سەرگوزشتەی ژیانی کافکا، لەچەند پرسیارو وەڵامێکدا
  2025-04-20       160       

وەرگێڕانی: سامان عەلی 

 

پاش ئەوەی ڕاینەر شتاخ Reiner Stach ماوەی چەند ساڵێک لە نووسینی تێزی دکتۆراکەیدا سەبارەت بە فڕانز کافکا کاری کرد و، ساڵی١٩٨٧ لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "ئەفسانەی ئیرۆسیی کافکا"دا چاپ و بڵاویکردەوە، (کتێبێکی ٢٧٧ لاپەڕەیی قەبارە گەورەیە)، ماوەی هەژدە ساڵی تەواو (١٩٩٦- ٢٠١٤) بەبێ دابڕان و، بێ ئەوەی بۆ تەنها خولەکێک هەست بە بێزاریی بکات، خۆی تەرخانی نووسینەوەی سەرگوزشتەی ژیانی کافکا کرد. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠١٤دا ئەنجامەکانی کارە تاقەتپڕوکێنەکەی خۆی بە سێ بەرگ بڵاوکردەوە، ژمارەی لاپەڕەکانی گەیشتە ٢٠٣٧ لاپەڕەی قەبارە گەورە. نرخی تیراژێک لە سێ بەرگەکە سەد یۆرۆ بوو.

شتاخ بە درێژایی ساڵێکی ڕەبەق خەریکی سازدانی ئێوارەکۆڕی وێژەیی بوو لە دەیان شاری ئەڵمانیادا. وەشانخانەی فیشەری خاوەنی مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە، کاروباری گەشت و مانەوە و شوێنی ئێوارەکۆڕەکانی لەسەر ئەرک و تێچووی خۆی لە ئەستۆ گرت بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە سەرەتادا لە نێوان نووسەر و بڵاوکاردا دەکرێت. گومانی تێدا نییە داهاتی بڵاوکارەکە داهاتێکی زەوەند و زۆر بوو، چونکە نرخی تکتی چوونە ژوورەوە بۆ ئێوارەکۆڕەکە، زۆر کات دەگەیشتە ٢٠ یۆرۆ بۆ تەنها یەک کەس. جاری وا هەبوو سەد یان دووسەد کەس ئامادەی ئێوارەکۆڕەکە دەبوون، زۆربەیان تیراژێک لە کتێبەکەیان دەکڕی نووسەرەکە واژۆی خۆی لەسەر دەکرد.

ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، دەقی گفتوگۆیەکە لەگەڵ ڕاینەر شتاخ، یەکێک لە گرنگترین سەرگوزشتەنووسانی فڕانز کافکا سازدراوە:

 

پرسیاری یەکەم: مانگی نۆڤەمبەری ساڵی١٩١٩، پیاوێکی بە تەمەن سی و شەش ساڵان، ژوورێکی لە هۆتێلێک بە کرێ گرت، پەنجا کیلۆمەتر لە باکووری پراگ دوورە. بە درێژایی نۆ ڕۆژ، خەریکی نووسینی نامەیەک بوو بۆ باوکی، کە تەمەنی شەست و حەوت ساڵان بوو و، هێشتا لە هەمان ماڵ لەگەڵیدا نیشتەجێ بوو. ئەمە ئەو نامەیەیە لەدواییدا بە ناونیشانی "نامە بۆ باوک"دا بڵاوکرایەوە و پاکانەحیسابێکی بێبەزەییانەیە، لە مێژووی وێژەدا هیچ کوڕێک نامەی وای نەنووسیوە و هیچ باوکێکیش نامەی وای بە دەست نەگەیشتووە. پاش ئەوەی نووسەرەکەی لە پراگ لە نووسینی تەواو دەبێت، ژمارەی لاپەڕەکانی دەگاتە ١٠٣ لاپەڕەی بە دەستخەت نووسراو. شایانی باسە نامەکە بە ناوی "فڕانز" و بەبێ هیچ سڵاو و ڕێزێک کۆتایی دێت.

شتاخ: لەو کاتەدا قین و تووڕەیی کافکا گەیشتبووە لووتکە، ناهەقیشی نەبوو. ئەو پەیوەندییە خراپەی بە درێژایی ژیانی لەگەڵ باوکی هەیبوو، چیی تر تاقەت نەدەگیرا، پاش ئەوەی ئەم جارە لە هەر جارێکی تری ڕابووردوو زیاتر سووکایەتی پێ کرد. دەتوانین لەوە تێبگەین دواجار کافکا ویستی تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

 

پرسیاری دووەم: پاڵنەری ڕاستەوخۆی تاقیکردنەوەی ئەوەی کێ بەهێزترە ئەو ڕووداوە ئابڕووبەرە بوو کە یولی فوریتسک-ی دەزگیرانی کافکا هۆکاری بوو کە باوکی کافکا وەک ژنێکی هیچ و پووچ و بەرەڵا تەماشای دەکرد.

شتاخ: دایک و باوکی کافکا نووسینگەی پشکنینیان ڕادەسپارد لە بارودۆخی هەر کچێک بکۆڵێتەوە کە کافکا دەیویست هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات. ئەم ڕێ و شوێنە لەو ڕۆژگارە و لە ناوەندی ئەو چینەدا شتێکی باو بوو. دایک و باوکی کافکا هەستیان بە سووکایەتی نەدەکرد ئەگەر بیانزایایە کەس و کاری کچێک لێرە و لەوێ پرسیاری بارودۆخی کوڕەکەیان دەکات. هێرمان کافکا ئەو ئەنجامانەی ڕووبەڕووی کوڕەکەی کردەوە کە سەبارەت بە یولی و کەسوکارەکەی لە نووسینگەی پشکنینەکەوە بە دەستی گەیشت. وادیارە زاواکە بە باوکی گوتووە: "هیچ گرنگ نییە لام ئافرەتەکە بە شێوەیەکی باشتر بناسم".

 

پرسیاری سێیەم: دۆسێی پشکنینەکەمان بە دەست نەگەیشتووە.

شتاخ: بەڵام نامەیەکمان لە کافکاوە بۆ ئۆتلای خوشکی بە دەست گەیشتووە، تیایدا باسی "ئەو زانیارییە بێزراوانە" دەکات. یولی پێشتر مارەبڕدراو بوو. ڕەنگە ئەمە هەموو شتەکە بووبێت. لەو ڕۆژگارەدا بڵاوبوونەوەی ناوبانگی خراپ سەبارەت بە هەر کچێک کە لە ماوەی شەش مانگدا لەگەڵ دوو پیاوی جیاواز لەسەر جادە بینراوە، شتێکی ئێجگار ئاسان بوو.

 

پرسیاری چوارەم: لە ئەمڕۆدا "نامە بۆ باوک" بە یەکێک لە دەقە بنەڕەتییەکانی نوێگەریی ئەدەبی لە قەڵەم دەدرێت. وێڕای ئەو شێوازە جوانەی نامەکەی پێ نووسراوە، بەڵام نامەیەکی لیخنە بە ناحەزی و قین.

شتاخ: کافکا بە تەواوی ڕقی لە باوکی خۆی نەبوو، بەڵام هەندێک هەست لە ناخیدا کەڵەکە بووبوو و کۆبووبووەوە. هێرمان کافکا پیاوێکی ناڕەسەن و درۆزن بوو، بیری لە کاریگەریی قسەکانی خۆی نەدەکردەوە. بەڵام سەبارەت بە کافکای هەستناسک، بەرزەخۆیی شتێکی ئێجگار گرنگ بوو. ئەگەر کەسێک ڕێزی لێ نەگرتایە، دەیتوانی زۆر بە توندی و ساردییەوە وەڵامیبداتەوە. پێشتر باوکی لە بابەتی یولیدا هێڵی سووری بەزاندبوو، کاتێک بە ڕەقی دابووی بە گوێی کوڕەکەیدا و گوتبووی: "لایەنی زۆر پێدەچێ یولی بلوزێکی بەتایبەتی هەڵبژێردراوی پۆشیبێت، بەو جۆرەی کچانی پراگ دەیپۆشن، هەڵبەتە تۆش لەبەر ئەوە بڕیارتدا هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەیت. تەنانەت بە زووترین کات و، لە پاش هەفتەیەکی تر، یاخود سبەینێ، یاخود ئەمڕۆ، هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکەیت. من لێتتێناگەم، تۆ مرۆڤێکی پێگەیشتوویت و، لە شاریت، نانت بە ساجدا سووتاوە هەر کچێک بێت دەسبەجێ هاوسەرگیریی لەگەڵ بکەیت. هیچ چارێکی تر نییە؟ ئەگەر ترسی ئەوەتە، من خۆم دەچم لەگەڵت بۆ ئەوێ". کاتێک ئەم وشانە بەر گوێی دەکەون کە گاڵتەپێکردن و سووکایەتییان لێدەچۆڕێت، دایکی کافکا لەوێ بووە. مرۆڤ دەبێت ئەم دیمەنە بهێنێتە پێش چاوی خۆی، کاتێک "نامە بۆ باوک" دەخوێنێتەوە.

 

پرسیاری پێنجەم: باوکی کافکا لە بارودۆخێکی دژواری هەژاری و نەداریدا گەورەبووبوو و پێگەیبوو، بەڵام بووبوو بە بازرگانی جوملەفرۆش لە پراگ، نزیکەی پانزە کرێکار لەلای کاریان دەکرد.

شتاخ: ئەمە لە چاوی ژنەکەی دەبینرێت. بەڵام خۆشگوزەرانیی ڕێژەیی باجێکی گرانی هەبوو. فڕانز بەردەوام تەنیا بوو، چونکە دایک و باوکی هەمیشە تا کاتێکی درەنگانی ئێوارە لە دووکانە بازرگانییەکەیان بوون. چەند کارەکەرێک سەرپەرشتیی کافکایان دەکرد بە شێوەیەکی بەردەوام دەگۆڕان. کافکا دەستیدابووە خوێندنەوە و خەونی زۆری دەبینی، وەک هەموو منداڵێکی دیکەی بلیمەتی تەنیا دەیتوانی سەربەخۆ ئیش بکات، بەڵام فێری ئەوە نەبوو چۆن هاوڕێ بدۆزێتەوە و متمانە دروست بکات. ئەم کێشەیە، بە درێژایی ژیان هاودەمی بوو.

 

پرسیاری شەشەم: فڕانز منداڵێکی لاواز و سیسەڵە بوو. لەدواییدا شایەدیی هێزی جەستەیی و گاڵتەکردن بە ئەوانی تر و گومانی خراپکردن لە خۆیان و لە بەهرەی ئاخاوتن و متمانە بەخۆبوون و هەڵەشەیی و باڵادەستی و زۆردارێتی بۆ باوکی دەدات. ئایا ئەم تایبەتمەندییانە سەرچاوەی ترسی تاهەتاییی فڕانز بوون لە باوکی؟

شتاخ: لایەنی زۆر فڕانزی منداڵ بۆ جارێکیش چییە لێی نەدراوە. بەڵام باوکی بەردەوام باڵادەستیی خۆی دەردەخست. "ڕاستە تۆ کەمجار بە ڕاستی لێتداوم، بەڵام ئەو شتەی کە بە لای منەوە لە لێدان خراپتر بوو، نەڕاندن و، سوورهەڵگەڕانی ڕووخسارت و، بە خێرایی کردنەوەی قایشی پانتۆڵەکە و دانانی بوو بە شێوەیەکی ئامادە لەسەر شانی کورسییەکە". لەبەردەم ئەم دیمەنانەدا، فڕانزی مێردمنداڵ هەستی بە ترسێکی زۆر دەکرد، بەڵام یاخی نەبوو، بەڵکو گۆشەگیر بوو. دواتر جاروبار بیری لەوە دەکردەوە دەشێت هەق بە باوکی بێت، چونکە بەرپرسیارێتیی هەموو خێزانەکەی لە ئەستۆیە و، توندی و دڵڕەقییەکەشی وەک بازرگانێک، بە خێر و کەڵکێکی زۆری وەک خوێندن و چەشنێک لە خۆشگوزەرانی بۆ کوڕەکەی و کچەکەی گەڕایەوە. کافکای گەنج کاتێک ئەمەی بە شکستەکانی خۆی بەراورد دەکرد، هەستی بە کەمبایەخی دەکرد. دەبوو لەبەرخۆیەوە و بە خۆی بڵێت: "کاتێک باوکم پیر دەبێت، دەزانێت چی کردووە، ئەی من چی؟".

 

پرسیاری حەوتەم: سەبارەت بە ئاکاری سەر سفرە و خوانی باوکی، کافکا نووسیوویەتی و دەڵێت: "لە منداڵیمدا زیاتر لەسەر سفرە و خوان ڕووم بە ڕووتدا دەتەقی، زۆربەی وانەکانت سەبارەت بە ئاکاری سەر سفرە و خوان بوو.. دەتگوت: نابێت کەس ئێسقان بکڕۆسێتەوە. بەڵام تۆ خۆت دەتکڕۆستەوە.. دەبوو ئێمە وریابین و بەرماوەی خۆراک نەوەرێنینە سەر ئەرزەکە، بەڵام ژێر خۆت هەمووی بەرماوە بوو. لەسەر مێزی نانخواردن سەرقاڵبوون بە شتی تری بێجگە لە خواردن ڕێگەپێدراو نەبوو، بەڵام تۆ خۆت لەسەر مێزی نانخواردنەکە نینۆکت دەکرد و پاکت دەکردەوە، قەڵەمت دادەدا و بە چیلکەی ددانپاککردنەوە گوێچکەکانت پاک دەکردەوە.." سەرچاوەی ئەم ڕوانگە وردە سادیستیکییە چییە؟

شتاخ: کافکا لاوازیی منداڵەکەی گۆڕی بۆ هێز. لە ترسەوە هێزێکی سەرنجدانی ئێجگار ورد و بەجێ پەیدا بوو. پەیتا پەیتا شتە وردە پڕوپووچەکانی باوکی کۆدەکردەوە تاکو بوونی خۆی بسەلمێنێت و بڕێک تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

 

پرسیاری هەشتەم: کافکا بۆ باوکی فیلیس باوەری کچەهاوڕێی خۆی نووسیووە و دەڵێت: "لەناو خێزانەکەمدا لە نامۆیەک نامۆتر دەژیم. لەم چەند ساڵەی دواییدا بیست وشە بە تێکڕایی و لە ڕۆژێکدا قسەم لەگەڵ دایکمدا نەکردووە، لەگەڵ باوکیشم لە وشەکانی سڵاو و مەرحەبایی زیاترم نەگۆڕیوەتەوە. لەگەڵ ئەو خوشکانەشم کە شوویان کردووە، جار نییە بەبێ تووڕەبوون لێیان قسەیان لەگەڵ بکەم. لە هەموو هەستێک بۆ بەشداریکردن لە ژیان لەگەڵ خێزانەکە خاڵیم". بۆچی کافکا لە ماڵەوە خۆی گۆشەگیر دەکرد؟

شتاخ: لە هاودەمیکردنی سەرپێی و ڕاگوزارانە تەواو بێحەوسەڵە بوو. کاتێک کە بابەتی ئاخاوتنێکی هاوبەش نەدەبوو، یاخود کاتێک کە ئەوانی تر لێی تێنەدەگەیشتن، ئاخاوتنەکە دەوەستا. دۆخەکە لە خێزانەکەدا زۆربەی کات بەم چەشنە بوو. ئەو گرنگی و گوێی بە باس و خواسە باوەکان نەدەدا. زۆربەی کات سەبارەت بە بارودۆخی دووکانەکە یاخود بارودۆخی خزم و کەس و کار بوو. دەبوو کافکا درۆ لەگەڵ خۆی بکات ئەگەر بە بڕێک وشەی پووچ و بێمانا کە بە زۆری زۆردارەکی بە پچڕین لێی دەپچڕدرێن بەشداری لەو باس و خواسانەدا بکات. بەڵام ئەم گوێپێنەدانە باوکی تووڕە و دەهری دەکرد. تەنانەت کاتێک باس و خواس سەبارەت بە خەم و سەرقاڵییە داراییەکان بوو، فڕانز بە دەم زەردەخەنەیەکی دۆستانەوە کۆڕی باسەکەی بەرەو ژوورەکەی خۆی بەجێدەهێشت.

 

پرسیاری نۆیەم: ئایا کافکا سەبارەت بەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ئافرەت هەیبوون قسەی لەگەڵ باوکیدا دەکرد؟

شتاخ: تەنها کاتێک کە ناچار دەبوو قسە بکات، چونکە نەیدەویست گوێی لەو سەرنجە ڕەق و زبرانە بێت کە پێشبینی دەکرد لە باوکی و هەروەها لە دایکیشی بیانبیستێت. بە ڕاستی سەیرە، چۆن ئەو کەسانە توانیویانە بەبێ لەیەکدی گەیشتن پێکەوە بدوێن، هەریەکەیان بۆچوونێکی جیاواز و پێچەوانی ئەویدییان هەبوو سەبارەت بە "خێزان"، بۆ نموونە: کاتێک کافکا پشتگیری لە بەدیهێنانی خواستی ئوتلای خوشکی پچووکی خۆی کرد کە دەیویست لە بواری کشتوکاڵدا کار بکات، باوکی، بە بەر چاوی ئەوانی ترەوە، بە "خوێڕی" ناوی برد. کتومت بەو جۆرە. ئەگەر هەر کەس و کار و خزمێکیش سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەم سووکایەتی و جنێوە دەرببڕیایە، باوکەکە لە ماڵەکە دەیکردە دەرەوە. هەروەها جێی خۆیەتی سەرنجی ڕادەی ئەو توندییە بدرێت کە کافکا بە توندی بەرگری لە خوشکەکەی خۆی کرد، لە بەرگریکردنی لە خۆی زیاتر بەرگری لە خوشکەکەی کرد.

 

پرسیاری دەیەم: دایکی چۆن ڕەفتاری دەکرد؟

شتاخ: دایکی نیان و لەسەرخۆ بوو، بەڵام دەیویست لە باری توندی شتەکان کەم بکاتەوە یاخود چاوپۆشییان لێ بکات. کاتێکیش کە خەریکبوو بە هۆی ئەو شتەوە شەڕ دروست ببێت، دەسبەجێ دەیگوت ئێوە ناتوانن ئەوە بکەن، باوکتان دڵی تەواو نییە. باوکەکەش دیسان بە هەمان سەروا کاری دەکرد. کاتێک بەهانەی نەبوو، دەسبەجێ داوای سارخ و کەرەستەی ساردی برینپێچی دەکرد و، دەستی لەو ڕۆڵەی هەڵدەگرت کە وەک پەتریرکێکی توندوتیژ دەیگێڕا و، دایکەکەش تکای ڕەچاوکردن و بەزەیی و سۆزی دەکرد.

 

پرسیاری ١١: ئەو دوو برایەی فڕانز کە بەر لە لەدایکبوونی فڕانز لە دایک بوون، بە منداڵی مردن. چ شتێک لە ڕەفتاری کوڕەکەیدا باوکەکەی تووڕە دەکرد؟

شتاخ: ئەوەی کە گرنگی و گوێی بە کاروباری خێزانەکە نەدەدا و نەدەچووە ژێر باری بەرپرسیارێتیی هیچ شتێکەوە. بۆ نموونە لە سەرپەرشتیکردنی ئەو کارگەی Asbestos کە خێزانەکە هەیبوو. باوکەکە ئەوەی بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەزانی کاتێک کوڕەکە دەیگوت سەرقاڵیی دیکەم هەیە. فڕانز مافناسێک بوو لە یەکێک لە دامەزراوەکانی دڵنیایی کاری دەکرد، بەڵام ئەو زانینەی هەیبوو لەپێناو خێزانەکەدا بەکارینەهێنا، باوکەکەش ئەم هەڵوێستەی کوڕەکەی بە کارێکی دوژمنکارانە دەبینی. ڕەخنەیەکی دیکە ئەوەیە کە "کوڕە بەڕێزەکە" تێکەڵاویی ئەو خەڵکانەی نەدەکرد کە دەبوو تێکەڵاوییان بکات و ڕەچاوی یاسا باوەکانی ڕەفتارکردن بکات، بەڵکو تێکەڵاوبوون بە خەڵکانێکی دیکەی هەڵدەبژارد. بۆ نموونە ئەم کوڕە گەنجە جارێکیان بوێریی کرد هونەرمەندێکی شانۆکاری جلوبەرگ شڕی هێنایە ماڵەوە، یاخود لەسەر جادە لەگەڵ کارەکەرێکی بەناوبانگدا بینرا پیاسەی دەکرد.

 

پرسیاری ١٢: بۆچی "نامە بۆ باوک" بەو کەسە نەگەیشت کە بۆی نێردرا؟

شتاخ: ڕوون نییە ئاخۆ کافکا ڕای خۆی گۆڕیوە یاخود دایکی ڕازی کردووە نامەکە لە چەکمەجەکەدا بەجێبهێڵێت. لایەنی زۆر لە کاتی نووسینیدا تێبینی کردووە نامەکە زیاتر بۆ ڕوونکردنەوەی خود باش و بەسوودە وەک لەوەی بۆ شەڕکردن لەگەڵ باوکدا باش و بەسوود بێت.

 

پرسیاری١٣: کاتێک کافکا دانەیەک لە کتێبێکی نوێیی خۆی پێشکەشی باوکی دەکرد، بەم چەشنە وەڵامدەدرایەوە: "لەسەر مێزە بچووکەکەی ژووری نووستنەکە دایبنێ!".

شتاخ: ئێمە هەرگیز نازانین ئاخۆ هێرمان کافکا هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ شتێک لەو نووسینانەی خوێندووەتەوە کە کوڕەکەی بڵاویکردوونەتەوە یان نا. بەسەرهاتی مێزە بچووکەکە، لە نێوان کافکا وئۆتلای خوشکی، بووە بە نوکتە. کاتێک کتێبێک بە دڵی یەکێکیان نەبووایە، بە ئەویتریانی دەگوت: "لەسەر مێزە بچووکەکە دایبنێ!".

 

پرسیاری١٤: کتێبەکانی کافکا بە قەبارە بچووک بوون، باوکەکە دەیتوانی هەریەکێکیان لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بخوێنێتەوە. ئەم پیاوە چەند کەمخوێندەوار بووە؟

شتاخ: تێگەیشتن لە دەستکەوتە ئەدەبییەکانی کوڕەکەی، بە دەر لە توانا کولتوورییەکانی ئەو بوون. چونکە ئەو تەنها تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە.

 

پرسیاری١٥: سەبارەت بە هەوڵەکانی کوڕەکەی لەبواری نووسیندا، باوکەکە چی دەزانی؟

شتاخ: زۆر کەم. هەمیشە خەوی لێ دەکەوت کاتێک کوڕەکەی قەڵەمی دەگرت بە دەستییەوە و دەستی دەکرد بە نووسین. خێزانەکە لە کاژێر نۆی شەو نانی شێویان دەخوارد. لە کاژێر دە کافکا دەستی دەکرد بە نووسین. لە کاژێر دوو یاخود دوو و نیوی بەیانی دەچووە ناو پێخەفەوە و دەنووست. لە کاژێر حەوت لە خەو هەڵدەستێنرا تاکو لە کاژێر هەشت لە نووسینگەکە ئامادەبێت. لە قۆناغە پڕەکانی داهێناندا، دۆخەکە بەم چەشنە بوو. بەڵام لە خێزانەکە شاراوە نەبوو کە کافکا ماوە ماوەی زۆر دەستی لە نووسین هەڵدەگرت، ئەمەش ڕاستیی بۆچوونی خێزانەکەی دەرخست کە پێیوابوو نووسین لای کوڕەکەیان تەنها بۆ بەڕێکردنی کاتە و هیچی تر.

 

پرسیاری ١٦: ئایا دایکەکە کتێبەکانی کوڕەکەی دەخوێندەوە؟

شتاخ: ئەمەش دیسان شتێکە ئێمە نایزانین. بەڵام جاری وا هەبوو فڕانز هەندێک بڕگەی لە نووسینەکانی خۆی بۆ دایک و باوکی دەخوێندەوە. بۆ نموونە جارێکیان هەموو چیرۆکی "ئاگردان"ی بۆ خوێندنەوە. لە پاش ئەوە لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەوەی کردووە کە باوکی تەنها بە ناچاری گوێی لێ دەگرت. هەرچی سەبارەت بە کاردانەوەی دایکیشی هەیە، کافکا باسی هیچی نەکردووە.

 

پرسیاری ١٧: هەروەها چیرۆکی "بڕیار"، کافکا لە کۆبوونەوەیەکی گشتیی ئێوارەدا خوێندییەوە، باسی چیرۆکی ناکۆکیی نێوان باوک و کوڕێکە کۆتاییەکی کارەساتباری هەیە.

شتاخ: ئەگەر هێرمان کافکا ئامادەی ئەو ئێوارە دانیشتنە بووایە، چاودێریکردنی و زانینی سەرنج و کاردانەوەکانی سەبارەت بە ڕەوت و کۆتاییی چیرۆکەکە، شتێکی باڵکێش دەبوو: "دایک و باوکی شیرینم، سوێند دەخۆم من هەمیشە خۆشمدەویستن".

 

پرسیاری ١٨: کافکا کاتێک "نامە بۆ باوک"ی نووسی، لە ماڵی دایک و باوکی لە ژوورێک لە نێوان ژووری نووستنی ئەوان و ژووری میوان نیشتەجێ بوو. بۆچی مرۆڤێک کە هەڵگری نازناوی دکتۆرایە و ئیشێک دەکات داهاتێکی لە ڕێگایەوە دەست دەکەوێت کەم نییە، لای باوک و دایکی دەژی؟

شتاخ: لەبەر ئەوەی ماوەیەکی کەم لەمەوبەر هێشتا زۆر ناساغ و نەخۆش بوو. لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا لە چەند ژوورێکدا ژیا کە بە کرێ گرتبوونی، بەڵام لە دوادواییەکانی ساڵی١٩١٨ تووشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو، پلەی گەرمیی لەشی دەگەیشتە ٤١ پلە و خەریکبوو بمرێت. لەو کاتەدا ژمارەی قوربانییانی ئەو نەخۆشییە لە پراگ، نزیکەی سەد کەس بوو لە ڕۆژێکدا. ئەو شتەی کە کافکای لە مردن ڕزگار کرد، ئەو پاراستن و دڵنیاییە بوو کە دایک و باوکی بە درێژایی چەند هەفتەیەک بۆیان دەستەبەر کرد. ڕۆژانە پزیشکێک دەچوو بۆ ماڵەوە چارەسەری دەکرد. دایک و باوکیشی لە بازاڕی ڕەش چاکترین خۆراکیان بۆ پەیدا دەکرد. پێدەچێت ئەمە لەو ڕۆژگاری برسێتییەدا سامانێکی زۆریان لەسەر کەوتبێت. سەرەنجام کافکا هەستێکی زیاتر بە تاوانی کەڵەکە کرد، ئەمەش لە باوکی و بە پلەی یەکەم زیاتر لە خۆی تووڕە و دەهری کرد: دیسان ناچاربوون بەم پاشکۆیەتییە بەدبەختە! لەگەڵ ئەمەشدا ئەوە زۆر کاری لە کافکا دەکرد کە دەیبینی باوکی لە خەمیدایە.

 

پرسیاری ١٩: لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا کافکا لە "دامەزراوەی دڵنیایی ڕووداوەکانی کارکردن" دەستی بە ئیشکردن کرد. ئایا ئەو کات نەیدەتوانی ژوورێک بە کرێ بگرێت؟

شتاخ: دەشیا ئەوە ببێت بە جۆرێک لە سووکایەتی. لەو سەردەمەدا شتێکی باو نەبوو مرۆڤ کەس و کارەکەی بەجێبهێڵێت تەنها لە دۆخی هاوسەرگیریکردن یاخود بارکردن و گواستنەوە لە شار نەبێت. هاوڕێکانی کافکاش هەمان شتیان کرد. گومانی تێدا نییە دەیتوانی بڵێت: "من بە داخم، بەڵام پێویستی زۆرم بە ئارامییە". بەڵام دەشیا ئەمە ئاژاوەیەکی گەورە بنێتەوە، کافکاش بەپێی پێویست بەهێز نەبوو تا ئاژاوەی لەم چەشنە بنێتەوە.

 

پرسیاری ٢٠: ئەگەر تۆ هێرمان کافکا بوویتایە، چۆن چۆنی وەڵامی "نامە بۆ باوک"ت دەدایەوە؟

شتاخ: هێرمان کافکا دەیتوانی بڵێت: "فڕانز گیان، کاتێک باڵق بوویت ئەو کات بۆت هەیە هەموو شتێک بکەیت، لە کوێ دەخوێنیت و بۆ کوێ دەچیت سەرپشکیت، بەڵام ناچێتە ئەقڵەوە بانگەشەی ئەوە بکەیت گوایە من ناهێڵم ئازادانە ڕەفتار بکەیت لە کاتێکدا تۆ تەمەنت گەیشتووەتە سی و شەش ساڵ" لە نموونەی ئەم چەشنە وەڵامانە کە دەکرا ژیرانە وەڵامبداتەوە.

 

پرسیاری ٢١: کافکا بە شێوەیەک ژنانی سەرسام دەکرد دەبوو هەندێک جار لە دەستیان هەڵبێت. لێگەڕابوو کارەکەرێک بە "فڕانزی" بانگی بکات، پاش ئەوەی چەند ڕۆژێکی لە سەر جێ لەگەڵیدا بەسەربرد.

شتاخ: پەیوەندیی سێکسیی زۆر و زەوەندی دروستکرد، چونکە لە چاوی ژناندا قۆز و سەرنجڕاکێش و بە شێوەیەکی ژیرانە ڕۆحسووک بوو و پەییان بە بەهرەکانی دەبرد. زۆر دوور بوو لەوەی کەسێک بێت لە ژوورەکەیدا خۆی گۆشەگیر کردبێت و لە دەرکەوتن بترسێت و خۆی لە ژیان بشارێتەوە. بەڵکو مەلەی دەکرد و سەوڵی لێدەدا و خۆی فێری سواری ئەسپ دەکرد و بە پێ گەشتی بۆ شوێنە دوورەکان دەکرد. تاکە ئەندامی خێزانەکەی کافکا بوو کە هەمیشە پێستی ئەسمەر بوو ئەوەندە خۆی دابووە بەر خۆرەتاو.

 

پرسیاری ٢٢: وێڕای سێ جار ژن مارەبڕین، کافکا وەک خۆی هەر بە ڕەبەن مایەوە. لەو بارەیەوە لە "نامە بۆ باوک"دا نووسیوویەتی و دەڵێت: "بەڵام ئێمە وەک خۆمان دەرگای هاوسەرگیریی بە ڕووماندا هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هاوسەرگیریی بوارێکە تایبەتە بە خۆت. هەندێکجار نەخشەی جیهان بە شێوەیەکی کراوە وێنا دەکەم تۆ بە پانی لەسەری ڕاکشاویت. هەر بۆیە پێموایە سەبارەت بە ژیانی من تەنها ئەو ناوچانە ڕەچاو دەکرێن کە تۆ دایانناپۆشیت یاخود ناکەونە چوارچێوەی تۆوە".

شتاخ: پێموایە لێرەدا کافکا دەیەوێت هەندێک وێنە بۆ ئەو کەند و کۆسپانە بدۆزێتەوە کە کاریگەریی خۆیان لە نەستدا بەجێهێشتووە. بەڵام هەستە هۆشیارە سەرەکییەکەی ئەو ئەمە بوو: من مرۆڤێکی خێزانی نیم، گۆشەگیربوون و تەنهاییم زۆر خۆشدەوێت و، تەنها کاتێک دەتوانم بەهرە و سەلیقەم بەکاربهێنم ناچار نەبم لەگەڵ کەسێکدا هەڵبکەم کە لەگەڵیدا دەژیم. چەندین دەقی زۆری سەرگوزشتەی کێرکەگارد و گریلبەرتسەر ڕاستیی بۆچوونەکانی ئەویان سەلماند.

 

پرسیاری ٢٣: بۆچی سێکس لای کافکا هەمیشە ئاوێتە بە ترس دەبینین؟

شتاخ: قسەی قۆڕ. ئەوی سەرجێیی لەگەڵ ژنەکەیدا نەدەکرد، لە دووگیانبوون و نەخۆشییە سێکسییەکان دەترسا.

 

پرسیاری ٢٤: لێکدانەوەت چییە بۆ ئەندێشە و خەیاڵە سامناکەکانی کافکا لەبارەی خۆوێرانکردنەوە؟

شتاخ: لە دەقەکانیدا چەندین دیمەنی سادی و مازۆخی و نائاسایی دەبینین. پێستی سەرێکی ناسک و نەرمی هەبوو و بەردەوام بیر و خەیاڵ لە ناوەوە و لە دەرەوە بە سەریدا فیچقەیان دەکرد، هەر بۆیە ناچاربوو ئەو ئەندێشە و خەیاڵانە تۆماربکات تاکو لە کۆڵ خۆیانی بکاتەوە. لێرەوە کەمخەوی و ژانەسەر و هەستەوەریی لەڕادەبەدەر لە دژی ژاوەژاو پەیدا بوو.

 

پرسیاری ٢٥: کاتێک لە مانگی حوزەیرانی ساڵی١٩٢٤ کافکا بە نەخۆشیی سیل کۆچی دوایی کرد، پاش ئەوەی چل ساڵ و یانزە مانگ ژیا، کۆی بڵاوکراوەی داهێنانە ئەدەبییەکەی لە ٣٥٠ لاپەڕەی چاپکراو تێپەڕی نەدەکرد. هیچ کتێبێک لە کتێبەکانی لە چەند هەزار دانەیەک زیاتریان لێ چاپ نەکرا. لە کەژاوەی بەڕێکردنی تەرمەکەیدا بۆ گۆڕستان، کەمتر لە سەد کەس بەشدارییان کرد.

شتاخ: ڕاستە، بەڵام کافکا نەدیو و نەناس نەبوو. خەبەرداران لە ئەدەبی نوێ لە پراگ، دەیانزانی لە شارەکەیاندا بەهرەیەکی باڵا هەیە چاوەڕوانی پەڕینەوە و بڕینی سنوورە. ئێمە دەتوانین وێنای ئەوە بکەین ئەگەر کافکا ڕۆمانی "دادگایی" تەواوبکردایە و ئامادەی بکردایە بۆ چاپ و، چەند پارچەیەکی لە ئێوارەکۆڕێکی گشتیدا لێ بخوێندایەتەوە، ئەو کات هەموو شتێک بە شێوەیەکی جیاواز و پێچەوانە دەچووە پێش. ئەو دەم هەموو ڕۆژنامەکان بە سەرسوڕمان و ڕێزەوە لەبارەیانەوە دەنووسی و، کورت فۆڵفی بڵاوکاریشی پێشەکی بڕێک پارەی لە هەقی کارەکانی دواتریدا پێدەدا و، هیچ دوور نەبوو داواشی لێ بکات خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×