هەواڵی ناخۆش بۆ مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئاشکراکرا
  2025-04-05       1307       

سەرەڕاى ئەوەى زۆربەى مووچەخۆران و خانەنشینانى هەرێم موچەکانیان هاوتاى بەغدا کراوە، بەڵام ئەمساڵیش مووچەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوتاى بەغدا ناکرێت، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی کار "تەیف سامى ناڕازییە".

ئاوێنە: ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى هاوتاکردنى مووچەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى هەرێم بەمیدیاکانی راگەیاند "لە بەغداش مووچەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیادنەکراوە، راستە یاساکە دەرچووە بۆ زیادکردنى مووچەکانیان، بەڵام نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

وتیشی "وەزیرى دارایى عێراق، ئامادەنییە تەرخانى داراییان بۆ بکات، چونکە دەڵێت؛ یاساکە بەبێ پرسکردن بە وەزارەتى دارایى دەرکراوە، پێویست بوو یاساکە پێش پەسەندکردنى تەرخانکردنى دارایى بۆ کرابا و رەزامەندى وەزارەتى دارایى عێراق وەربگیرایە".

وتەبێژى وەزارەتى کار جەختدەکاتەوە لەوەی، کە ئەمساڵیش مووچەى کەمئەندامانى هەرێم هاوتاى بەغدا ناکرێت، چونکە "لە بودجەى ٢٠٢٥ تەرخانى دارایى بۆ نەکراوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژى ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای خاوەن پێداویستی تایبەتەکان مووچەکەیان لە ١٧٠ هەزار دینارەوە بوو بە ٢٥٠ هەزار دینار، بەڵام وا ساڵێک تێدەپەڕێت، تائێستا نەخراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

جێی ئاماژەشە، لە بەغدا مووچەى کەمئەندامان لە ١٢٥ هەزارەوە دەستپێدەکات، زۆرترین مووچە ١٧٥ هەزارە، بەڵام لە هەرێم ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەى مووچەى فەرمانبەریان هەیە ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانەشى مووچەیان نییە، ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرن.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×