مۆرگان ئۆرتاگوس، جێگری نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بە ئارامیەوە دۆخی سوریا هەڵدەسەنگێنێت و چاوەڕوانیەكانیشی لە ڕژێمی ئەحمەد شەرع ڕونە كە نایەوێت ئێران بگەڕێتەوە و داعش سەر هەڵبداتەوە. دەشڵێت، "لەسوریا بەرژەوەندیمان هەیە و دو هاوڕێی ئازیزمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتۆ، توركیا، سعودیە، ئیسرائیل و هاوپەیمانی دیكە هەن كە بەرژەوەندییەکی گەورەیان هەیە بۆ بینینی دەرئەنجامێک لە سوریا".
ئاوێنە: مۆرگان ئۆرتاگوس، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز-عەرەبی ڕایگەیاند، ئەمریكا لە داڕشتنەوەی سیاسەتەكانی بەرامبەر سوریا هەندێك هەنگاوی خاوی ناوە و بە ئارامیەوە دۆخەكە هەڵدەسەنگێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوانیەكانی ئەمریكا لە ڕژێمەكە ئەحمەد شەرع ڕونە و واشنتن بەرژەوەندییەکی ڕونی هەیە لە نەگەڕانەوەی ئێران بۆ سوریا و دڵنیابون لەوەی کە داعش ناتوانێت خۆی پێکبهێنێتەوە و هەڕەشە لە ئەمریکا، ئەوروپا یان هەر لایەنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات".
ئەو بەپرسەی ئەمریكا لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی سوریاوە وتی، "ئێمە لەوێ بەرژەوەندیمان هەیە. دو هاوڕێی ئازیزمان هەیە. هەروەها هاوپەیمانی ناتۆمان هەیە، تورکیا، هاوپەیمانی دیکەمان هەیە، ئیسرائیل، بێگومان هاوبەشی نزیکمان لەگەڵ سعودیە هەیە. هەمو ئەم وڵاتانە بە لوبنانەوەشەوە، بەرژەوەندییەکی گەورەیان هەیە بۆ بینینی دەرئەنجامێک لە سوریا".
سەبارەت بە پرسی سنوری لوبنان و سوریا و پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییە، ئۆرتاگۆس وتی، "ئێمە لە نزیکەوە گرنگی بەو سنورە دەدەین، چونکە نامانەوێت قاچاخی داهاتی نەوت بۆ حزبوڵا لە لوبنان دەستپێبکاتەوە، دیارە ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین، وە تێدەگەین کە ئەمە کات و هەوڵێکی زۆری دەوێت و بۆ ئەم بابەتە ئێمە گفتوگۆی زۆر لەگەڵ حکومەتی لوبنان دەکەین".