پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، هێزەكانیان تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە سەدان ئافرەتی بەناوی دامەزراندنەوە فریوداون و بەوتەی خۆی لەساڵی 2019ەوە خەركی ئەو كارەیە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر کەسێکیان دەستگیرکرد کە لە ڕێگەی پەیجەکانەوە ڕیکلامی بۆخۆی کردوە گوایه ئافرەت دادەمەزرێنێ وەک سکرتێری پزیشک و یاریدەدەری دەرمانساز بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایەکی لە تەندروستیدا هەبێ یاخود ڕاسپێردرابێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ڕیکلامەکاندا ژمارە مۆبایلی خۆی داناوەو دواتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەدان ئافرەتی فریوداون و داوای وێنە و زانیاری کەسی لێکردون.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەوتەی خۆی لە ساڵی 2019 تا ئێستا خەریکی ئەو کارەیەو وێنەی کەسانی تری بۆ ئافرەتان ناردوەو پێی وتون ئەوە خۆیەتی بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت.
پۆلیس وتوشیەتی، دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەشی ئاشکرابو سەدان وێنەی ئافرەتانی تێدایە، تۆمەتبار تۆڕەکانی سناپ و ڤایبەر و واتسئاپی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەکارهێناوە و جگە لەوێنە و زانیاری کەسی داوای پارەشی لێکردون.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، پاش ئەوەی لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیرکراوە کە دانیشتوی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینە.