تورکیاو ئیسرائیل لەباکۆ کۆبوونەوە
  2025-04-10       815       

باکۆی پایتەختی ئازەربایجان میوانداریی کۆبونەوەی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل‌و تورکیای کرد، کە لەسەر دەستگرتن بەسەر سوریادا ململانێیانە.

 

ئاوێنە: بەپیی رۆژنامەی جێرۆزلم پۆستی ئیسرائیلی، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری تورکیاو بەرپرسانی ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە ٩ی نیسان، لەئازەربایجان کۆبوونەوە بەمەبەستی دامەزراندنی میکانیزمی کەمکردنەوەی گرژییەکانیان لەسوریاو هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ئەم میکانیزمە بەردەوام دەبن بەئامانجی ڕێگریکردن لەڕووداوە نەخوازراوەکان.

سه ڕچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەکە بەڕۆژنامەکەی راگەیاندووە "لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا شاندی ئیسرائیلی بەڕوونی باسی له وه کردووه که جێگیرکردنی هێزی بیانی لەسوریاو بەتایبه تی دامه زراندنی بنکەی سەربازیی لەتەدمور، هێڵی سوورەو بەپێشێلکارییەکی جددی داده نرێت".

راشیانگەیاندووە کە "هەر هەنگاوێک کە هەڕەشە لەئیسرائیل بکات، حکومەتی سوریاش دەخاتە مەترسییەوە".

هاوکات سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیڤ بەئاماژەدان بەوەی کە هەردوو وڵات دۆستی نزیکی ئازەربایجانن، رایگەیاند "ئێمە هاوپەیمانی تورکیاین، ئیسرائیلیش وڵاتێکی دۆستی ئازەربایجانە، ئەم دۆستایەتییە هاوبەشە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە، بۆیە هەر لێکتێگەیشتنێکی هەڵە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نیگەرانیمان دەکات".

دوابەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لەسوریاو دامەزراندنی حکومەتی ئەحمەد شەرع، تورکیاو ئیسرائیل ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە لەسوریا.

ئیسرائیل بنکەی ئاسمانی T4 ی لە شاری حومسی سوریا بۆردومان کرد، کە گوایە تورکیا بەنیازە بنکەیەکی نوێی تێدا دابمەزرێنێت، ئیسرائیل دوای وێرانکردنی بنکەکە، رایگەیاند "ئەمە پەیامێکە بۆ ئەنقەرە".

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیا هەبوو، بەڵام پەیوەندییەکانمان تێکچووە، نامانەوێت سوریا بکرێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن هیچ کەسێکەوە، بە تورکیاشەوە".

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی ئەوەیان کردووە کە دەکرێت چی بکرێت بۆ پێشگرتن لە ململانێ.

لە بەرامبەردا ترامپ وتی "هەر کێشەیەکتان لەگەڵ تورکیاو ئەردۆغان هەبێت، دەتوانم چارەسەری بکەم، بەڵام تەنها ئەگەر عەقڵانی بن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×