نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا: ئامانج لە نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی، هەڕەشە نەبوە
  2025-03-22       323       

ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئمانج لە نامەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەشەڕە نەبوە، سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت لەڕێگەی دروستكردنی متمانە لەگەڵ ئێران، خۆی بەدوربگرێت لە شەڕی سەربازی.

ئاوێنە ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوس تەكەر كارڵسن كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكراوەتەوە، وتی، نامەكەی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ ئێران، ئامانج لێی هەڕەشە نەبوە.

ویتكۆف داكۆكی لە هەوڵەكانی سەرۆكی ئەمریكا كردو وتیشی، ترەمپ لەڕوی سەربازییەوە باڵادەستە، زۆر ئاساییە گوشار لە  ئێرانییەكان بكرێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی. وتیشی، ترەمپ ئەو كارە دەكات.

نوێنەرەكەی ترەمپ وتیشی، لە نامەكەدا هاتوە، "من سەرۆكی ئاشتیم. ئەمە ئەو شتەیە دەمەوێت، هیچ هۆكارێك نییە وامان لێبكات ئەو كارە بەشێوەی سەربازیی ئەنجام بدەین. دەبێت گفتوگۆ بكەین."

بەقسەی ویتكۆف، ترەمپ لە نامەكەیدا هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "دەبێت بەرنامەیەكی دەرخستنی راستیمان هەبێت بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نیگەران نەبێت لەبارەی دروستكردنی چەك لە كەرەستە ئەتۆمییەكەتان...چونكە بەدیلی ئەمە، بەدیلێكی زۆر باش نییە."

نوێنەرەكەی ترەمپ ئاشكراشیكردوە، دانوستانەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران لەڕێگەی كۆمەڵێك دەوڵەت و كەناڵەكانی پشتەوە، بەردەوامن.

جەختیشی كردۆتەوە كە ترەمپ "كراوەیە بەرامبەر دەرفەتی چارەسەركردنی هەمو شتێك لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو جیهان و سەرلەنوێ ببنەوە بە نەتەوەیەكی مەزن... ئەو دەیەوێت متمانە لەگەڵ ئێرانییەكان دروست بكات."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی چوارشەممەی رابردو پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی، لە زاری پەرسێكی ئەمریكی و دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی "توند بوە" و ترەمپ لەنامەكەدا وتویەتی، دانوستانی كراوەی ناوێت و مۆڵەتی دو مانگی بە تاران داوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

رۆژی پێنجشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی، زیاتر هەڕەشەی لەخۆگرتوە تاوەكو دەرفەت بۆ دانوستان. وتیشی، هەردو دیوی  نامەكە لە هەڕەشەو دەرەفەت لەبەرچاو دەگرن و لە چەند رۆژی داهاتودا وەڵامی دەدەنەوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×