لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سبەینی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەسێدارە دەدرێت
  2025-04-17       272       

تاوانەکانی ئێران بەرامبەر بە کوشتن، ئەشکەنجە، زیندانی کردن و لەسێدارەدان دژی کورد بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە و بڕیارە سبەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێی بکریت.

ئاوێنە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەبارەی بارودۆخی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە زیندانی ورمێ گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارە سبەی سزاکەی جێبەجێی بکریت و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیانراوە بۆ دوایین جار سەردانی زیندان بکەن بۆ بینینی، ژیانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە مەترسیدایە.

هاوكات، لە ڕۆژی ٢٧ـی ئاداری ئەمساڵدا حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی گوندی سگریکى سەر بە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی “یاخیبوون دژی دەوڵەت” سزای لەسێدارەنەکەی پەسەند کرا.

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی ١٣ـی نیسانی ٢٠٢٣ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلۆ بەبێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا، ١١ مانگ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجە، هەروەها لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤ لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “یاخیبوون دژی دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دوای تێهەڵچوونەوەکە، دادگای باڵا بڕیارەکەی پەسەند کرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×