ترەمپ: پەلەم نییە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران
  2025-04-17       323       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پەلەی نییە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، چونكە ئەوە بژاردەی یەكەمی نییە. دەشڵێت، ئێران دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە كە ببێتە وڵاتێكی مەزن و بە ئاشتی بژی و پێشموایە ئێران دانوستانی ئەوێت.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمشەو پێنجشەممە، لە كۆشكی سپی لەكاتی پێشوازیكردنیدا لە جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیادا قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كرد.

سەرۆكی ئەمریكا، ناوەڕۆكی هەواڵێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی پشتڕاست نەكردەوە كە باس لەوە دەكات، ترەمپ رێگری لە پلانێكی ئیسرائیل كردوە بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.

ترەمپ وتیشی، پەلەم نییە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، چونكە پێموایە ئێران دەرفەتێكی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێكی مەزن، بە ئاشتی و دور لە مردن بژی، منیش ئەمەوێ ئەمە ببینم، ئەوەش بژاردەی یەكەمی منە.

سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، ئەگەر بژاردەی دوەم بێت، پێموایە زۆر خراپە بۆ ئێران، بەڵام پێموایە ئێران دانوستانی دەوێت، هیوادارم خوازیاری دانوستان بین، ئەوە بۆ ئێران زۆر باشە. دەمەوێت ببینم كە لە داهاتودا ئێران بەرەوپێش دەچێت، من گەلی ئێران دەناسم، ئەوان كەسانی بێوێنەن، زۆر زیرەك و پڕوزە و سەركەوتون، من نامەوێت شتێك بكەم ببێتە مایەی ئازار بۆ هیچ كەسێك. بەڵام ئێران نابێت چەكی ئەتۆمی هەبێت، ئەوەش شتێكی زۆر ئاسان و رونە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×