کۆبوونەوەی وەفدی دەم پارتی و وەزیری دادی تورکیا دواخرا
  2025-04-17       165       

كۆبونەوەی وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی و وەزیری دادی توركیا كە بڕیاربو سبەی هەینی بەڕێوەبچێت، دواخرا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی  كۆبونەوەی وەفدی ئیمراڵی پارتەكەیان لەگەڵ وەزیری داد، بەهۆی تێکچونی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

 ئاماژەی بەوەشداوە، هەفتەی داهاتو لەبارەی وادەی نوێی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا، زانیاری دەخەنەڕو.

شەوی سێشەممە 15ی نیسانی 2025، تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر كە هاوكات ئەندامی وەفدی ئمیراڵی دەم پارتییە، تێكچو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە دەركەوت بەهۆی پچڕانی شاخوێنبەری دڵییەوە، توشی جەڵتە بوەو پاشان نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا.

پاش ئەوە سری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیڵە لە ئیستانبوڵ لە ژێر چاودێری چڕدا هێڵدرایەوە.

ئەمڕۆ سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل، دکتۆر کاڤلان چیفتچی لەلێدوانێکدا رایگەیاند "دۆخی گشتی ئۆندەر لەدوێنێ باشترە، وەڵامی چارەسەرەکانمان دەداتەوە، کەموکوڕی گرژبونی بەشی ڕاستی دڵی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چاکبونەوە".

وتیشی"پرۆسەی چاودێری چڕمان بەردەوامەو پێویستمان بە کاتە، ئێمە بەردەوام دەبین لەو چارەسەرانەی کە بەهۆی دەستنیشانکردنی پێشویەوە پێیدراوەو چارەسەری بەهێزتریش پێشکەش دەکەین".

ئەوەشی خستەڕو"وەڵامی نەخۆشەکەمان بۆ هاندەرە ئازاربەخشەکان زۆر باشە، گوێی لە دەنگەکان دەبێت‌و هەندێک کاردانەوە دەدات. ئەمانە بۆ ئێمە لەڕادەبەدەر ئەرێنین، بەڵام ناتوانین بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بارودۆخی نەخۆشەکە ئاشکرا بکەین. لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتودا بزانین، پێشبینی من بۆ چارەنوسی نەخۆشەکە لە نێوان ١٠ ڕۆژ بۆ ٤٠ ڕۆژدایە".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×