خامنەیی و وەزیری بەرگریی سعودیە جەخت لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی تاران و ریاز دەكەنەوە
  2025-04-17       312       

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بونی پەیوەندیی لەنێوان ئێران و سعودیە لە بەرژەوەندی هەردو وڵاتەو دەشڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی تاران و ریاز، دوژمنی هەن، پێویستە بەسەر ئەو پاڵنەرە دوژمنكارانەیەدا زاڵ بین و ئێمە ئامادەی ئەوەین.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ عەلی خامنەیی كۆبوەتەوەو نامەیەكی پاشای وڵاتەكەی رادەست كردوە، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكی نامەكە بخاتەڕو.

عەلی خامنەیی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی، پێمانوایە بونی پەیوەندی لە نێوان ئێران و سعودیە بۆ هەردو وڵات بەسودەو دەكرێت هەردو وڵات ببنە تەواوكەری یەكدی.

خامنەیی وتوشیەتی، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردو وڵات، دوژمنی هەن، پێویستە بەسەر ئەو پاڵنەرە دوژمنكارانەیەدا زاڵ بین، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە.

رێبەری باڵای ئێران جەختی كردۆتەوە "هاریكاری نێوان برایان لە ناوچەكە و یارمەتیدانی یەكتر، زۆر باشترە لە پشتبەستن بەوانی دیكە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا كە محەمەد باقری، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران ئامادەی بوە، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، خۆشحاڵی خۆی بە كۆبونەوەكە دەربڕیوەو رایگەیاندوە، بە ئەجێندای پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەكاندا هاتومەتە تاران و ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ بەرهەمدارانەی كە هەمان بون، ببنە مایەی پەیوەندییەكی بەهێزتر لەهەمو كات لەنێوان سعودیە وئێران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×