ڕەشید وەحتی
وەرگێڕانی: سامان عەلی
دوێنی (ڕۆژی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥) مۆمی ژیانی ڕۆماننووسی پیرۆیی ماریۆ ڤارگاس یۆسا (1936 - 2025) کوژایەوە، یۆسا لە دوای خۆی ژمارەیەکی زۆر دەقی گێڕانەوەیی و ڕەخنەیی بەجێهێشت، جێی باسە چەندین وەرچەرخان و بارگۆڕینی سیاسی ژیانی یۆسایان سمی، هەر لە چوونە پاڵ چەپی ئازادیخوازەوە تا بە پەیڕەوکردنی گوتارێکی نیولیبراڵیی ڕاستڕەوانەی نزیک لە فاشیستانە دەگات.
یۆسا یەکێک بوو لە دیارترین ئەو ئەدیبانەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبی ساڵی ٢٠١٠ی وەرگرت، «لەبەر ئەو نەخشانەی بۆ پەیکەرەی دەسەڵات و ئەو وێنەیەی سەبارەت بە بەرەنگاریی تاکەکەسی و شۆڕش و شکست کێشانی"، بەگوێرەی ئەو لێدوانەی لە کاتی خۆیدا لەناو ڕاگەیاندنە ڕۆژنامەنووسییەکەی ئەکادیمیای سوێدیدا ئاماژەی بۆ کراوە.
یۆسا، وەک ژمارەیەک لە نووسەرە ئیسپانی- ئەمەریکییەکان، بەشداریی لە سیاسەتدا کرد، هاودەم و هاوڕێ لەگەڵ هەندێک هەڵوێستدا کە پەیتا پەیتا لە کۆمۆنیزمەوە بەرەو نیولیبرالیزم وەرگۆڕا کاتێک لە هەریەک لە بەڕازیل و چیللی پشتگیری لە پاڵێوراوانی ڕاستڕەوی پەڕگیر کرد و ساڵی١٩٩٠ بە پشتگیریی هاوپەیمانێتیی "بەرەی دیموکراسی" (ڕاستی مامناوەندی لیبراڵ) بەربژێر بوو بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی پیرۆ، بەڵام لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا بە ئەلبێرتۆ فۆجیمۆریی پۆپۆلیستی ڕاستڕەو دۆڕا.
لە پاش ئەم شکستە، یۆسا پیرۆی بەجێهێشت و بە تەواوی لە مەدرید گیرسایەوە. یۆسا، کە بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئیسپانی داوای پێشکەشی حکومەتی ئیسپانی کرد، ساڵی١٩٩٣ لەلایەن حکومەتەکەی فیلیپۆ گۆنزالیسەوە ڕەگەزنامەی پێ بەخشرا، بە زاری خۆی ددانی پێدا دەنێت و دەڵێت بارتەقای ئەوەی هەست بەوە دەکەم کەسێکی خەڵکی پیرۆم، هەست دەکەم کەسێکم خەڵکی ئیسپانیام. ئەم بەدەستهێنانەی ڕەگەزنامەی دووەم لە پاش تەنها سێ ساڵ لە خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتەکەی، لە پیرۆ کاردانەوەی نەرێنیی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
یۆسا لە ماوەی پێگەیین و خوێندنیدا، ئەدەب و یاسای لە "زانکۆی قەدیس مارکوس" خوێند و هاوتەریب وەک هەڵەگری ئەدەبی و پاشان وەک یاریدەدەر لە بەشی سینەما لە گۆڤاریLiteratura و ڕۆژنامەی El Comercio ( لە نێوان ساڵانی 1957 و 1958 کاری کرد.
یۆسا لە کاتی خوێندنەوەدا کارەکانی سارتەر و مارکسیزمی دۆزییەوە، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەجێهێشت. هەروەها لە دژی دیکتاتۆرییەتی سەربازیی ژەنەڕاڵ مانوێڵ ئۆدریا چاکی تێکۆشانی لێ کرد بە لادا. ماوەیەکی کەم چووە ڕیزەکانی لقی قوتابییانی پارتی کۆمۆنیستی پیرۆ، هێندەی نەبرد وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە هێڵی ستالینیی ڕێکخستنی پارتەکە سەبارەت بە هونەر و ئەدەب، پارتەکەی بەجێهێشت. بە هۆی دەرفەتێک کە بۆ درێژەدان بە خوێندنی زانکۆ لە زانکۆی ناوەندیی مەدرید پێیبەخشرا، لە مەدرید درێژەی بە خوێندنەکانیدا و لەوێ لە ساڵی١٩٥٨دا بەرگری لە تێزەکەی خۆی سەبارەت بە ڕۆبین داریۆ کرد.
زەنگینیی هونەریی و ئایدیۆلۆژیی
شان بە شانی کۆرتاسار، فۆینتس، ڕۆڵفۆ، مارکیز، ئۆنیتی، یۆسا بە یەکێک لە ناوە هەرە گرنگەکان لە قەڵەمبازی ئەدەبی لاتینیی ئەمەریکی، لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو، لە قەڵەم دەدرا؛ کاتێک بە پلە و ڕادەی جیاواز لە گێڕانەوەی باو لە ژێر کاریگەریی جووڵانەوە ئەدەبییە ئەوروپی و ئەمەریکییە باکوورییە نوێخواز و پاشنوێخوازەکان دوورکەوتنەوە، کە تەکنیکی داهێنەرانەیان سەبارەت بە ئاڵۆزکردنی هێما ئەندێشەییەکان و، فرەیی ڕوانگەکانی گێڕانەوە و، فرەدەنگیی گێڕەرەوەکان و، ڕوونکردنەوە یاخود شلکردنەوەی ڕیزبەندیی کات و، پشتبەستن بە مەنەلۆگی ناوەوە یاخود تەنانەت فیچقەکردنی ئاگایی وەک جەیمس جۆیس و ویلیام فۆکنەر لێ وەرگرت. شێوازی دونیابینییەکەی، لەگەڵ هاوڕێ ڕۆماننووسەکانیدا، ئەو زەنگینییە هونەریی و ئایدیۆلۆژییەیان خستەڕوو کە کیشوەری ئەمەریکای باشووری شەقڵ کرد.
یۆسا کاتێک یەکەم ڕۆمانی خۆی بڵاوکردەوە، واتە ڕۆمانی «شارەکە و سەگەکان» (1963)، وەک مێژوونووس و ڕەخنەگرێکی ئەو شتە ناوی ڕۆێشت کە بە تێما یاخود ڕۆمان یاخود گێڕانەوە و بەسەرهاتی دیکتاتۆر لە ئەمەریکای لاتین دەناسرێت و، بە هۆیەوە لە باوی ڕیالیزمی جادوویی باو دوورکەوتەوە.
دواتر یۆسا لەگەڵ ڕۆمانی «ئاهەنگی تەگەکە» (2000) دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بابەت، کاتێک دواڕۆژەکانی تڕۆخیۆی دیکتاتۆری دۆمێنیکان دەگێڕێتەوە، بەڵام بە بڕێک کەرەستەی نووسینی پێگەیشتووتر کە تیایدا بۆلیڤۆنیا و داشۆرینە سیاسییە داستانئامێزەکان و وێناکردنی ڕۆمانسییانەی دەسەڵات لە ڕێگای ڕۆحە ئیبیرییە ئەمەریکییە پەتییەکەیەوە لە ڕۆمانەکەدا وەبەردەهێنێت.
یۆسا لە 25 تشرينی دووەمی 2021، لە گەڕی یەکەمدا بۆ بەدەستهێنانی کورسیی ژمارە 18 لە ئەکادیمیای زمانی فەڕەنسی، هەڵبژێردرا، کە بە مردنی میشێل سیریس کورسییەکە چۆڵ بوو بوو. ئەم هەڵبژاردنەی یۆسا بۆ ئەو شوێنە، شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، لەبەر ئەوەی یۆسا تەمەنی 85 ساڵ بوو، واتە دە ساڵ لەو تەمەنە گەورەتر بوو کە وەک میچی تەمەن بۆ چوونە دامەزراوەکە دیاریکرابوو و 75 ساڵ بوو.
بەم هۆیەشەوە بوو بە یەکەم ئەکادیمیست کە بە زمانی فەڕەنسی نووسینی بڵاونەکردەوە، هەرچەندە زۆر بە ڕەوانی زمانی فەڕەنسی دەزانێت. ئەم دانانەی لەو شوێنەدا، کۆڕایی لەسەر نەبوو، چونکە لە ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، وتارێک لە ڕۆژنامەی لیبراسیۆن بە پێنووسی دوو لێکۆڵەر و ئەکادیمیست لەبارەیەوە بڵاوکرایەوە، تیایدا لەبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕاستڕەوی پەڕگیر لە پیرۆ ڕەخنەی دەکەن.
یۆسا لەو کاتەوە شوێنی مانەوەی خۆی لە نێوان ئەوروپا و ئەمەریکای باشووردا بەش کرد، لە پشتگیریکردن لە سیاسەتەکانی سکهەڵگووشین و دەستگرتنەوە کە حکومەتە کۆنەپارێزەکانی ئەوروپا دەیگرنە بەر، بەتایبەتی حکومەتی ئەسنار لە ئیسپانیا و بێرلسکۆنی لە ئیتاڵیا، بەردەوام بوو.
سەبارەت بە دۆزە نێودەوڵەتییەکانیش، یۆسا ڕەچاوی هەڵوێستی کۆنەپارێزە نوێیەکانی کرد، پاکانەی بۆ داگیرکردنی عێراق کرد لە ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها بۆ ئەو کۆدێتا سەربازییەش کە لە ساڵی٢٠٠٩ لە دژی حکومەتە چەپڕەوەکەی مانوێل زیلایا لە هندۆراس ڕوویدا.
ساڵی ٢٠٢١ تەوژمی وەرچەرخانی یۆسا ڕووەو ڕاستڕەویی و ڕاستڕەوی پەڕگیر، لە ڕێگای پشتگیریکردن لە بەربژێرێکی ڕاستڕەوی پۆپۆلیست لە پیرۆ و، پاشان لە ڕێگای پشتگیریکردن لە خۆسێ ئانتۆنیۆ کاست وەک بەربژێرێکی ڕاستڕەوی پەڕگیر لە چیللی کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد میراتگری دیکتاتۆرییەتەکەی پینۆشێیە، زیاتر بوو. ساڵی ٢٠٢٢ یۆسا ڕایگەیاند و گوتی بۆلسونارۆی بەربژێری ڕاستڕەوی پەڕگیری بەڕازیلیم لە لۆلا پێ باشتر و پەسەندترە.
ساڵی ٢٠١٦ ناوی یۆسا لە پاڵ ناوی ژنەکەی لەو لیستەدا بڵاوکرایەوە و دەرکەوت کە چیی دیکە لە ڕۆژنامەوانیی نێودەوڵەتیدا بە "بەڵگەنامەکانی پەنەما" ناسراوە، وەک کەسێکی سوودمەند لە خۆدزینەوە لە باج. هەروەها بۆ جاری دووەم و لە ساڵی ٢٠٢١دا ناوی لەناو بەڵگەنامەکانی باندۆرادا دەرکەوت، وەک کەسێکی سوودمەند لە کۆمپانیایەک کە لە ساڵی٢٠١٥ لە دوورگەکانی فێرگنی بەریتانی تۆمارکرابوو و ئامانجی سەرپەرشتیکردنی مافەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی تایبەت بوو بە خۆی، وێڕای ئەو داهاتانەی لە ڕێگای فرۆشتنی ئەو خانووبەرانەوە دەستی دەکەوتن کە لە مەدرید و لەندەن هەیبوون.
دواجار ئێمە لەبەردەم نووسەرێکی سەرەکیداین، بڕێک هەڵوێستی پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازانەی ڕەچاوکردوون، بەرلەوەی نغرۆی ناو لیتاوی ڕاستڕەوی نیولیبرالیزمی پەڕگیر و پشتگیریکردن لە جووڵانەوە فاشیستییەکان بێت، وێڕای دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانییەکی گەند بۆ خۆی، بە هۆی ئەو داهاتانەوە کە لە ڕێگای "بەهەشت"ـەکانی باجەوە بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو، بە شێوەیەکی بە ئاشکرا دژواز و پێچەوانە لەگەڵ هەموو ئەو نموونانە باڵایانەدا، کە ڕۆمان و وتارەکانی بانگەشەیان بۆ دەکرد.