دوای 8 ساڵ، پارتی بارەگای مەکتەبی رێکخستنی لە كەركوك كردەوە
  2025-04-05       305       

پارتی دیموکراتی کوردستان دوای هەشت ساڵ لە داخستنی بارەگاکانی، ئەمڕۆ شەممە بارەگای مەکتەبی رێکخستنی كەركوك ـ گەرمیانی لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک کردەوە و هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەكتەبەكە ده‌ڵێت: "نابینه‌ سه‌رئێشە بۆ هیچ لایەنێكی تر‌".

ئاوێنە: رێوڕەسمی كردنەوەی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك-گەرمیانی پارتی بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە بەڕێوەچو.

فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێوره‌سمەكەدا وتەیەكی پێشكەش كردو وتی: "ئێمه‌ نه‌هاتوینه‌ته‌ كه‌ركوك، به‌ڵكو ئێمه‌ هه‌ر له‌ كه‌ركوك بوین و له‌كه‌ركوكیش ده‌بین".

فازڵ‌ میرانی‌ وتیشی‌: مەسعود بارزانی و پارتی هه‌میشه‌ ئامانجیان پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی و پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بوه‌، هه‌روه‌ها له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش، پێكهاته‌كانی كه‌ركوك داوایان له‌ مه‌سعود بارزانی كرد، پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوك بپاریزێت، تاوه‌كو موسڵی لێ نه‌یه‌ت.

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به‌ به‌هێز ده‌زانن له‌سه‌ر خاڵی لاوازی كورده‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نه‌بونه‌ كه‌ نكۆڵی له‌ده‌ستور و پێكه‌وه‌ژیان و په‌یمانه‌كان بكه‌ن، كه‌ خۆیان به‌وشێوه‌یه‌ ده‌بینن ته‌حه‌كوم به‌  موچه‌ و دابه‌شكردنی خۆراكی هاوڵاتیان بكه‌ن".

فازڵ میرانی ئەوەشی خستەڕو"ده‌بێت هه‌مومان به‌خۆماندا بچینه‌وه‌، كه‌ بۆچی مافمان خوراوه‌؟ یان بۆچی سه‌ركه‌وتوین؟ بۆیه‌ ئه‌بێت له‌ هۆیه‌كان بكۆڵینه‌وه‌ نه‌ك له‌ده‌رئه‌نجامه‌كان، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان به‌ده‌رئه‌نجامه‌كان سه‌رقاڵ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها هۆیه‌كان و بیركردنه‌وه‌كان وه‌لا ده‌نێین".

هەروەها وتیشی"پارتی سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێداوچونه‌وه‌ به‌خۆدا بكرێت، چونكه‌ پێویسته‌ بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵویستی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی كوردستانی و په‌له‌كردن له‌ دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی نكۆڵیان كردوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانییه‌كه‌".

هەر لە رێوڕەسمەكەدا، هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك-گەرمیانی پارتی وتی: ئێمە لەپارتی وەك هەمیشە دەرك بە هەستیاری دۆخی ناوچەكە و جیهان دەكەین، بۆیە وەك بەرپرسیارێتی سەرشانمان بۆ گەلی كورد و بۆ گەلی عێراق بڕیارماندا كە بارەگاكەمان لە كەركوك لەدوای هەشت ساڵ دابڕان بكەینەوە، بۆیە ئێستا لەهەموكات زیاتر یەكڕیزی گەلی كورد پێویستە بۆ كەركوك.

وتیشی‌: "كردنەوەی بارەگاكەی ئێمە لە كەركوك نابێتە سەرئێشە بۆ هیچ لایەنێكی دیكە، بەڵكو دەمانەوێت ببینە هەوێنی یەكڕیزی لەنێوان لایەنە كوردییەكان و لایەنەكانی دیكەی كەركوك".

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە هاتوینەتەوە بۆ كەركوك بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان بكەین، دەمانەوێت دەستلەناودەست كورد عەرەب و توركمان و پێكهاتەكانی دیكە خزمەتی وڵات و شاری خۆرمان بكەین، بۆ ئەوەش داوا لە ڕێكخستەكانی پارتی دەكەم كە بۆ لەمەودوا شار بەشار دەكەوینە ناو جەماوەی خۆمان و بەشداری خۆشی و ناخۆشییەكانی كەركوكییەكان دەبین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×