فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هەوڵی دەستپێکردنی شەڕ نادەن، بەڵام "ئەگەر هەڵبگیرسێت ئامادەین بۆ روبەڕوبونەوە".
ئاوێنە: ئاژانسی ئێرنا بڵاویکردەوە، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە "ساڵی ڕابردوو (ئێرانی) (کۆتایی هات لە 20ـی ئازار) ساڵێکی پڕ تەحەدای و ئەوپەڕی سەخت بووە، کە تێیدا "هەموو هێزەکانی کوفر لەدژی بەرەی ئیسلام ڕیزیان گرت و هەموو وزە ئەگەرییەکانی خۆیان لە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەدا کۆکردەوە".
لەبارەی گیان لەدەستدانی چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لەوان مەیجر زاهیدی، مەیجر جەنەراڵ حاج ڕەحیمی و هاوکارەکانیان لە هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، ناوبراو دەشڵێت "دوابەدوای ئەم ڕووداوە لە پرۆسەی بڕیاردان و خۆئامادەکردندا بووین بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمنێک کە دەستڕاگەیشتنێکی جیهانی هەبێت".
سەلامی وتیشی "هیچ ترسێکمان نییه و بەهیچ شێوەیەک لەشەر ناترسین، بەڵام یەکەم کەس نابین بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام بەتەواوی ئامادەکاریمان کردووە بۆهەر ئەگەرێکی جەنگ".
ئەو فەرماندەیە باسی لەوەشکردووە، ئەوان بەتەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر شەڕێکی دەرونی و سەربازی کە لەلایەن دوژمنەوە دەستپێبکات".
"ئێران توانای گەیشتن بە دوژمنەکەی هەیە، چونکە دەسەڵاتێکی گەورەمان کەڵەکە کردووە، ئەگەر دوژمنیش بیەوێت بەلابردنی کۆت و بەندەکان لە دەستمان، ڕاستییەکانی هێزی ئێمە ببینێت، ئەوا ئێمە بە تەواوی ئامادەکارمان کردووە". حسێن سەلامی وای وت
پێشتریش مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەیەوێت لە ئاستێکی یەکساندا لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ بکات، نەک لەلایەکەوە هەڕەشەی لێ بکرێت و لەلایەکی دیکەوە داوای دانوستان بکرێت.