کامپینی ئازادیی وریشە مورادی ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندرووستیی وریشە مورادی ناجێگیرە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندانەکە ڕەتکراوەتەوە.
ئاوێنە: کامپینی ئازادیی وریشە مورادی سەبارەت بە بارودۆخی وریشە مورادی لە زیندانی ئەوین ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، وریشە مورادی زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوین بارودۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە و لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وریشە مورادی تووشی ئازاری پشت و مڵی بووە و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندانەکە ڕەتکراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، وریشە مورادی لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران، لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.