وەرگێڕان، وەرگێڕی ئەلەکترۆنی‌و کتێبەکەی ســیمۆن دو بـــۆڤوار
  2025-04-21       58       

نوری کەریم

 

    چەند ڕۆژێک دەبێت وەرگێڕانی کتێبەکەی ســـیمۆن دو بـــۆڤوارم تەواو کردووە، کە ماوەی نزیکەی شەش ساڵی خایاند. ئەم کتێبە بە زمانی فەڕەنسی Le Deuxième Sexe نووسراوە و لە ساڵی 1947دا، بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەش، وەکوو باقی کتێبە وەرگێڕاوەکانی ترم، لە زمانی ئینگلی The Second Sex - Vintage Classics 2007 و سویدییەوە Det andra Könet - Norstedts 2006 وەرگێڕاوە. بەرگی یەکەمی وەرگێڕانەکەم زێتر لە ڕووی ئینگلییەکەیەوەیە و بەرگی دووەم زێتر لە ڕووی سویدییەکەیەوەیە. لەم کتێبە دوو بەرگییەدا، ســـیمۆن دو بـــۆڤوار هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی فێمینیستییەوە، کە یەکێکە لە ڕەوەندەکانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی، وەڵام بەم پرسیارە بنەڕەتییانە بداتەوە: بوونەوەرێکی مرۆڤی لە هەلومەرجی ئافرەت (woman)دا، چۆن دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت؟ چ ڕێگاگەلێک بۆی کراوەیە؟ کامانەیان بە ڕوویدا داخراون؟ چۆن دەتوانێت سەربەخۆیی لە دۆخی ناسەربەخۆییدا بژێنێتەوە؟ چ هەلومەرجگەلێک ڕزگاری ئافرەت سنووردار دەکەن و چۆن دەتوانێت بە سەریاندا سەربکەوێت؟ لە پاڵ ئەم پرسیارانەدا، زۆر باسی گرنگی تر دێنە ئاراوە. بۆ نموونە: جیاوازیی پەیوەندیی هەر یەک لە دایک و باوک بە منداڵەکانیانەوە؛ کاریگەریی درەنگ شیربڕینەوە لە منداڵی کچ لە چیدایە؟ جیاوازیی پەروەردەکردنی کوڕ و کچ لە ناو خێزاندا؛ سپاردنی ئیشی ناوماڵ بە کیژۆڵە، تا چ ئەندازەیەک دروستە؟ دەستپێکی زایەندی (sexual)ی کوڕ و کچ؛ مانگی هەنگوینی بۆ ئافرەت، بە چ واتایەک دێت؟ جیاوازیی جۆشوخرۆشی سێکسی ئافرەت و پیاو چۆنە؟ کاریگەرییەکانی خوێنی مانگانە (menstruation: الحيض)، دووگیانی و لەخوێنچوونەوە (menopause: إنقطاع الطمث) بە سەر ئافرەتەوە چین؟ لەباربردن، لەباربردنی یاسایی و سنووردارکردنی دووگیانی؛ بۆچی ئافرەتی دووگیان، دوو خەیاڵی دژ بە یەکی هەیە سەبارەت بە کۆرپەلەکەی (foetus)؟ ئافرەت چۆن هەست بە دووگیانی و دایکایەتیی خۆی دەکات؟ گەنجتر بوونی ژن (wife) بەرامبەر بە مێرد (husband)، بە واتای چی دێت؟ کەڵکی هەرە گرنگی باخچەی ساوایان و منداڵان لە چیدایە؟ ئیشی ناوماڵ، خۆڕازاندنەوەی ئافرەت، جلوبەرگی؛ هاومێخوازی (lesbian)؛ دیاردەی سێکسفرۆشی؛ بۆچی تا ئێستا ئەفسانەی سندرێلامان پێخۆشە؟ بەرابەری لە نابەرابەریدا (equality in inequality)، بە چی واتایەک دێت؟ ڕۆڵی ڕێکخراوی مەدەنی ئافرەتان؛ ئافرەتانی عەشقی مەزن کێن؟ هەروەها گەلێک قسەوباسی تر سەبارەت بە پەیوەندی ناو خێزان، پەیوەندیی ژنومێردایەتی، فۆرمی تری پەیوەندیی نێوان پیاو و ئافرەت؛ ئینسیسێت (incest: سفاح القربى)؛ هاوزایەندخوازی (homosexuality: مثلية جنسية) ... بێگومان بۆ خوێنەر زۆربەی ئەم قسەوباسانە نوێن، دەکرێت بۆی سەخت بێت قبووڵیان بکات. تەنانەت بۆ بیروبۆچوونی زاڵی ناو کۆمەڵگا زێتر سەختترن. هەر لەو پەیوەندەدایە، کە ڤاتیکان لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم کتێبەوە تا ساڵی 1966، دەیخاتە ناو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانییەوە. هەروەها لە وڵاتێکی وەک سویدندا، کە بیروبۆچوونی بەرابەرخوازی بەراورد بە باقی وڵاتانی ئەورووپایی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەم کتێبە بە کەموکوڕییەکی زۆرەوە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا، وەرگێڕدرا بۆ زووانی سویدی؛ ئینجا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا، بۆ جاری دووەم و بە تەواوەتی وەرگێڕدرا. بە جیا لەوەی خوێنەر هەر یەک لەم قسەوباسانە قبووڵ دەکات یان ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام زۆر پرسیاری لا دروست دەکات، وای لێدەکات چاوێک بە هەموو ژیانی خۆیدا بخشێنێتەوە، زۆر کێشە هەیە کە هاتۆتە ڕێی و ئێستا لە بیری چۆتەوە، بیری بکەوێتەوە و بە چاوێکی ترەوە سەیری بکات. ئەمە لایەنێکی زۆر گرنگی ئەم کتێبەیە. هەر لەم پەیوەندەدایە، کە تاکوو ئەمڕۆ لە زانکۆکانی سویدن، نەرویج و ... ، وەکوو وانەیەک دەخوێندرێت. لە کۆمەڵگای باوکسالاریدا بێت، کە مرۆڤەکان بە پێی زایەند دابەش دەکرێن، یان لە هەر کۆمەڵگایەکی تردا، وەکوو کۆمەڵگای کۆیلایەتی، سەرمایەداری ...، کە بەردی بناغەی نابەرابەری مرۆڤەکانە، لە ناو یاسا، فەرهەنگ، دابونەریتی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری مرۆڤەکاندا بیروبۆچوونی باوکسالاری ڕەنگدانەوەی هەیە. لە هەموو ئەم کۆمەڵگایانەدا، ئافرەت ئەوێکی ترە، ستەم لێکراوە، ناچالاک و ناسەرەکییە. هەر لەم تێڕوانینەوە، سیمۆن دو بۆڤوار وەڵام بەو پرسیارە بنەڕەتییانە دەداتەوە. ئافرەت ئەوێکی ترە و دەکرێت بە زایەندەکەی تر واتا بکرێت. زایەند بە واتای مێ یان نێر دێت. ناونیشانی وەرگێڕانەکەی من دەبێت بە (زایەندەکەی تر). 'زایەندەکەی تر' سەرەکیترین زاراوەی کتێبەکەی سیمۆن دو بۆڤوارە و هەروەها بەشێک لە ناونیشانی وەرگێڕانی کتێبەکە بۆ زووانەکانی تر، هەر بەم ناونیشانەیە هاتوون.

   دەکرێت ئاستەنگەکانی تێگەیشتنی خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەندێک لە خوێنەرانی کوردیی زووان، خۆیان ببینەوە لەم چەند خاڵەدا:

یەکەم: نووسەر بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی خۆی، گەلێک جار ئاماژە بە ئەفسانە گریکییەکان، ڕۆمانییەکان و ... دەکات. کە دەشێت خوێنەر بەم ئەفسانانە ئاشنایەتییەکی کەمی هەبێت.

دووەم: نووسەر زۆر جار بۆ دەربڕینی سەرنج و بۆچوونەکانی خۆی، پشت دەبەستێت بە هێنانەوەی وتەی قارەمانانی ناو ڕۆمانگەلێکی وێژەی ئەورووپی، کە دەکرێت خوێنەر نەک هەر ئاشنایی نەبێت بەو ڕۆمانانە، بەڵکوو هەتا ناوی نووسەری هەندێک لەم ڕۆمانانەی نەبیستبێت.

سێیەم: زاراوەکانی ناو ئەم کتێبە. لەو ڕوانگەیەوە کە نووسەر کتێبەکەی پێنووسیوە، زۆر زاراوە دێنە ئاراوە، کە دەکرێت بۆ خوێنەر نەزانراو بێت و تەنانەت تێگەیشتنی هەر وا ئاسان نەبێت. بۆ خۆم پێم وایە، وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ زووانی کوردی، کە شایەنی تێگەیشتن بێت بۆ زۆربەی خوێنەران، لە گرەوی چۆنیەتیی وەرگێڕانی ئەم زاراوانەدایە. دەکرێت ئەم زاراوانە پۆلین بکرێن بۆ دوو بەش. بەشێکیان واتایەکی زیندەزانییان هەیە، کاتێک کە پیاو یان ئافرەت وەکوو بوونەوەرانێکی مرۆڤی ئاماژەیان پێدەکرێت، هەر وەکوو زاراوەکانی تری زیندەزانی، هیچ لایەنێکی ئەرێنی یان نەرێنییان نییە. بەشەکەی تریان زاراوەگەلێکن کە بەرهەمی هاتنە کایەی شارستانییەتیی کۆمەڵگای باوکسالاریییە و لە کۆمەڵگاکانی دواتردا ڕەنگدانەوەیان هەیە. هەموو ئەم زاراوانە واتایەکی نەرێنییان هەیە. لەم کۆمەڵگایانەدا مرۆڤەکان وەک مرۆڤ لەدایک دەبن، بەڵام لە کۆمەڵگای باوکسالاریدا دەبن بە ئافرەت و پیاو، لە کۆمەڵگای کۆیلایەتیدا دەبن بە کۆیلە و کۆیلەدار، ... تەنانەت هەندێک لە وشە و زاراوەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایانە گومڕاکەرن، ناکرێت بهێنرێنە ناو قسەوباسی زانستییەوە. بۆ نموونە، ناشێت (menstruation: الحيض) بە 'سووڕی مانگانە' واتا بکرێت، چونکە ئەم دیاردە کارئەندامزانییە بۆ خۆی قۆناغێکە لە سووڕی مانگانەخوێن (menstrual cycle: دورة شهرية). دروست نییە (abort) بە 'منداڵ لەباربردن' واتا بکرێت، چونکە ئەمە تێکەڵ کردنی سێ قۆناغی جیاوازی دەستپێکی ژیانی مرۆڤە. لە پاش پیتاندنی هێلکە قۆناغی زیندۆڵە (embryo) و قۆناغی کۆرپەلە (foetus) دەست پێدەکەن. پاشان کە کۆرپەلە بەدونیا هات، ئەوسا پێی دەوترێت منداڵ. هەروەها ناگونجێت (prostitution) بە 'لەشفرۆشی' واتا بکرێت، بەڵکوو دەبێت دروست بە 'سێکسفرۆشی' واتای بکرێت. ئەوسا ئیتر 'سێکس' وەک کاڵایەکی خزمەتگوزاری جێگەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت، دەکرێت وەک هەر کاڵایەکی تر کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت و ئەو کارە وەک پیشەیەک پێناسە بکرێت. بۆیە لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەوەی لە کوردستاندا هەیە، کە نوقمی دابونەریتی باوکسالاری، ئایینی و خێڵەکی بووە، تا ئەو ئاستە کە ئەگەر دوو پیاو لە ناو بازاڕدا لە سەر کێشەیەک بە شەڕ بێن، ئەوا بە هەر دووکیان ئافرەتان تێر جنێو دەکەن. ناکرێت لە ناو کۆمەڵگایەکی وەهادا، هەر وا بە ئاسانی لە نێو وشەی زووانی کوردیدا بە دوای زاراوەکانی کتێبێکی وەها بەم ڕوانگەوە، بگەڕێین. دەکرێت بۆ هەندێکیان وشەی گونجاو بدۆزرێنەوە یان تەنانەت لە پاش داڕشتنەوەی بە کەڵک بێن. بەڵام بۆ زۆربەیان، دەبێت لە پاش گەڕان بە دوای زانیاری و لێکۆڵینەوەی ورد، زاراوەیان بۆ دابهێنرێت و پێناسە بکرێن. پاشان دەبێت ئەم زاراوە داهێنراوانە لە تەواوی وەرگێڕانەکەدا، لە پەیوەندگەلێکی جۆراوجۆردا، واتاکانی خۆیان بدەنەوە. ئەگەر ئامانجی وەرگێڕی کتێبێکی وەها ئەوە بێت، کە خۆی ببینێتەوە وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی کۆمەڵێک بیروبۆچوون و هزر، ئەوا نەک هەر دەبێت وەفادار بێت بەو دەقەکەوە کە وەری دەگێڕێت، بەڵکوو دەبێت هەلومەرجی خوێنەریش لەبەرچاو بگرێت. ئەو خوێنەرەی کە تەنیا زووانی کوردی بە باشی دەزانێت، نەک تەنیا فەرهەنگەلێکی باشی لەم بواردا لەبەردەستدا نییە، بەڵکوو بۆ ئەو، ئینتەرنێت و گۆگل لە جێگەی نەبووانن. بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێکی وەها، دەبێت وەرگێڕ بە سەدان سەرنج و پەراوێز بنووسێت.

 

   پێش ئەوەی دەست بکەم بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە، لە فەیسبووکی خۆم و سایتی ئەلەکترۆنی ئاوێنەدا، لە بەرواری 13.10.2019دا، وتارێکم بە ناوی (ڕەگەزی دووەم  سیمۆن دو بۆڤوار) بڵاو کردەوە، تێیدا ئاماژەم پێکرد بوو، کە بە نیازم ئەم کتێبە وەربگێڕم و داوام کرد بوو، ئەگەر کەسێک یان دەزگایەک خەریکی وەرگێڕانیەتی، با ئاگادارم بکاتەوە، بۆ ئەوەی من دەست بۆ ئەو کارە نەبم. تا چەند مانگێک چاوەڕوان بووم، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندییان پێوە نەکردم. لەپڕ ئاگادار بوومەوە، کە (دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە) هەستاوە بە وەرگێڕان، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بە ناوی (سیمۆن دیبۆڤوار  ڕەگەزی دوەم  وەرگێرانی: دەستەیەک وەرگێڕ).

   یەکسەر داوای کتێبەکەم کرد و لە کۆتایی ساڵی 2021دا بە دەستم گەیشت، بەو هیوایە بووم، کە ئەم وەرگێڕانە لە وەرگێڕانەکەی من باشتر بێت و بەو جۆرە من لەو ئەرکە ڕزگارم بێت. لە کاتێکدا ئەو وەرگێڕانەی دەزگای ئایدیام بە دەست گەیشت، کە من کتێبەکەم بەو دوو زووانە خوێندەبۆوە و تا نێوەی کتێبەکەشم وەرگێڕا بوو. هەر کە دەستم کرد بە خوێندنەوەی، تووشی حەپەسان بووم، بینیم ڕستەکانی پچڕپچڕن و زۆر ڕستەی ناتەواون. منێک کە کتێبەکەم چەند جار خوێندەبۆوە و بەشێکم لێوەرگێڕا بوو، هیچی لێ حاڵی نەدەبووم. بینیم تەنانەت کەڵكی ئەوەی پێوە نییە پێی بوترێت، وەرگێڕانێکی خراپە. ڕاستییەکەی نەم دەزانی بۆچی ئاوایە، تا پەیوەندیم بە چەند هاوڕێیەکەمەوە کرد لە سلیمانی، ئەوان پێیان وتم، کە ئەگەری زۆرە ئەو کتێبە بە کۆمپیوتەر وەرگێڕدرا بێت. پاشان بە بەرپرسی ناوەندی ڕەهەندەوە پەیوەندیم گرت. بەڕێزی وتی، 'من بۆ خۆم ئەو کتێبەم نەخوێندۆتەوە، بەڵام دامان ناوە بۆ فرۆشتن و ئەوەندەی من پرسیارم لەو کەسانە کردووە کە کتێبەکەیان کڕیوە، دەڵێن وەرگێڕانەکەی زۆر خراپە'. بۆ یەکەمین جار لە زمانی ئەوەوە دەستەوشەی 'وەرگێڕی ئەلەکترۆنی'م بیست. بە درێژی باسی پاشاگەردانی کرد لە وەرگێڕانی کتب و بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە لە وەرگێڕانی ئەلەکترۆنی. بۆ خۆم ئەو سایتە ئەلەکترۆنییەم دۆزییەوە (https://archive.org/details/1949SimoneDeBeauvoirTheSecondSex/page/20/mode/2up) کە کتێبەکەی دەزگای ئایدیای لێوە وەرگیراوە و ئەو دەقە ئەلەکترۆنییەم بەراورد کرد لەگەڵ ورگێڕداروەکەی، بە تەواوی دڵنیا بوو کە ئەمە وایە. ئینجا بە بەرواری 23.6.2022 کاتژمێری 18:30 ئەم نامەیەم بۆ بەرپرسی دەزگای ئایدیا نارد.

 

 " بەڕێز کاک ئەنوەر حسێن سڵاو

بەرێز! ئێستا من ئەو کتێبەی (سیمۆن دیبۆڤوار، بە ناوی ڕەگەزی دوەم)ەم لەبەر دەستدایە، کە لە لایەن دەزگاکەی ئێوەوە چاپ کراوە. بۆ خۆم نەک هەر بە کتێبەکە ئاشنام، بەڵکوو وشە بە وشەی تەواوی لاپەرەکانی دەزانم. بۆیە دڵنیا بە، بەبێ هۆ لە خۆمەوە ئەم پرسیارەت لێ ناکام. زۆر ڕاشکاوانە پرسیارت لێ دەکەم، ئایا بۆ خۆت ئەو کتێبەت خوێندۆتەوە، یان تەنانەت ئەگەر چەند لاپەڕەیەکیشی بێت؟ وە ئەگەر خوێندوتەوە، چۆن ڕێگات بە خۆت دا چاپ و بڵاو بکرێتەوە؟

من چاوەڕوانی وەڵامتم.

لەگەڵ ڕێزی دووبارەم بۆتان.

نوری کەریم"*

 

  پاشان دوو بەڕێزی تر لە دەزگای جیاوازی چاپەوە، پەیوەندییان پێوە کردم بە مەبەستی هاوکاریکردنیان بۆ وەرگێڕان. لەگەڵ هەر دووگیان باسی ئەو کتێبەم لەگەڵیان کرد، ئەوان لەو سەری هاتبوونەوە. تەنانەت لەگەڵ یەکێکیان کە من پێداگریم دەکرد لە سەر ئەوەی، کە ناکرێت کتێبێکی وەها وەرگێڕانی ئەلەکترۆنی بۆ بکرێت، لە کۆتاییدا پێی وتم، 'برا بۆ ناکرێت، ئەی ئەوە نییە لەبەر دەستی تۆدایە، بۆ دەکرێت هێلکەیەک پێش ئەوەی لە قنگی مریشکێک بێتە دەرەوە، دێتە ناو بازاڕەکانی سلێمانی و هەولێرەوە، بۆ ناکرێت کتێبێک بەو شێوە وەربگێڕدرێت.' ئەوەی جێگەی سەرسامیم بوو لەگەڵ ئەم سێ بەڕێزە ئەوە بوو، کە لەگەڵیان چەند هەوڵم دا، ئەم کارە قێزەونە شەرمەزار بکەن، کەچی ئامادە نەبوون. پاشان لە کلیپ ڤیدۆیییەکدا، چالاکەوانێکی بواری ئافرەتانم بینی، بۆ چەند میدیایەک قسەی دەکرد. لە پشتییەوە ئەو کتێبەی دەزگای ئایدیا دانرا بوو. لە ڕێگای مەسینجەرەوە پەیوەندیم پێوە کرد و لە سەر ئەو کتێبە لەگەڵی دوام. بەڕێزی وتی، "لە ناو کتێبخانەکەمدا، لە جیاتی یەک دانە، دوو دانە لەو کتێبەم هەیە. بەڵام چەند زۆر هەوڵم دا بیخوێنمەوە، بەڵام هیچی لێتێنەگەیشتم. لەو پەیوەندەدا نامەیەکم بۆ بەڕێز ئەنوەر حسێن بازگر نووسیوە و پێم وتووە: ئێوە گەلەکۆمەکێتان لەو کتێبە کردووە."

   وەرگێڕانی ئەلەکترۆنی، ئیتر بۆ هەر زووانێک بێت، ڕستە بە ڕستە و جیا لە یەکتری ڕستەکان وەردەگێڕێت. پچڕپچڕی وەرگێڕاوەکەی دەزگای ئایدیا لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم کتێبەی سیمۆن دو بۆڤواردا، مرۆڤی مێینە تا تەمەنی یەکەم جاری دەستپێکی خوێنی مانگانەی، بە کچ ناوی دەبات و لەوەو دوا بە ئافرەت، بەڵام لە کتێبە ئەلەکترۆنییەکەدا، هەموو دەستەوشەی 'ئافرەتی گەنج'ی کردووە بە 'کچ'، کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و وەرگێڕاوەکەی دەزگای ئایدیا هەمان هەڵەی گواستۆتەوە. دەکرێت لە هەر بەشێکی وەرگێڕاوەکەی دەزگای ئایدیا بە دەیان هەڵەی زەق دەست نیشان بکرێن، چ لە ڕووی وەرگێڕانی وشە و زاراوەوە بێت یان لە هەر ڕوویەکی ترەوە. من لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە:

   . لاپەڕە: 11، دێڕی: 7. (مێیینەی ئەزەلی)، کە لەمەوە (eternal feminine) وەرگێڕدراوە. زاراوەی (feminine) بە واتای 'ژنانە' دێت نەک 'مێیینە'. دەستەوشە ئینگلییەکە دەبێت بە (ژنانەی هەمیشەیی). ئەم هەڵەیە لە تەواوی وەرگێڕانەکەی دەزگای ئایدیادا دووبارە بۆتەوە. ئەمە تەنیا هەڵەیەکی وشەیی نییە، بەڵکوو تێنەگەیشتنە لە جیاوازیی نێوان زاراوەیەکی زیندەزانی و زاراوەیەک کە بەرهەمی شارستانییە.

   . لاپەڕە: 86، دێڕی: 30. (مێگەلە بەرایییەکان)، کە لەمەوە (primitive hordes) وەرگێڕدراوە. وشەی 'horde' بە واتای 'خێڵ' دێت نەک 'مێگەل'. دەستەوشەکە دەبێت بە (خێڵە سەرەتایییەکان).

   . لاپەڕە: 546. دێڕی: 15. (قاپە فەلەمەنگییەکان)، کە لەمەوە (Flemish dishes) وەرگێڕدراوە. وشەی 'dish' هەم بە واتای 'قاپ' دێت هەم بە واتای 'ژەمەخواردن'، کە لێرەدا تەنیا بە واتای 'ژەمەخواردن' دێت. دەستەوشەکە دەبێت بە (ژەمەخواردنەکانی فلامی).

   . لە لاپەڕە: 521. دێڕی: 6. (flesh) بە واتای (جەستە) هاتووە، لە لاپەڕە: 562. دێڕی: 12. بە واتای (لاشە). بەڵام لە ڕاستیدا (flesh) نە بە واتای 'جەستە' دێت نە بە واتای 'لاشە'، بەڵکوو بە واتای 'گۆشتی مرۆڤ' دێت. لەم کتێبەدا واتایەکی تایبەتی تری هەیە. وەک نموونە، 'مەمکی ئافرەت'، کە ئۆرگانێکە بە ئافرەتەوە، بەڵام لە چاوی دڵدارەکەیدا بە 'گۆشت' چاوی لێدەکات، هەر وەکوو چۆن ڕاوچی بە دوای گۆشتەوەیە.

   . لاپەڕە: 647. دێڕی: 24. (کاتێک کە بێ باکانە ئەم شەمەندەفەرە درێژەم بە دوای خۆمدا ڕادەکێشا، ئاگەداربووم شوستەکان دەسڕمەوە)، کە لەمەوە (Dragging insouciantly my long my long train behind me, I was conscientiously sweeping the pavement) وەرگێڕدراوە. وشە 'train' وەک ناو بە واتای 'شەمەندەفەر' دێت و وەک کردار بە واتای 'بە دوا خۆدا ڕاکێشان' دێت. ڕستە کە دەبێت بە (دامێنی کراسەکەم ئەوەندە درێژ بوو کە بە دوای خۆمدا ڕام دەکێشا، شۆستەکانم پێ پاک دەکردەوە ...).

   لەوە دەچێت وەرگێڕاوەکەی دەزگای ئایدیا، بۆی گرنگ نەبێت خوێنەر لە کتێبەکەی تێدەگات یان نا. بڕێکی ئێجگار زۆر لە وشە و زاراوە تێدایە، کە دەبووایە پەراوێز یان سەرنجیان بۆ بنووسرایە. لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە لە هەزاران نموونە:

   . لاپەڕە: 59. دێڕی: 15. زاراوەی (فالوس). کە من بە (نێرتک: phallus) واتام کردووە. 'نێرتک' واتای هەمان وشەی 'نێرک'ی هەیە، وەک نێرکی کاهوو. لە لێکۆڵینەوەی هونەری و ئەفسانەییی دەروونناسیدا، بە چووک دەوترێت لە حاڵەتی ڕەپیدا، یان هەر وێنەیەک، پەیکەریەک یان ڕووەکێک، کە ئەمە پیشان بدات یان وەبیر بهێنێتەوە بە 'نێرتک' ناو دەبردرێت.

   . لاپەڕە: 687. دێڕی: 18. (Julot) بە 'جیلۆ'ی نووسیوە لە جیاتی 'ژولو'، بە بێئەوەی هیچ سەرنجێکی لە بارەیەوە بنووسێت، کە ئەم کەسە کێیە. 'ژولو' ناوێکی فەڕەنسییە، بە پیاوێک دەوترێت کە پیشەکەی دەڵاڵی سێکسە.

   . لاپەڕە: 686. دێڕی: 10. (ســــن ــ لازار Saint-Lazare) ناوی زیندانێکە لە پاریس و لە ساڵی 1935وە کراوە بە خەستەخانە. لە دوو بۆنەی جیاوازدا، دیمانە لەگەڵ دوو ئافرەتدا دەکرێت، کە یەکێکیان زیندانییە و ئەوی تریان نەخۆشە. ئەگەر خوێنەر ئاگاداری ئەم گۆڕانەی زیندانە نەبێت بۆ خەستەخانە، ئەوا دەکرێت ناڕوونی بۆ بێتە پێشەوە.

   . یەکێک لە هۆکانی تێنەگەیشتن لە وەرگێڕانەکەی دەزگای ئایدیا، دەگەڕێتەوە بە جیانەکردنەوەی ئەم سێ زاراوەیە لە یەکتری (سێکسفرۆش: prostitution، سۆزانی: courtesan و هیتایرە: hetaera). 'prostitution'ی بە 'لەشفرۆش' واتا کردووە، بەڵام لە لاپەڕە: 681. دێڕی: 1. بە 'دۆست'. 'courtesan'ی لە لاپەڕە: 74. دێڕی: 26. بە 'کەنیزەک' واتا کردووە، لە لاپەڕە: 109. دێڕی: 10. بە 'سۆزانی'. 'hetaera'ی لە لاپەڕە: 109. دێڕی: 16. بە 'هێتێراس' واتا کردووە، لە لاپەڕە: 203. دێڕی: 28. بە 'سۆزانی'.

   . سێ زاراوەی سەرەکی لە کتێبەکەدا هەیە، کە بە درێژاییی کتێبەکە، دووبارە دەبنەوە، کە وایان لە وەرگێڕانەکەی دەزگای ئایدیا کردووە، کە زۆر ناڕوون بێت. ئەم زاراوانە ئەمانەن: (sex: زایەند، sexual: زایەندی و sexuality: زایەندێتی). لە وەرگێڕانەکەی دەزگای ئایدیادا ئەم سێ زاراوەیە بەم جۆرە واتا کراون: (ڕەگەز، سێکسی و سێکسواڵیتی). 'ڕەگەز' بە زووانی ئینگلی بە واتا 'race، العرق' دێت. بۆ نموونە سەگ چەندان ڕەگەزی هەیە، ڕەگەزی سەگی ڕاو لە ڕەگەزی سەگی پشکنین، لە ڕووی جینییەوە زۆر جیاوازە. بەڵام مرۆڤ تەنیا یەک ڕەگەزی هەیە. مرۆڤی نێر و مێی هەیە، هیچ جیاوازییەکی بۆماوەیی genetic differentiation لە نێوانیاندا نییە بۆ ئەوەی بە ڕەگەز ئاماژەیان پێبکرێت. (بێ هۆ نییە لە کوردستاندا، کە دابونەریتی باوکسالاری و وەهمپەرستی تاساندویەتی، جیاوازی مرۆڤی نێر و مێ، بە جیاوازیی ڕەگەزی بزانرێت). هەروەها زاراوەی 'sexual' کە بە 'سێکسی' واتا کردووە، ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و ناڕۆشنی زۆر دەهێنێتە پێشەوە. 'sexual' بە واتای 'زایەندی' دێت، پەیوەندیی زایەندی لە پێویستی زیندەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. پێویستی زیندەزانی خۆی لە پاراستنی ژیان و نەوەخستنەوەدا دەبینێتەوە. لە نەوەخستنەوەدایە کە ئارەزووی سێکسی دێتە ئاراوە. دەکرێت پیاوێک و ئافرەتێک خۆشەویست و ڕێزی لە نێوانیدا هەبێت (وەک ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان کچ بۆ باوک یان بۆ براکەی هەیەتی یان کوڕە خوێنکارێک بۆ ژنەمامۆستاکەی)، بەبێ ئەوەی حەزێکی سێکسی هەبێت لە نێوانیاندا. ئەم جۆرە پەیوەندییە زایەندییە، کە هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لە خۆ ناگرێت، پێی دەوترێت پەیوەندییەکی پلاتۆنیکی.

   وەرگێڕانەکەی دەزگای ئایدیا نەک سەرنج و پەراوێزی پێویستی نەنووسیوە، بۆ ئەوەی خوێنەر تێی بگات، بەڵکوو هەتا بۆ بەشێکی زۆری وەرگێڕانەکەی، ئەوانەشی نەنووسیەوە کە لە کتێبە ئەلەکترۆنییەکدا هەن. بۆ نموونە، لە پێشەکییەکەدا، 11 سەرنج و پەراوێزی هەیە، هیچیانی نەنووسیوە. هەروەها لە بەشی یەکەم: چارەنووسدا، 23 دانە. لە بەشی دووەمدا: مێژوو، 186 دانە. ...

   دەشێت ئەو هێڵکەیەی کە هێشتا مریشک نەیکردووە و دێتە بازاڕەوە یان ئەو دەرمانە بەسەرچووانە کە نەخۆش دەیان کڕێت، زیانێکی ڕەستەوخۆ و هەستپێکراو بە هاوڵاتی بگەیەنن. بەڵام کارێکی وەهای قێزەونی دەزگای ئایدیا کاریگەری دەستبەجێی ئەوەیە، کە ڕێگری دەکات لەوەی کتێبێکی وەها وەربگێڕدرێت و لە درێژماوەدا زیان بە ئاستی ڕۆشنبیری دەگەیەنێت.

 

*   وەڵامی نامەی دەزگای ئایدیا بە نامەکەی من: 29.6.2022 15.43

سڵاو کاک نووری ئەم کاتەت باش...

خۆشحاڵین کە کتێب و بەرهەمەکانمان گەیشتوە بە ئێوەی بەڕێز، بە تایبەت کە وەک خۆت ئاماژەت پێ داوە وشە بە وشەی شارەزا و ئاشنایت. ئێمە پێمان وایە دەکرا بە جۆرێکی دیکە و بە شێوازێکی دیکە نامەکە ئاڕاستەی ئێمە بکەیت. بەڵام بەهەرحاڵ بە قسەکانتدا وەها دەردەکەوێت، وەرگێڕانەکەت پێ خراپ بێت. ئەمە شتێکی سروشتییە و مافی خۆتە هەر سەرنجێکت هەبێت، بەڵام پێویست بە توڕەبوون ناکات.

 لەو بارەیەوە ئێمە بۆچوونمان ڕوونە و بۆ بەڕێزت و هەر کەسێکی دیکە دەڵێین: (ئێمە ئەم کارەمان بە باشترین شێوە کە خۆمان پێمان وایە تەرجەمە کردوە، پێش ئێمەش هیچ چاپێکی وەرگێڕدراوی کوردیی تری ئەم کتێبە نەبوە، بۆیە هەر کەسێک پێی وایە ئەم دەستپێشخەرییەی ئێمە باش نەبوە، دەپرسین چی ڕێگر بوە کە ئێوەش هەمان هەنگاو بنێن ئەگەر بە باشتر لەمە تەرجەمەتان کردوە؟ ئەگەر هیچ وەرگێڕانێکی باشتر لەمەی ئێمە لە ئارادا نییە، کەواتە دەپرسین دەبێت تا کەی خوێنەرانی کورد چاوەڕوانی ئەو وەرگێڕانە بێگەردە بن کە بڕیارە بێت و ناشیەت و ناشزانرێت کە ئایا بێگەردە یان نا!؟ لەم سۆنگەیەوە ئێمە پێمان وایە کارێکی باشمان کردوە، گەلێک خۆشحاڵیش دەبین کە کەسێکی دیکە ئەم کارە بە باشتر بکات، چونکە لای ئێمە ئامانج ناوی دەزگاکە نییە، بەڵکوو گەیشتنی کتێبەکەیە بە خوێنەر).

لەگەڵ ڕێزدا

دەزگای ئایدیا

29/6/2022

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×