ئێران وردەكاری دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا ئاشكرادەكات؛ كۆبونەوەی داهاتو لە ئەوروپا دەبێت
  2025-04-13       307       

مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی كەشی كۆبونەوەكەی دوێنێی نێوان ئەمریكاو ئێران لە مەسقەت، ئەرێنی بوە، بەڵام ناكرێت متمانەی تەواو بە ئەمریكا بكرێت و ئێران دەبێت لەڕوی بەرگرییەوە ئامادەباشی تەواوی هەبێت. دەشڵێت، كۆبونەوەی داهاتوی نێوان ئەمریكاو ئێران لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، میوانداری مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی كردوە لەبارەی گفتوگۆكانی دوێنێی نێوان ئەمریكاو ئێران لە مەسقەت.

ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی لیژنەكە، قسەی بۆ میدیای ئێرانی كردوە، وتویەتی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە، دانوستانەكانی دوێنێیان لەگەڵ ئەمریكییەكان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بوەو ئێران نەچوەتە ژێر باری دانوستانی راستەوخۆ.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، كە ئامانجی سەرەكی دانوستانەكان، دیاریكردنی چوارچێوە و بنەمای گفتوگۆكان بوەو ئێران لەبارەی جدیبونی لایەنی ئەمریكییەوە، دڵنیا نییە.

بەوتەی تەخت ڕەوانچی، دانوستانەكان تەنیا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەیەوە بوەو ئێران زمانی هەڕەشە قبوڵ ناكات و لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەكدا وەڵامی دەبێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتوشیەتی، ئەمریكییەكان دەبێت متمانەی ئێران بەدەستبهێنن و ئامانجی ئێران هەڵگرتنی تەواوی سزاكانە لەسەری و ئەمریكییەكانیش وتویانە كە جدین و خوازیاری شەڕ نین و ئامادەن بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ئێران.

تەخت رەوانچی وتوشیەتی، كۆبونەوەی داهاتوی دانوستانەكان رۆژی شەممەی ئایندە لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت بەڵام هەر بە نێودەندگیری عومان دەبێت و لەو كۆبونەوەیەدا چوارچێوەی رێككەوتن و بنەمای بەردەوامی دانوستانەكان دیاری دەكرێت.

وتوشیەتی، دانوستانەكان قۆناغ بەقۆناغ دەچنە پێشەوەو هێشتا نەچونەتە نێو وردەكارییەكان.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتوشیەتی، هێشتا زوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەكان و جەختیشی كردۆتەوە كە لەگەڵ ئەوەی كەشێكی ئەرێنی هەبوە، بەڵام ناكرێت متمانەی تەواو بە لایەنی ئەمریكی بكرێت و دەبێت ئێران لەڕوی بەرگرییەوە ئامادەباشی تەواوی هەبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەمریكییەكان خواستی خۆیان بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە ئێران و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان دەربڕیوە، بەڵام ئێران هێڵی سوری خۆی هەیە بەتایبەت لەپەیوەست بە پاراستنی توانا ناوچەیی و توانا ئەتۆمی و موشەكییەكانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×