی کچەکانیان بن".
وتیشی "پێوستە ژنانیش جیاوازی لەنێوان جۆری کێشەکان بکەنو بزانن کامە کێشەی خۆی دەباتە دادگاو کامەیان دەباتە توندوتیژی دژی ژنان، ھەروەھا کامەیان دەتوانێت لەگەڵ پیاوەکەی چارەسەر بکات".
بەوتەی پارێزەرێک ٥٠٪ی کێشەکانی ژنان لەدەرەوەی دادگا یەکلایی دەکرێنەوە، ھەروەھا ھەر جارێ کە کێشەیەک ڕووبدات کەسوکار دەستێوەردان دەکەنو ھەوڵدەدەن لەدەرەوەی دادگا کێشەکە چارەسەر بکرێت .
بەھادین یوسف، پارێزەری راوێژکار لەدادگای دھۆک بەئاوێنەی وت "ژن خۆی سروشتێکی شەرمنانەی ھەیەو وەکو پیاو نیە، کاتێک کێشەیەک ڕووبەروی ژن دەبێتەوە، کەسانی نزیکی وەکو باوکو براو مامو خاڵ دەستێوەردان دەکەنو ھەموو ھەوڵێک دەدەن کێشەکە نەگاتە دادگاو ھەر لەناو خۆیاندا چارەسەری بکەن، ئەویش بۆ ئەوەی خەڵکی بەکێشەکەیان نەزانێت، بۆیە لەسنوری پارێزگای دھۆک ٥٠٪ی کێشەکانی ژنان لە دەرەوەی دادگا یەکلایی دەکرێنەوە، نیوەکەی تریش لەدادگا".
وتیشی "لەبەڕێوەبرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لیژنەیەکی ڕاوێژکاری ھەیە، مامۆستایەکی ئایینی، پسپۆرێکی دەرونی لەگەڵ چەند کەسێکی تر کە ھەوڵدەدەن کێشەکە ھەر لەوێ چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی بگاتە دادگا، ھەر کێشەیەک کە لەدەرەوەی دادگا چارەسەر بکرێت مانای ئەوەی نیە کە ژنەکە ناگاتە مافی خۆی، بەپێچەوانەوە دەگاتە مافەکانی خۆی، لەدادگاش بەھەمانشێوە ژنەکە ھەموو مافەکانی خۆی بەپێی جۆری کێشەکە وەردەگریت ".
سەرۆک عەشرەتەکانیش لەپارێزگای دهۆک جەغت لەوە دەکەن کە لەچارەسەر کردنی کێشە ناکۆکییەکاندا مافی هەموو لایەک رەچاو دەکەنو ستەم لەکەس ناکەن.
رەزا زوبێر زێباری، سەرۆک عەشرەتی زێبارییەکان لەسنوری قەزای ئاکرێ بەئاوێنەی وت "ئامانجی سەرەکی ئێمە لەچارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک ھاوکاریکردنی حکومەتو دادگایە، کێشەی کوشتن ھەبووە لەدەڤەری ئێمە پۆلیس نەیانتوانیوە تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، ئێمە لەڕێگەی تایبەتی خۆمان توانیمانە دەستگیری بکەینو دواتر رادەستی ھێزە ئەمنیەکانمان کردوە، کێشەکانی میراتو ئەوانەی پەیوەستن بەیاسا ئەمە زیاتر پەیوەندی بەماموستایی ئایینیو دادگاوە ھەیە، ئێمە دەستتێوەردان ناکەین، کاتێکیش کە سوڵحی عەشائیریی بۆ کێشەیەک دەکەین، بە مانای ئەوە نیە ئێمە رێگری دەکەین کێشەکە ئاراستەی دادگا بکرێت، بەپێچەوانەوە ھاوکاری یاساو دادگا دەکەین، بەڵام ھەیە کێشەکەی خۆی ناباتە دادگا".
وتیشی "نزیکەی ساڵێکە کێشەکانی ژنان بەگشتی کەمبوونەتەوە، ئەوەش جێگای دڵخۆشیە بۆ ھەموومان، ھۆکارەکەشی زیاتر بۆ تێگەیشتنی خەڵک دەگەڕێتەوە، ھەروەھا دەرفەت بەکچ دراوە بەئارەزوی خۆی شوو بکاتو کەسێک ھەڵبژێریتو لەزۆر بواری تر ئازادی دراوە بەژنان، کێشەکانی ئێستا زیاتر پەیوەستن بەموڵکو زەویو بەزاندنی سنوری یەکترو کێشەی پارە خواردنەوە".


ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات