سەرۆكایەتی كۆماری سوریا رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، لە كۆبونەوەكەیاندا كە بە نێوەندگیری قەتەر بەڕێوەچوە، جەختیان لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەری هەردو وڵات و رەتكردنەوەی هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی كردۆتەوەو ئاماژەیان بەوەشداوە كە سەقامگیری سوریاو عێراق بەردی بناغەی ئاسایشی تەواوی ناوچەكەیە.
ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری سوریا، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا بەنێوەندگیری قەتەر و بە ئامادەبون و سەرپەرشتی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، لە دەوحەی پایتەختی ئەو وڵاتە كۆبونەتەوە.
وەك سەرۆكایەتی كۆماری سوریا ئاماژەی پێداوە لە كۆبونەوەكەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان سوریاو عێراق تاوتوێ كراون.
ئەوەش خراوەتەڕو، سودانی و شەرع لە كۆبونەوەكەدا جەختیان لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی هەردو وڵات و رەتكردنەوەی هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی كردەوە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە ئاسایش و سەقامگیری سوریاو عێراق، بەردی بناغەی ئاسایشی تەواوی ناوچەكەیە.
سەرۆكایەتی كۆماری سوریا ئەوەشی وتوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە دۆسیەی ئاسایشی سنوری هاوبەشی نێوان هەردو وڵات كراوەو هەردولا رێككەوتن لەسەر بەهێزكردنی هەماهەنگی مەیدانی و هەواڵگریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردو وڵات بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی مەترسییە هاوبەشەكان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەڕوی ئابوریشەوە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی میكانیزمەكانی كاراكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان، ئاسانكاری بۆ جوڵەی كاڵاو هاوڵاتیان لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە كراوە لەگەڵ تاوتوێكردنی هاندانی وەبەرهێنان لە هەردو وڵات و كردنەوەی ئاسۆی هەماهەنگی نوێ لە بواری وزە و گواستنەوەو ژێرخان، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی ستراتیژیی هەردو وڵاتدا بێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەحمەد شەرع سوپاسی قەتەر و ئەمیرەكەی كردوە بۆ هەوڵەكانی لە ئاسانكاری بۆ كۆبونەوەكە.
سەرۆكایەتی كۆماری سوریا جەختی كردۆتەوە كە ئەو كۆبونەوەیە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو بونیادنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش و دەستپێكێكی نوێشە بەرەو بەهێزكردنی "كاری هاوبەشی عەرەبی" بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكانی ئێستا و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە.