بڕیارە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سبەی یەکشەممە سەدانی واشنتن بكات، لە دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا باس لە باجی گومرگی، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، هەڕەشەی ئێران و شەڕی دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەن.
ئاوێنە: نوسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سبەی یەکشەممە سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمریكا دەکات، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشت.
بەگوێرەی پێگەی ئاکسیۆس، "لە کۆبونەوەکەدا هەردو سەرۆك باس لە باجی گومرگی، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، هەڕەشەی ئێران و شەڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەن، کە نەتانیاهۆی بە تاوانی جەنگ لە ناوچەی فەلەستین تۆمەتبار کردوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو سەردانە نەتەنیاهۆ دەکاتە یەکەم سەرکردەی بیانی کە ڕوبەڕوی سەرۆکی ئەمریکا دەبێتەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنێک بۆ نەهێشتنی باجی گومرگی .
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردوەتەوە، نەتەنیاهۆ لە هەوڵی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە بژاردەی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەگەری شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتۆن و تاران لە ڕادەبەدەر کەمە.
ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە بەمنزیکانە نەتەنیاهۆ سەردانی کۆشکی سپی بکات، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە نەتەنیاهۆ داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە پرسی گومرگی سوک بکات، سەرۆکی ئەمەریکاش وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت "با کۆببینەوە و باسی ئەم بابەتە بکەین".