رەجەب تەیب، ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاو سەرۆكی ئاكپارتی رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە پێشوازی لە وەفدی دەم پارتی دەكەم.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا وتەیەكی پێشكەش كرد.
ئەردۆغان وتی ''بەردەوام دەبین لەسەر بونیادنانەوە و ژیانەوەی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننییەوە. ئەوە بابەتێکە کە شایستەی ئاکپارتی و هاوپەیمانی جمهوورە".
سەبارەت بە دیداری لەگەڵ وەفدی دەم پارتی، ئەردۆغان رایگەیاند: ''سبەی پێشوازی لە وەفدی دەم پارتی دەکەین و هەم لەگەڵیان کۆدەبینەوە هەمیش ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر پشتڕاست دەکەینەوە''.
وتیشی"هاوشێوەی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، پرسی زۆر گرنگمان لەبارەی داهاتوی وڵات هەیە. وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، ئەم پرۆسەیەی کە بە وردی و ئارامییەوە بەڕێوەی دەبەین، پەنا بەخوا بە خێری وڵاتەکەمان بە ئەنجامی دەگەیەنین."