دوای ئەوەی سێیەمین کۆنفرانسی باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی بەڕێوەچوو، سەبارەت بەدیاریکردنی رێکخەرێک بۆ بزوتنەوەکەو ئەگەری ئەوەی (چیا نەوشیروان مستەفا) ببێتو هۆکاری بوونی ناوی (محەمەد تۆفیق رەحیم) لەلیستەکەدا، ئاوێنە زانیاری نەبیستراو دەخاتە روو.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێیەمین کۆنفرانسی باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی بزوتنەوەکە لەلیستێکدا ٦٧ ئەندامی راگەیاند کە تیایدا ١٢ ئەندامیان تەواوکارین (یەدەگ) و لەژمارە یەک ناوی (محەمەد تۆفیق رەحیم) ئاماژە پێدرابوو، ئاوێنە لەبارەی بوونی ئەو ناوە لەلیستەکەداو رەتکردنەوەی لەلایەن ناوبراوەوە وەڵامە راستەکە چییە؟ د. هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بەئاوێنەی راگەیاند "کاک محەمەد تۆفیق رەحیم کەسێکی بەئەزموونە لەکوردستاندا یەکێکە لەو کەسانەی لەحەفتاکانی سەدەی رابردوودا لەدەرەوە خوێندوویەتی، سەرکردەی کەم هەبووە لەو قۆناغە لە شۆڕشی کوردستان لەناو کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی بەو ئاستە، من راستەوخۆ کارمکردووە لەگەڵی لەرێکخەری ژووری دۆیبلۆماسی ئەزمونێکی زۆر زۆرمان لێوەرگرتووە، ئەوەی ناوەکەی لەلیستەکەدا چۆن دانراوە بەراستی من وردەکاری نازانم چونکە ئەرکەکانی من جیاواز بوون لەلیژنەی باڵاکە".
ناوبراو زیاتر ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "تێگەیشتنی من وایە هاوڕێیان خوێندنەوەیان بۆ هەموو ئەو هاوڕێ بەڕێزانە کردووە کە پێویستن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و ماندووبوون و دەتوانن ئەو بۆشاییە فکری سیاسییەی کە لەناو بزووتنەوەکە دروستبووە پڕ بکەنەوە، ئەگەر لەخۆیان رابینی بێت کاندیدی بکەن، بەڵام بێگومان مافی خۆیەتی بڵێت؛ ناتوانم ئەو ئەرکە بگرمە ئەستۆ، چونکە لەناو دەستوری گۆڕان کارکردن خۆبەخشانەیە".
هۆشیار عومەر جەختیکردەوە "تێگەیشتنی من وایە تەنیا لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە ئیعتیباری بۆ دانراوە لەو رۆڵەی کە هەیبووە لەگۆڕان".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو لیستەی کە راگەیەندراوە ناوەکان جێگیرنەکراون؟ ناوبراو رونیکردەوە "ژمارەی تەواوکارەکان بۆ ئەوە دانراوە".
هەروەها پەیامنێری ئاوێنە دەشپرسێت ئایا دەتوانین بڵێین عەمەتۆفیقیش یەدەگە؟ ئەو وتی "نەخێر، کاک محەمەد دانرابوو بەڵام خۆی کە داوایکردووە لەئەنداماندا نەبێت ئەوە مافێکی یاسایی خۆیەتی، رێز لەبڕیارەکەشی دەگرین".
پەیوەست بەوەی ئایا لەدوای ئەو لێدوانەی جەنابیان گۆڕان ئەندامبوونی ئازادکرد؟ یاخود پێشتر ئەو وەڵامەتان لێوەرگرتبوو؟ رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گۆڕان رایگەیاند "ئەرکی من جیاواز بوو من لەسەر سەرۆکی لیژنەی دەستوری ناوخۆیی بووم لەلیژنە باڵاکەدا، تەفاسیلی ئەوەم لانییە کە ئایا پێشتر پێی وتراوە یان نا. بەڵام دیارە وەکو خۆی ئەوەی دەیڵێت رەزامەندی وەرنەگیراوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا بزووتنەوەکە ناوی رێکخەری گۆڕانی دیاریکردووە؟ ئایا چیا نەوشیروان دەبێت؟ هۆشیار عومەر وتی "سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی ئەمڕۆ پلەیەک بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە کۆمسیۆن بۆ بزووتنەوەی گۆڕانی داناوە، لەپەسەندکردنی بەرنامەی سیاسی دەستوری ناوخۆیی و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی کە سەرکردایەتییە لەپارتە سیاسییەکانی تردا، ئەنجامدرابوو، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بەئەندامان و ئەوانەشی کە تەواوکارن هەڵبژێردراون لەناو ئەوانەدا خانەو رێکخەر هەڵدەبێژردرێت، هەربۆیە کاک چیا خۆی کاندید نەکردووە بۆ جڤات".
وتیشی "لەئێستادا روون نییە، بەڵام بەپێی دەستوری ناوخۆی ئێمە ئەوەی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بۆ گۆڕانکارییەکانی کە کۆمسیۆن داوای لێکردووین بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکان ئەنجامی بدەین هەموو ئەندامەکان مافیان هەیە بۆ رێکخەرو خانەی راپەڕاندن خۆیان کاندید بکەن، لەرابردوودا هەڵسوڕاوی دیارو ئەندامانی جڤاتیشی دەگرتەوە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی کە کراوە لەو ژمارەیە قەتیس بێت".
لەسەر ژمارەی ئەندامانیش، هۆشیار عومەر دەڵێت "ژمارەی ئەندامانی جڤات بەپێی ئۆرگانەکان دیاریکراوە ٥٣ ئەندامە، بەڵام ژمارەی یەدەگەکان دڵنیا نیم پێموایە یەک لەسەر سێی ئەوانەیە کە ئەندامن".